سوودانییەکان بە دەستلەکارکێشانەوەی بن عەوف خۆشحاڵن

0
163

رۆژی هەینی عەوەز بن عەوف، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دەستی لەکارکێشایەوە
رۆژی هەینی عەوەز بن عەوف، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دەستی لەکارکێشایەوە

رووداو-هەولێر

هەزاران کەس لە خۆپیشاندەرانی سوودانی و دانیشتووانی خەرتوومی پایتەختی سوودان لەسەر شەقامەکان خۆشحاڵیی خۆیانیان نیشاندا بەرامبەر بە دەستلەکارکێشانەوەی عەوەز بن عەوف، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی لە پۆستەکەی. گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودانیش دەڵێن، دەبێت دەسەڵات رادەستی حکومەتێکی سڤیل بکرێت.

دوای لەسەکارلادان و دەستگیرکردنی عومەر بەشیری سەرۆکی سوودان، بن عەوف وەک سەرکردەی دیفاکتۆی وڵات خۆی ناساند کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنێکی سەربازیی راگوزەر دەکات بۆ ماوەی 2 ساڵ. 

لەگەڵ ئەوەدا خۆپیشاندەرانی سوودان دژ بە بەشیر ناڕەزاییان دەردەبڕی و داوای لەکارلاچوونیان دەکرد، بەڵام دوای لەکارلادانیشی دژ بە ئەنجوومەنە سەربازییەکە خۆپیشاندانیان کرد و رایانگەیاند ئەوان حکومەتێكی مەدەنیان دەوێت نەک ئەنجوومەنێکی سەربازی.


رۆژی هەینی عەوەز بن عەوف، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند، واز لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی سوودان دەهێنم. عەوەز بن عەوف لەبارەی جێگرەوەیەک بۆ پۆستەکەی گوتی “عەبدولفەتاح بورهان وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دادەنرێت”.

سوودانییەکان کە بۆ زیاتر لە چوار مانگ خۆپیشاندانیان دژی دەسەڵاتی عومەر بەشیر ئەنجامدا دەڵێن، بەهیچ شێوەیەک رازی نابن دەسەڵات لەژێر دەستی ئەنجوومەنی سەربازییدا بێت، چونکە ئەو ئەنجوومەنە دەیەوێت شێوازێکی نوێی دەسەڵاتی بەشیر زیندوو بکاتەوە.

خۆپیشاندەرانی سوودان: دەسەڵات رادەستی حکومەتێکی سڤیل بکرێت


گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان کە رابەرایەتی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە دەکەن، رایانگەیاند: تاوەکو دەسەڵات رادەستی حکومەتێكی سیڤیل نەکرێت، واز لە خۆپیشاندانەکانمان ناهێنین.

لە نوێترین راگەیێندراویدا لە توویتەر، گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان رایگەیاند: تاوەکو دەسەڵاتی سیاسی رادەستی حکومەتێكی سیڤیل نەکرێت و سەرجەم کەسایەتییەکانی دەسەڵات دوورنەخرێنەوە، ئەوا دەست لە خۆپیشاندانەکانی بەردەم بارەگای هێزەکانی سوپای وڵات ناهێنین، راشیگەیاند: دەبێت تەواوی  سیستەمی سیاسی بە هەموو پێکهاتە و سیمبوولە گەندەڵکارەکانی هەرەسیان پێبهێنرێت تاوەکو کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنرێت.

گردبوونەوەی پیشەوەرانی سوودان هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕیارانە دەکات کە لەلایەن ئەنجوومەنی سەربازییەوە دەرکراون و هەروەها داوای دەستبەسەراگرتنی بەرپرسانی حکومەت دەکات تاوەکو دادگایی بکرێن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here