شه‌ڕ له‌ ئیسپانیا و تۆز له‌ كوردستان

0
157

ره‌مزی میره‌كانی
ره‌مزی میره‌كانی

ئه‌و ناونیشانه‌ له‌ په‌ندێكی كوردی وه‌رگیراوه‌، كه‌ ده‌ڵێت “شه‌ڕ له‌ بادینان تۆز له‌ ده‌ركێ مه‌”، واته‌ شه‌ڕ له‌ كوێیه‌ و تۆز له‌ كوێیه‌.

ئه‌و په‌نده‌ رێك له‌سه‌ر هانده‌رانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا له‌ كوردستان پیاده‌ ده‌بێت، چونكه‌ هه‌ر جارێك یاری كلاسیكۆ ده‌كرێ، هانده‌رانی ئه‌و دوو یانه‌یه‌، كه‌ به‌ هه‌زاره‌ها كیلۆمه‌تر له‌ یاریگه‌وه‌ دوورن، لێره‌ ئاژاوه‌ ده‌نێنه‌وه‌و ناوخۆشی و هه‌ندێجار شه‌ڕیشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌ڕه‌ت برینداریشی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، زێده‌باری ته‌قه‌كردن وه‌ك خۆشی ده‌ربڕین. 

له‌وه‌ گه‌ڕێ دوای ته‌واوبوونی یارییه‌كه‌ قوڕ به‌سه‌ری هانده‌ری تیپی دۆڕاو، دۆست و دراوسێ و هاوڕێكانی له‌ فه‌یسبووك و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ره‌خنه‌باران و گاڵته‌بارانی ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان تا رادده‌ی نووسینی لافیته‌ی ماته‌مینی ده‌به‌ن. ئه‌ی ره‌خنه‌گرتن له‌ راهێنه‌ری هه‌ردوو یانه‌، هانده‌رانی لای خۆمان یارییه‌كه‌ وا شی ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ راهێنه‌ری هه‌ردوو تیپ شاره‌زاتر بن و بڕوانامه‌ی راهێنه‌رایه‌تیان له‌ فیفاوه‌ وه‌رگرتبێت. 

ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كردن، هه‌ر هه‌موویان دوورن له‌ گیانی وه‌رزشی، چونكه‌ وه‌رزش بریتیه‌ له‌ بردنه‌وه‌ و دۆڕان، ئه‌مڕۆ تیپه‌كه‌ی تۆ ده‌باته‌وه‌ سبه‌ینێ ده‌دۆڕێنی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، چۆن پێتخۆشه‌ تیپه‌كه‌ت بباته‌وه‌، ده‌بێت دۆڕانیش قبوڵ بكه‌ی، چونكه‌ له‌ جیهاندا هیچ تیپێك نییه‌ له‌ هه‌موو جۆره‌كانی وه‌رزش، به‌رده‌وام بباته‌وه‌و هیچ یارییه‌ك نه‌دۆڕێنێ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وابووایه‌ وه‌رزش بێتام ده‌بوو و هیچ خۆشییه‌كی نه‌ده‌ما. 

كه‌واته‌ بۆچی هانده‌رانی لای خۆمان له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ و دۆڕانی ریال و بارسا به‌شه‌ڕ دێن؟ ئه‌گه‌ر شه‌وی یاری كلاسیكۆ بچیته‌ شه‌قامی ئیسكان له‌ هه‌ولێر، ده‌زانی چ حه‌شامه‌تێك بۆ سه‌یركردنی ئه‌و یارییه‌ رژاونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌، راسته‌ خۆشه‌ به‌ كۆمه‌ڵ سه‌یری یاری بكه‌ی، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ده‌مارگیری و شه‌ڕو ئاژاوه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید نازناوه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنێت، قه‌لغانه‌كه‌ ناكاته‌ دیاری بۆ هانده‌رانی له‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر بارسێلۆناش بباته‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌. 

من دڵنیام سه‌رۆك و كارگێڕی و راهێنه‌ر و یاریزانانی ئه‌و دوو یانه‌یه‌، نازانن هانده‌رانی لای خۆمان ئه‌وه‌نده‌ بۆ ئه‌وان به‌په‌رۆشن و شه‌ڕیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بزانن به‌ مسۆگه‌ری به‌وه‌ رازی نابن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ ته‌واوی له‌ وه‌رزش گه‌یشتوون و ده‌زانن گیانی وه‌رزشی چییه‌، بۆیه‌ دوای یارییه‌كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، یاریزانانی هه‌ردوو یانه‌ ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدی ده‌كه‌ن و ده‌ست له‌ ملی یه‌كدی ده‌كه‌ن، هانده‌ره‌كانیشیان به‌هه‌مانشێوه‌.

هه‌رگیز نه‌مبینیووه‌ له‌ یارییه‌كی كلاسیكۆدا له‌ هه‌ر یاریگه‌یه‌ك بێت، هانده‌ران ئاژاوه‌ بنێنه‌وه‌و له‌گه‌ڵ یه‌كدی به‌شه‌ڕ بێن، هه‌تا ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ش كه‌مێك توندتیژی به‌خۆوه‌ دیبێت، به‌ڵكو چه‌ندینجار بینیوومه‌ هانده‌رێكی بارسێلۆنا له‌ته‌ك هانده‌رێكی ریال دانیشتووه‌و هه‌ریه‌كه‌و هانی تیپه‌كه‌ی خۆی داوه‌. ده‌با ئێمه‌ش چاو له‌وان بكه‌ین و چیدى یاری كلاسیكۆ نه‌كه‌ینه‌ مایه‌ی ئاژاوه‌و شه‌ڕ و ناخۆشی و خوێنڕشتن، چونكه‌ وه‌رزش بۆ خۆشییه‌، ده‌بێت گیانی وه‌رزشیمان هه‌بێت و هه‌موو ئه‌نجامێك  قبوڵ بكه‌ین.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here