شەبانی: كاندیدكردنی مالیكی بۆ سەرۆكایەتی هاوپەیمانی گەڕانەوەیە بۆ دیكتاتۆری

0
591

نووری مالیکی
نووری مالیکی

رووداو ـ هەولێر

پەرلەمانتارێكی رەوتی سەدر رایگەیاند، كاندیدكردنی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی سەرەتایە بۆ گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت.

غەزوان شەیبانی پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی “كاندیدكردنی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی سەرەتایە بۆ گەڕانەوەی دیكتاتۆریەت، ئەم هەنگاوەش پەڵەیەكی رەشە بەنێوچاوانی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی هەوڵی گەڕاندنەوەی دەدەن”.

شەیبانی گوتیشی “مالیكی چی بۆ عێراق كردووە جگە وێرانكاری، لەسەردەمی حوكمڕانی ئەو گەورەترین شارەكانی عێراق کەوتنە دەست داعش، جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و سوپایەك بێكار.”

هەروەها شەیبانی داوای لە عێراقییەكان كرد “كاندیدكردنی سەرپەرشتیاری گەندەڵی مالیكی رەتبكەنەوە، ئایا هاوپەیمانی نیشتمانی كەسێكی دیكەی دەست ناكەوێت سەرۆكایەتی بكات، ئایا ئەو كەسایەتییە كە تەنها نەهامەتی و وێرانكاری و تیرۆری هێناوەتە عێراق، سەرەڕای بەهەدەردانی ملیارەها دۆلار لە پڕۆژەی خەیاڵی، كوشتارگەی سپایكەر، بە بێوەژن كردنی هەزاران ژن، بێ باوك كردنی هەزاران منداڵ، پاراستنی گەندەڵكاران و قۆستنەوەی هەلی یاریكردن لەسەر ژێی تایفەگەری، دەست بەسەرداگرتنی دادگای باڵا بۆ هەڵبەستنی تۆمەت بۆ نەیارانى و هەموو ئەوانەوی رووبەڕووی گەندەڵییەكانی دەبنەوە”.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە داوایكرد كەسێك بۆ سەرۆكی هاوپەیمانێتیەكە هەڵبژێرن.

لە 13-4-2017 رەسول رازی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ” لە سەرەتای مانگی تەموزی داهاتوو هاوپەیمانی نیشتیمانی كەسایەتیەكی نوێ‌ بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی هەڵدەبژێرێت، نوری مالیكیش كاندیدە بۆ سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە”.
پێداچوونەوە ؛ عومەر شایان



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here