سەرکردەکانی یەکێتی سەبارەت بە پۆستی سکرتێری گشتی هاوهەڵویستن

0
217

مستەفا چاوڕەش: تا مام جەلال لە ژیاندا مابێ سکرتێری گشتییە

رووداو- سلێمانی

سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پۆستی سکرتێری گشتی و کەسی یەکەمی حیزبەکەیان یەک بۆچوونیان هەیە و دەڵێن “تاوەکو جەلال تاڵەبانی مابێ، کەسی یەکەمی یەکێتی دەبێت”.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سێ کۆنگرەی رابردوویدا جەلال تاڵەبانی بەبێ رکابەر کردووەتەوە بە سکرتێری گشتی بەڵام ئێستا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی بە پێویست نازانرێت بگەڕێتەوە نێو سیاسەت ، ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێت: “هیچ کەسێک نیازی شوێنگرتنەوەی مام جەلالی نییە، بەڵام هەڵبژاردنی سکرتێریش لە کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدرێت”. دەشڵێت: “تاوەکوو مام جەلال لە ژیاندا مابێ، سکرتێری گشتی دەبێت”.

جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەو سەرکردەیەی یەکێتییەکان بە کاریزما ناوی دەبەن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سێ کۆنگرەی رابردوویدا لە ساڵانی 1992، 2001 و 2010 جەلال تاڵەبانی بەبێ رکابەر کردووەتەوە بە سکرتێری گشتی، هەرچەندە ئێستا لەبەر تەندروستی تاڵەبانی ، بە پێویست نازانرێت بگەڕێتەوە بۆ نێو سیاسەت، بەڵام بۆچوونی سەرکردەکانی سەبارەت بە کەسی یەکەمی حیزبەکەیان یەک بۆچوونە. ئەویش ئەوەیە کە تاوەکو تاڵەبانی لە ژیاندا مابێ، کەسی یەکەمی یەکێتی دەبێت.

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بە تەندروستی تاڵەبانی بۆ رووداو دەڵێت: “هەرچەندە پزیشک بواری گفتوگۆکردنی پێنادا، بەڵام تەندروستی مام جەلال بەرەو باشتر دەچێت”.

مستەفا چاوڕەش دەڵێت: “لەدوایین دایدارمدا لەگەڵ تاڵەبانی، بە تەندروستییەکی باشەوە بینیومە و ئەوەش ئێمەی دڵخۆشکردووە”.

سەبارەت بە ئەگەری سازکردنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی و هەڵبژاردنی کەسێک بۆ سکرتێری گشتی، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: “لەنێو یەکێتیدا هیچ کەسێک نیازی شوێنگرتنەوەی مام جەلالی نییە، بەڵام هەڵبژاردنی سکرتێریش لە کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدرێت و وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و وەفا، مام جەلال تاوەکو لەژیاندابێ سکرتێری گشتی دەبێت”.

جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی17-12-2012 لە بەغدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە باری تەندروستی تێکچوو، دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کرا و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، رۆژی شەممە 19-7-2014،گەڕایەوە سلێمانی.

لەدوای دوورکەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و یەکێتی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە، کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی سەریهەڵدا و یەکێتی دابەش بوو بەسەر دووباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و جێگرانی سکرتێری گشتی کە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح-ن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here