سلێمانی کێشەی کەمی دادوەری هەیە و چوار ساڵە کەس دانەمەزرێندراوە

0
31

ساڵی رابردوو زیاتر لە 117 هەزار داوا تۆمارکراون

رووداو – سلێمانی 

لە دادگاکانی سلێمانی سکاڵای خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە و یەکلایی ناکرێنەوە، هۆکارەکەش بۆ کەمی دادوەر دەگەڕێتەوە و تەنیا 69 دادوەر لەو پارێزگایە هەن، بەو پێیەش ھەر 32 ھەزار کەس دادوەرێکی بەردەکەوێت.

مەریوان ئەحمەد، ھاونیشتمانی دەڵێت: “چارەسەری کێشەکانمان زۆر بەزەحمەت دەڕوات، کێشەیەکمان ھەیە لە 2006 تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، ئەی ھاوار نازانم من تاوانبارم، بەرامبەرەکەم تاوانبارە، ئەی ھاوار حکومەت کێشەکانم بۆ چارەسەر بکە”.

کەمی دادوەر و بەرزبوونەوەی ژمارەی داوای تۆمارکراو لە دادگاکان، بووەتە خەمی پارێزەرانیش، چونکە دەڵێن زۆر دۆسێ ھەیە پێویستی بەوەیە زوو یەکلایی بکرێتەوە، لەپێناو زوو کۆتاییھێنان بەو کێشانەی کە مەترسی ھەیە پەلبھاوێت بۆ دەرەوەی دادگاکان.

ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی لە 2019ـدا دوو ملیۆن و 221 ھەزار و 622 کەسە.

ژمارەی دادوەر و فەرمانبەر لە دادگاکانی پارێزگای سلێمانی:

69 دادوەر
102 لێکۆڵەری دادوەریی
832 فەرمانبەر

مامەڵەی دادگاکانی سلێمانی لە ساڵی 2018 دا

داوای تۆمارکراو 117 ھەزار و 70 
داوای یەکلابووەوە 82 ھەزار و 758 
مامەڵەی ئەنجامدراو 33 ھەزار و 465

دادوەر عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: “ماوەی چوار ساڵە نەتوانراوە کەس لە دادگاکان دابمەزرێنرێت، ئەوە بووەتە ھۆکاری کەڵەکەبوونی داواکان و دواخستنی داواکان”.

جگە لە کەمی دادوەر لە داگاکانی سلێمانی، کەمی فەرمانبەر و نەبوونی باڵەخانەی پێویست ئەو گرفتانەن کە دادگای سلێمانی داوای دەکات کە لەکاتی دامەزراندنی دادوەری پێویستدا دەبێت چارەسەر بکرێن.

پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here