سێ منداڵ و باوکێک لە سلێمانی ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن

0
99

کەم کەس لە سلێمانی هەیە ناوی موبارەک شەریفی نەبیستبێت

رووداو-سلێمانی 

سێ مناڵ و باوکێک لە سلێمانی ژیانێکی زۆر نالەبار و قورسیان هەیە، لە کەلاوەیەکدا دەژین بە ناچاری نەبێ شوێنی ژیان نییە. 

موبارەک شەریف، باوکی منداڵەکان لەڕووی دەروونییەوە ماندووە، نە ئیشی هەیە و نە کەسابەت، لەناو کۆمەڵگەیکیشدایە رۆژانە وەک خۆی دەڵێ گاڵتەی پێ دەکەن، بۆ پێکەنین و کاتبەسەر بردن سووکایەتی پیدەکەن. 

دایکی منداڵەکان سێ مانگ و نیوە رۆیشتووە ماڵ و منداڵی جێهێشتووە، دەڵێن لەبەر نەبوونی و گوشاری ئەو ژیانەی هەیانە ئیتر سەبری نەماوە. ئیستا ئەرکی قورسی مندالەکان لە سەر کچە گەورەکەیانە تەمەنی 14 ساڵە، رۆشنا داوای هاوکاریی لە هەرکەس دەکات کە ویژدان و ئینسانیەتی تێدایە، دەڵێ لە قوتابخانەش وازم هێنا هیچ کەس هاوڕێیەتیم ناکات، تەنیا کچێکی برادەرم لە مەکتەب هەبوو ئەویشیان لێ دوورخستمەوە پێم دەڵێن کچی مووبارەکە شێتی. 

موبارەک شەریف ئەو پیاوەی کەم کەس هەیە لە سلێمانی ناوی نەبیستبێت و نەیناسێت. ئەو پیاوەی لەگەڵ ئەحمەد کوڕەداوێ ناسناوی فەرماندەیان لەخۆیان ناوە و هەر بەو ناوەش خەڵک دەیانناسێت.

ئەو کە بووەتە مایەی دڵخۆشی و پێکەنین بۆ زۆر کەس بەڵام خۆی لە حاڵ و گوزەرانێکی ئەوەندە خراپدایە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی خێرا هەیە. موبارەک و سێ منداڵەکەی لە ماڵێکی یەک ژووریدا دەژین، بەڵام ژیانێک کە ئاستەمە جگە لەمان کەس هەبێت پێی قایلبێت.

موبارەک شەریف دەڵێت: “ژیانمان زۆر ناخۆشە ئەوەی خەڵک نەمداتێ نیمانە بیخۆین، نە معاشێکم هەیە نە ئیشم هەیە و نە دینارێکم پێیە، هیچم نییە، خانووەکەمان زۆر خراپە و دڵۆپە دەکات خەریکە ئەڕوخێت بەسەرماندا، خۆشم شەکرەمە فشاری خوێنم هەیە جاری وا هەیە کەلەکەم زۆر ئەیەشێت جاری وا هەیە سەرم سووڕ ئەخوات ئەمخات با زەویدا، خەڵک زۆرخراپە لەگەڵمدا، قسەم پێ ئەڵین ئەچمە ناو بازاڕ گاڵتەم پێئەکەن و پێم پێئەکەنن”.

سێ مانگ بەر لە ئێستا هاوژینەکەی بەهۆی خراپی گوزەرانەوە موبارەک و منداڵەکانی جێیهیشتووە، بۆیە کچەکەی لە خوێندن دادەبڕێت و ئێستا بوەەتە بەخێوکەری برا دوو ساڵانەکەی.

رۆشنا مووبارەک، کچی موبارەک شەریف دەڵێت: “بە دایکم ئەڵێم وەرەوە ئێمەش گوناحین، سێ مانگ و نیوە رۆشتووە بەسە ئیتر 
تاکەی، مامەکانم بە باوکم ئەڵێن تەڵاقی بە بەڵام کچی مامم ئەڵێت هەر دایکی خۆتان باشترە”.

رۆشنا هەرچەندە هێشتا لە سەرەتای ژیانیدایە بەڵام دڵێکی هەیە پڕ لە خەم، لەلایەک خەمی حاڵ و گوزەرانیان و لەلایەکیش کە دەبینێت لەبەر تانە و تەشەر کەس ئامادە نییە هاوڕێشی بێت.

رۆشنا بە دەم گریانەوە دەڵێت: “پێم ئەڵێن کچی موبارەکی لێی ئەترسن ئەڵێن باوکت شێتە، لەمەکتەب رەفیقەکانم وام پێ ئەڵێن، هاوڕێیەکم هەبوو لە خوێندنگا ئەویشیان لێ کردم”.

موبارەک لەناو خەڵکدا هەمیشە رووخۆش و دەم بە خەندە دەبینرێت بۆیە زۆرجار هەر خەڵکیش دەستی هاوکاری بۆ درێژدەکەن بەڵام کەم کەس ئاگاداری ئەوەیە هەموو پێکەنینێکی لەپێناو دەستکەوتنی بڕێک پارەدایە تاوەکو ژەمە نانێکی بۆ منداڵەکانی پێ دابینبکات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here