سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دەستی لەکارکێشایەوە

0
316

عەوەز بن عەوف: واز لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی سوودان دەهێنم.

رووداو – هەولێر 

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند، واز لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی سوودان دەهێنم.

عەوەز بن عەوف لەبارەی جێگرەوەیەک بۆ پۆستەکەی گوتی “عەبدولفەتاح بورهان وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان دادەنرێت”.

هاوکات، ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان داوای یارمەتی دارایی لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە ئابوورییەی وڵاتی گرتووەتەوە.

عومەر زەین عابدین، سەرۆکی لیژنەی کاروباری سیاسیی ئەنجوومەنی سەربازیی سوودانیش دەڵێت: “هەندێک پێداویستیی سەرەکیمان کەمن و پێویستیمان بە یارمەتی هەیە”.

سوودانییەکان کە بۆ زیاتر لە چوار مانگ خۆپیشاندانیان دژی دەسەڵاتی عومەر بەشیر ئەنجامدا دەڵێن، بەهیچ شێوەیەک رازی نابن دەسەڵات لەژێر دەستی ئەنجوومەنی سەربازییدا بێت، چونکە ئەو ئەنجوومەنە دەیەوێت شێوازێکی نوێی دەسەڵاتی بەشیر زیندوو بکاتەوە.

ئەنجوومەنی سەربازیی سوودان ئەو قسانە بە نادروست ناودەبات و جەخت دەکاتەوە لە پشتگیریکردنی پارتە سیاسییەکان لە پێکهێنانی حکومەتێكی سڤیل.

عومەر زەین عابدین رایگەیاند: “من لێرە ئاماژە بە شتێك دەکەم و دەڵێم پشت بەخودا حکومەت حکومەتێكی تەواو سیڤیل دەبێت. ئێوەی پارتی سیاسی پێکەوە رێکبکەون، ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستووەر نادەینە بابەتەکە و کەسیش دەستنیشان ناکەین. لەسەر مێزی گفتوگۆکردن دابنیشن و پێمان بڵێن: ئەوە لیستی حکومەتەکەی ئێمەیە و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین. ئێمە تەنیا چاودێری دەکەین و دەستوەرنادەین، دوور دەمێنینەوە. ئێمە تەنانەت نە ناومان لایە و نە دەستپێشخەریمان هەیە و نەهیچ شتێكی دیکە، بەڵام هۆشداری دەدەین کە کێشەمان هەن. ئێمە وەزارەتە سیادییەکانمان هەن، وەزیری بەرگری و وەزیری ناوخۆ، ئەنجوومەنی سەربازی بەشداری دەکات لە دەستنیشانکردنییان”.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و بارودۆخی سوودانی تاوتوێکرد.
 
جێگری باڵیۆزی سوودان لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی دڵنیاکردەوە کە لە پێکهێنانی حکومەتی سڤیلی وڵاتەکەیدا هیچ لایەن و هێزێک گۆشەگیر ناکرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت دوو ساڵی راگوزەری سیاسی کورت بکرێتەوە. 

هەرچەندە ژمارەیەک لە وڵاتانی زلهێزی جیهان پێشوازیان لە دوورخستنەوەی عومەر بەشیر لە دەسەڵات کرد، بەڵام ئەو هەنگاوە رەخنەی تووندی یەکێتی ئەفریقیای لێکەوتەوە و بە وەڵامێكی نەگونجاو بۆ خواستەکانی خەڵکی سوودان ناویبرد و داوای هێورکردنەوەی رەوشەکەی کرد.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here