زەكاتی سێ‌ ملیاردێری كوردستان 60 ملیۆن دۆلارە

0
202

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران: ئەگەر سەرمایەداران نیوەی زەكاتیشیان بدەن دەكاتە 150 ملیۆن دۆلار
گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران: ئەگەر سەرمایەداران نیوەی زەكاتیشیان بدەن دەكاتە 150 ملیۆن دۆلار

رووداو- هەولێر

لەو چەند ملیاردێرەی لە هەرێمی كوردستان هەن، تەنیا سێ‌ ملیاردێر بە تەواوی زەكاتەكانیان دەدەن. گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان زەكاتی سەرمایەداران بە 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێ‌.

زەكات یەكێكە لە پێنج بنەماكەی ئیسلام، بەپێی دەقەكانی قورئان لەسەر ئەو كەسانە واجبە كە توانای داراییان هەیە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سامان و دارایی، دەبێ‌ 2.5%ی سامانەكە ببەخشێتە هەژاران.

لە هەرێمی كوردستان و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی سندوقی زەكات نییە و پارەی زەكات و سەرفیترە بە هەڕەمەكی دەدرێت. بەگوتەی عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانیی زانایانی ئیسلام، زەكاتی ساڵانەی جیهانی ئیسلامی نزیكەی 400 ملیار دۆلار دەبێ‌.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف بە (رووداو)ی راگەیاند، لە ساڵی 2008 پرۆژەی دانانی سندوقی زەكاتیان داوەتە لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرۆژەكە بدەن و دەوڵەمەندی بكەن، پاشان لە ساڵی 2010 پرۆژەكەیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە بنێردرێ‌ بۆ پەرلەمان.

بە گوتەی مەریوان نەقشبەندی، ئەوكاتەی ئەوان پرۆژەكەیان ئامادە كردووە، زەكاتی ساڵانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار بووە كە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و ناڕێكخراو دراوە.

سیراج خەیلانی، سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایە بە (رووداو)ی راگەیاند :”پرۆژەكە گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، چونكە دەمانزانی دروستكردنی سندوقێكی زەكات ئاسان نییە”.

هەفتەی رابردوو عەلی قەرەداخی، ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی ئیسلام لە شاری سلێمانی سندوقی زەكاتی راگەیاند، بەڵام مەریوان نەقشبەندی رەخنە لەو هەنگاوە دەگرێت و دەڵێ‌: “ئەوان ئازادن وەكو رێكخراوێك پارە كۆبكەنەوە، بەڵام هەنگاوەكەیان بەبێ‌ راوێژ بووە و ئێمە رێگا نادەین مینبەری مزگەوت و دەزگاكانی حكومەت بۆ كۆكردنەوەی زەكات بەكاربهێنن”.

عومەر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی سندوقی زەكات سەبارەت بە دانانی ئەو سندوقە گوتی “بۆشاییەك لە بواری كۆكردنەوەی زەكات و دابەشكردنی هەیە، رابیتەی ئیسلامی دەستپێشخەری بۆ دامەزراندنی ئەو سندوقە كرد كە هاوكارێكی باشی حكومەت دەبێ‌ بۆ كەمكردنەوەی هەژاری و كەمدەرامەتی، بە تایبەتی لەم قەیرانە داراییەدا”.

عومەر عەلی گوتی، لیژنەیەكی باڵا لە زانایان و خێرخوازان دروستكراوە بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوە و دابەشكردنی زەكاتەكە. داواش لە وەزارەتی ئەوقاف كراوە نوێنەری خۆیان بنێرن یان لە هەر شوێنیك ویستیان چاودێری و لێكۆڵینەوە بكەن، ئازادن. لە كۆتایی مانگی رەمەزانیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا وردەكاریی كۆكردنەوە و دابەشكردنەكە بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو.

لەدوای ساڵی 2003 رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی رۆیشت، پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەستیان پێكرد و پیشەسازی نەوت لە كوردستان گەشەی كرد، بەمەش ژمارەی سەرمایەداران زیادی كرد، بەڵام بەگوتەی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر سەرمایەدار خۆیان لە دانی زەكات دەدزنەوە.

یاسین مەحموود، گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: “سێ‌ ملیاردێر و دەیان ملیۆنێر لە هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام وەكو پێویست ئەركی شەرعیی خۆیان جێبەجێ ناكەن بەداخەوە، بە پلەی یەكەم دەوڵەمەندەكانی هەولێر زەكات دەدەن، پاشان دەوڵەمەندەكانی دهۆك ئینجا سلێمانی”. 

گوتیشی: “ئەگەر دەوڵەمەندەكانی هەرێمی كوردستان نیوەی زەكاتەكانیان بدەن، ئەمساڵ 150 ملیۆن دۆلار كۆدەكرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سندوقێكی تایبەت وەكو پێویست سوود لەو زەكاتە وەرناگیرێت”.

گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت چەندین سەرمایەدار بەپێی پێوەرە شەرعییەكان هەموو ساڵێك زەكات دەدەن “دەوڵەمەند و سەرمایەداری زۆر لە كوردستان هەن، ساڵانە زەكات وەكو خۆیان دەدەن، بەڵام سێ‌ سەرمایەداری باشووری كوردستان كە سەرمایەكەیان لە ملیارێك دۆلار زیاترە، ساڵانە لە هەر ملیار دۆلارێك 20 ملیۆن دۆلار زەكات دەدەن، ئەوانیش لە هەولێر ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەنی كۆمپانیای ماس، لە سلێمانی كۆمپانیای قەیوان و لە دهۆكیش كاك حاجی مەشهود خاوەنی گرووپی مازی”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here