عه‌بدوڵڵا گول رەخنە لە "رازینەبوون بە ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن" دەگرێت

0
15

عه‌بدوڵڵا گول، سه‌رۆككۆماری پێشووی توركیا
عه‌بدوڵڵا گول، سه‌رۆككۆماری پێشووی توركیا

هێمن عه‌ساف و کۆسار عوسمان

رووداو- ئیسته‌نبووڵ 

پێنەدانی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە ژمارەیەک بەربژێری براوەی هەدەپە و یەکلانەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە ئیستەنبووڵ، کاردانەوەی جیاوازی لە ناوخۆی تورکیا لێکەوتووەتەوە. عه‌بدوڵڵا گول، سه‌رۆككۆماری پێشووی توركیاش لەو بارەوە هاتە دەنگ و رایگەیاند، رازینەبوون بە ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و دۆزینه‌وه‌ی پاساو بۆ گۆڕینی ئه‌نجامه‌كان، دیموكراسییه‌تی توركیا ده‌خاته‌ ژێر پرسیارەوە. هەدەپەش دەڵێت، دەسەڵات وڵات بەرەو ئاقارێکی تاریک دەبات.

عه‌بدوڵڵا گول گوتی “له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا توركیا چووه‌ قۆناخی فره‌حیزبییەوە. له‌و كاته‌وه‌ هیچ كێشه‌ بۆ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا رووینه‌داوە، به‌ڵام به‌مدواییه‌ بینەری ئه‌وه ‌بووین ره‌خنه‌ دەگیرێت و كێشه‌ بۆ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دروستدەکرێت. گومان له‌وه‌دانییه، ئه‌مجۆره‌ ره‌فتارانه‌ له ‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنی لەسەر شكۆی توركیا‌ ده‌بێت”.
 
سه‌رۆككۆماری پێشووی توركیا ره‌خنەی‌ له‌ ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان گرت بەوەی به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون به ‌ژماره‌یه‌ك به‌ربژێری هه‌ڵبژێردراو نادەن و گوتی “دوای ئه‌وه‌ی پاكانه‌ بۆ پرۆفایلی به‌ربژێره‌كان كرا و مۆڵه‌تیان پێدرا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، دواتر كه‌ به‌ربژێره‌كان هه‌ڵبژێردران، ئیدی هیچ پاساوێك ره‌وایی نابێت به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان پێنه‌درێت و رێگریبكرێت له‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان. رێگەگرتن لە وەرگرتنی پۆستەکانیان كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز ده‌بێت و مایه‌ی قبوڵكردن نییه‌”. 

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون ناداتە ئەو بەربژێرە سەرکەوتووانەی پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” کە پێشتر لەکاتی باری نائاسایی له‌ ئه‌ركه‌كانیان دوورخراونەتەوە، لەجێگەی ئه‌وان براوه‌ی دووه‌م ده‌بێتە‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی، کە زۆرینەیان بەربژێری ئاکپارتین لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان.

له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ، عه‌بدوڵڵا گول رایگه‌یاند “دواخستنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئیسته‌نبووڵ و درێژه‌دان به ‌ماوه‌ی پرۆسه‌ی تانه‌لێدان و سكاڵا پێشكه‌شكردن، سه‌لمێنه‌ری به‌ سیاسیكردنی پرۆسه‌كه‌یه‌ و له‌ڕووی ته‌كنیكی و یاساییشه‌وه‌ شووره‌ییه‌كی گه‌وره‌یه‌. پێویسته‌ دوای ته‌واوبوونی رێکارە یاسایی و ته‌كنیكییه‌كه‌ی پرۆسه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامه‌كان رابگه‌یێندرێن، چونكه‌ ئه‌م کارەش زیانی زۆر به‌ ناوی توركیا ده‌گه‌یێنێت و دیموكراسییه‌تی وڵات ده‌خانه‌ ژێر پرسیارەوە”‌. 

