شوێنەوارەکانی کفری مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە

0
9

بڕیاری نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی کفری جێبەجێنەکراوە

رووداو – کفری 

شوێنەوارەکانی کفری کە مێژوویان 300 ساڵێک دەبێت، بەهۆی پشتگوێخستنیان و جێبەجێنەکردنی بڕیاری نۆژەنکردنەوەیان، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.

کارزان نزیكه‌ی حەوت ساڵه‌ فۆتۆگرافه‌ری ده‌كات، بە كامێراكه‌ی وێنه‌ی شوێنه‌واره‌كانی كفری ده‌گرێت و ئه‌ر‌شیفان ده‌كا. كارزان دەڵێ ”وێنه‌ی زۆرم گرتوون، خانوو له‌ گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كان، قشه‌ڵه، سه‌را هه‌مووی نه‌ماون و ئه‌مه‌ش (قەیسەریی کۆنی کفری) نامێنێ. شوێنه‌واره‌كان بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌بنه‌ ئه‌رشیف و له‌ وێنه‌كاندا ده‌بینرێن”.

له‌ كفری زیاتر له‌ 30 شوێنه‌وار هه‌ن، گرنگترینیان ته‌په‌ی گاوران، گۆڕستانی باوه ‌شاسوار، قشڵەی كۆن، حه‌مامی كفری، سه‌رای كفری و ماڵی مه‌جید پاشای بابانن.

ماڵی مەجید پاشا یه‌كێكه‌ له‌و شوێنه‌وارانه‌ی مێژووی دروستكردنه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌ی نۆزدەیەمی زایینی دەگەڕێتەوە و، ئێستا له‌ لێواری له‌نێوچووندایه‌.

ستار مه‌جید، مامۆستایە و دەڵێ ”مێژووی كفری 300 ساڵێك ده‌بێ، چوارڕیانی كرماشان – كه‌ركوك – سلێمانی – به‌غدا بووه‌. شوێنی ژیان بووه،‌ ئه‌و شوێنەوارەی پشتم ماڵی مه‌جید پاشا بوو. جاران بێره‌دا تێده‌پەڕیت هه‌ستت ده‌كرد له‌ ئیتاڵیا و رۆمای، ئه‌وه‌نده‌ باڵەخانەیەکی جوان و سه‌رنجڕاكێش بوو، حه‌یف ئیداره‌ی گه‌رمیان و حكومه‌ت مێژووی كفرییان پشتگوێ خستووه”.

حەوت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا حكومه‌تی هەرێمی کوردستان بڕیاری خه‌رجكردنی 21 ملیار دیناری دا بۆ دووباره‌ دروستكرنه‌وه‌ی قه‌یسه‌ری كفری، كه‌ 315 دووكان و چوار خانی گه‌وره‌ و دوو ده‌روازە ده‌گرێته‌وه‌، دیزاینه‌كه‌ی له‌ تاران بۆ كراوه‌ به‌گوژمه‌ی 364 ملیۆن و وه‌ستای خاوه‌ن ئه‌زموونی بۆ په‌یداكرا، بڕیاربوو ده‌ست بە كاركردن بکەن، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعش هه‌موو شتكیان وه‌ستاند.

جه‌لال نووری قایمقامی كفری لەمبارەیەوە دەڵێ ”دیزاینی بۆ كرا، پاره‌شی بۆ تەرخانکرا، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی وه‌ستاندی. ئێمە چاوه‌ڕێی حكومه‌تی نوێین بودجه‌ی بۆ دابینبكاته‌وه”.

له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی شوێنه‌وارەکانی باشووری كوردستان، زیاتر له‌ سێ هەزار و 500 شوێنه‌وار هه‌ن، ئێستا زیاتر له‌ 50 تیمی زانكۆ و نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وروپی و ژاپۆنییەکانیش سه‌رقاڵی پشكنینن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واری زیاتر، چاوەڕوان دەکرێت به‌ ته‌واوبوونی كاری ئه‌وان ژماره‌ی شوێنه‌واره‌كان ده‌گاته‌ 10 هه‌زار شوێنه‌وار له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here