سەعد حەدیسی: گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بۆ سیاسییەكان جێهێڵراوە

0
159

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حكومەتی عێراق
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حكومەتی عێراق

رووداو ـ بەغدا

گوتەبێژی حكومەتی عێراق رایدەگەیێنێ، دەستوور و سازانی نیشتمانی حوكم لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان دەكەن. دەشڵێت: گفتوگۆكردن لەبارەی گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بۆ سەركردە سیاسییەكان جێهێڵراوە.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حكومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “پرسی ئامادەیی بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گشتپرسی هەرێمی كوردستان بۆ سەركردە سیاسییەكان جێهێڵراوە، بۆیە هیچ زانیارییەكم نییە بەمزووانە شاندێکی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان”.

حەدیسی راشیگەیاند “پێشتر بۆ ئەم پرسە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی سیاسی عێراق كۆبووەوە، ئەوكات حكومەتی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی گشتپرسی راگەیاند، تاوەکو ئێستاش هیچ شتێكی نوێ نییە”.

بەگوتەی سەعد حەدیسی، بۆ پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق كار بە دەستوور دەكات، هاوكات جەختیش لەسەر گرنگی زەمینەی سازانی نیشتمانی دەكاتەوە. 

هەروەها گوتیشی “پێمانوایە هاوكاریكردنی هەردوولا خاڵی سەرەكییە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانيان، عێراقیش بۆ هەموو عێراقییەكانە و دەبێ گفتوگۆیەكی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان هەبێت، بەشێوەیەك مانەوە لەژێر دەستوور و سازانی نیشتمانی مسۆگەر بكات”.

ئەو قسانەی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، سەبارەت بە گشتپرسی بەپێویستیزانی دیالۆگێكی جددی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و گوتی “لەمبارەیەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت هاوكاریی هەردوولا بكات”.

رۆژی 5ی نیسانی 2017، شاندێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا لەبارەی پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەنجامدانی گشتپرسی لە باشووری کوردستان گفتوگۆیان کرد.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here