شەش کەس دەیانەوێ ببنە میری کوردانی ئێزدی

0
24

چلەی میر تەحسین بەگ لە شێخان بەڕێوەچوو

رووداو – شێخان

بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی، نوێنەری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و کوردانی ئێزدی، چلەی میر تەحسین بەگ لە شارۆچکەی شێخان بەڕێوەچوو.

بڕیارە لە داهاتوودا بنه‌ماڵەی میر ته‌حسین كه‌سێک بۆ شوێنەکەی بەگ ده‌ستنیشانبكه‌ن و دواتر جڤاتی رووحانی ئێزدییەکان و سەرۆکهۆزەکانیان رەزامەندی لەسەر بدەن، ئەو کاتەش ئەو کەسە دەبێتە میری ئێزدییەکان لە کوردستان و جیهان.

تاوەکو ئێستا شەش بەربژێر بۆ میری کوردانی ئێزدی هەن، ماڵی میریش سێ کۆبوونەوەیان کردووە بەڵام هێشتا ئەو پرسە یەکلانەبووەتەوە.

رۆژی 28-1-2019 میر تەحسین بەگ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

میر تەحسین سەعید عەلی بەگ لە رۆژی 15ی ئابی ساڵی 1933 لە ناوچەی باعەدرێ سەر بە قەزای شێخان لەدایکبووە. لە هاوینی ساڵی 1944، کاتێك کە میر تەحسین بەگ تەمەنی نزیکەی 11 ساڵ بوو، بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە، لەلایەن دایەگەورەیەوە بۆ پۆستی میری کوردانی ئێزدی بەربژێرکرا، لەو کاتەشەوە بۆ ماوەی 75 ساڵ بووە میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان.

لە ساڵانی مێردمنداڵی میر تەحسین بەگدا، مەیان خاتوونی دایکی سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد تاوەکو تەمەنی گەیشتە 18 ساڵ.

لە تەمەنی 18 ساڵییەوە، میر تەحسین دەستی کرد جێبەجێکردنی ئەرکەکانی وەک میری هەموو کوردە ئێزدییەکان، لە سەرۆکایەتیکردنی کاروباری دونیایی کوردانی ئێزدییەوە تاوەکو نوێنەرایەتیکردنیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتان و پێکهاتەکانی دیکەدا.

بەگوێرەی بنەماکانی بیروباوەڕی ئێزدی، میری ئێزدییەکان هەردوو دەسەڵاتی دونیایی و ئایینی لەدەستە. لەڕووی ئایینییەوە، میر سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییەکان دەکات.

هەروەها میری کوردانی ئێزدی: 

–  بەرپرسی سەرەکی پەرستگەی لالشە کە پیرۆزترین شوێنە لەلایان.
– بەرپرسی سەرەکی رێوڕەسمی تاووسە، کە گرنگترین رێوڕەسمیانە. 
– بەرپرسە لە ئەنجامدان و رێکخستنی رێوڕەسمە ئایینییەکان.
– بەرپرسە لە سەرجەم ئەو کار و خێرانەی کە خەڵک ساڵانە پێشکەشیان دەکات.

دەسەڵاتە دونیاییەکانی میری کوردانی ئێزدی:

– بەرپرسی سەرۆک هۆزەکانی کوردانی ئێزدی و دەستنیشانکردنیان.
– نوێنەرایەتیکردنی کوردانی ئێزدی لە ناوەوە و دەرەوە.
– بەرپرس لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هۆزەکانی کوردانی ئێزدی و کێشەکانی نێوان ئەو هۆزانە لەگەڵ هۆزەکانی دیکەی ناوچەکەیان.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here