عه‌بدوڵڵا گول ره‌خنه‌ی له‌ دەسەڵات گرت و گوتی “ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته‌ 4 بۆ 5 ساڵی بێ هه‌ڵبژاردنیان له‌به‌رده‌مدایه‌. لەجێگەی سه‌رقاڵبوونیان به‌مجۆره‌ كارانه‌، باشتر وایه‌ خه‌می خه‌ڵك و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیان هەبێت،‌ كاری له‌پێشینه‌ی زۆر گرنگتر هه‌یه‌ بایه‌خییان پێبدرێت و كاتیان بۆ ته‌رخانبكرێت. ناكرێت توركیا بكرێته‌ ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن هه‌ڵبژاردنی گوماناوی”.

تەمەللی: دەسەڵات بەرەو ئاقارێکی تاریکمان دەبات

هەر لەبارەی ئەو پرسە، سه‌زایی ته‌مه‌للی، هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ گوتی “13 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ خۆجێیه‌كان تێپه‌ڕی، ده‌بینین پارتی ده‌سه‌ڵاتدار درێژه‌ به‌ هه‌مان سیاسه‌تی پێشووی ده‌دات. به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و ئاقارێكی تاریك و نادیار. له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، له‌ سیاسه‌ته‌وه‌ تاوەکو ده‌گاته‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییه‌وه‌، پاڵ به‌م وڵاته‌ ده‌نێت بۆ چاڵێكی مه‌ترسیدار. به‌مه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌، هه‌وڵده‌دات لێكترازانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ش دروستبكات”.

سه‌زایی ته‌مه‌للی گوتیشی “سه‌یربكه‌ن، 13 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كاندا تێپه‌ڕیووه‌، كه‌چی هێشتا په‌رله‌مان نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وان له‌ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ترسن و خۆیان له‌ سیاسه‌ت دوورده‌خه‌نه‌وه‌. ده‌زانن بۆچی په‌رله‌مان ناكرێته‌وه‌؟ چونكه‌ سه‌رقاڵی كاری دیكه‌ن. كاری دیكه‌ی چی؟ به‌ڵێ سەرقاڵی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ئیراده‌ و ده‌نگی گه‌لن”.  

وه‌زیری داد: راست نییە، ته‌له‌فۆنم نه‌كردووه‌

موحه‌ڕه‌م ئه‌ركه‌ك، جێگری سه‌رۆكی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جه‌هه‌په)‌، وەزیری دادی تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی پەیوەندیی بە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە کردووە، بەڵام وەزیری داد ئەوە یرەتکردەوە. 

عه‌بدولحه‌مید گول، وه‌زیری دادی توركیا رایگه‌یاند “ئه‌و درۆیه‌ ره‌تده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ وه‌ك وه‌زیری داد ته‌له‌فۆنم بۆ دامه‌زراوه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن كردبێت. ئیدانه‌ی ئه‌و ئاست نزمیه‌ ده‌كه‌م و داوایان لێده‌كه‌م به‌رپرسیارانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن”.

عه‌بدولحه‌مید گول له‌ توویته‌ر باسی له‌وه‌شكرد كه‌ موحه‌ڕه‌م ئه‌ركه‌ك كۆمه‌ڵێك بانگه‌شه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی گوماندورستكردن له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ده‌كرێن، ئەویش بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئیراده‌ی گەل. گول دەڵێت “ئەم هەنگاوەی ئەرکەک بۆ ئه‌وه‌یە دەستەی باڵای هه‌ڵبژاردن بخاته‌ ژێر گوشارەوە”.

نزیکەی دوو هەفتەیە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا ئەنجامی کۆتایی لە ئیستەنبووڵ رانەگەیێندراوە و لە چەند شارەوانییەکیشدا بە بیانووی جۆراوجۆر بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون بە بەربژێرە براوەکانی هەدەپە نەدراوە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here