سەعدی پیرە: بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان موفاجەئەمان دەبێت

0
128

کاوە محەممەد: ئەگەر پێویست بکات کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایش

رووداو- هەولێر

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان “موفاجەئەمان” دەبێت، بەبێ ئەوەی ئاشکرای بکات. سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، نەک پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پێویست بکات کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایش.

لەبارەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی گۆڕان بۆ گفتوگۆی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەڤزیۆنی رووداویان کرد. 

“لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە”

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە، بەڵام بەپێی ماددەی 61 ئەگەر 25 پەرلەمانتار بابەتێک بدەنە پەرلەمانی عێراق، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت لێی وردبێتەوە و داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکات.

لەبارەی بۆچوونی یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پێش ئەنجامدانی گشتپرسی، سەعدی پیرە گوتیشی “گشتپرسی بۆ فشار نییە و بۆ سەربەخۆییە. ئەنجامدانی گشتپرسیش پێویستی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە. چونکە ریفراندۆم رەنگە پێویستی بە جوڵاندنی هێز و باری نائاسایی و هەمواری یاسا و چەند پرسێکی دیکەوە هەبێت”.

سەعدی پیرە دەڵێت “لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ پارتی باسمان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کردووە، هەرچەندە پارتی رەتینەکردووەتەوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بەڵام جارێ پەلەیان نییە. وەکو یەکێتی پرۆژەمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەیە و موفاجەئەی تێدا دەبێت، بۆ زەمینەسازیش لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ پێویستە”.

“پێویست بکات کاراکردنەوەی پەرلەمان دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایش”

سەبارەت بە هەوڵی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکات، کاوە محەممەد، سەرۆکی فراکسیۆنەکە دەڵێت “ئێمە نوێنەری خەڵکین، هیوامان ئەوەبوو ئە پرسە چارەسەر بکرایە و نەمانبردایەتە پەرلەمانی عێراق، دەمانەوێت پەرلەمانی عێراق رۆڵ لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ببینێت، بۆیە ئەو پرسەمان بردە پەرلەمانی عێراق”.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دڵنیاییدا کە “ئامانج و مەبەستی سەرەکیمان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە بۆیە ئەو پرسەمان بردە پەرلەمانی عێراق. لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان گوێ لە داواکاری و گرنگی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەنگدەران نەگیراوە، نوێنەری خەڵكین، ئەگەر بۆمان بکرێت پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کورستان دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایش”.

کاوە محەممەد گوتیشی “دەمانەوێت پەرلەمانی کوردستان کارابێت و رۆڵی خۆی ببینێت لەجیاتی ئەوەی حیزبەکان دەسەڵاتیان بەسەر پەرلەمانەوە هەبێت. بۆئەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری چاکسازی تێدا بکرێت و شارێگەی ئەمە و هەموو بوارەکان کاراکردنەوەی پەرلەمانە، بەداخەوە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان هەموو پرۆسەکانی هەرێمی کوردستانی پەکخستووە”. 

پارتی: شەراکەتێکمان لەگەڵ گۆڕان کرد و شکستمان هێنا

لەبارەی هەمان پرس، خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئەندامی فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستە، ئەمەش تەنیا بە پارتی ناکرێت و ناشکرێت مەرج بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بسەپێنرێت”.

خەسرۆ گۆران گوتیشی “پەرلەمانی کوردستان بەپێی رێککەوتنێکی نێوان لایەنە سیاسییەکان دروستکرا، ئەو رێککەوتنە نەما و ئێستا پەکخراوە. بۆیە پێویستی بە دانیشتنی نوێ هەیە تاوەکو جارێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوە. ئێمەیش دەڵێین ئەو کارانەی یوسف محەممەد ئەنجامیدا، بێلایەن و لەشوێنی خۆیدا نەبوو”.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی راشیگەیاند “بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان تاوەکو ئێستا گۆڕان نەهاتووەتە پێش. بەهۆی ئەوەی یوسف محەمەد بێلایەن نەبووە و وەکو سەرۆکی پەرلەمان رەفتاری نەکردووە، بۆیە نابێت ئەو ببێتەوە سەرۆکی پەرلەمان و دەبێت بگۆڕدرێت”.

خەسرۆ گۆران گوتیشی “وەکو پارتی شەراکەتێکمان لەگەڵ گۆڕان کرد و شکستمان هێنا، بۆیە نامانەوێت چیدیکە ئەو شەراکەتە بەردەوام بێت”.

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی پەرلەمانی عیراق، پێیوایە، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی پێویستە و “ئەویش پێویستی بە زەمینە و رێككەوتننە”.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here