عەبادی بۆ کوردستان: سەربەخۆیی مافی خۆتانە بەڵام ئیستا کاتی نییە

0
597

عەبادی بۆ کوردستان: سەربەخۆیی مافی خۆتانە بەڵام ئیستا کاتی نییە

رووداو- هەولێر

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکانی کەرکووک نایاساییە و لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەر ئەو کێشەیە. گوتیشی: “مافی کەس نییە رێگربێت لەبەردەم خواست و ئاواتی دەوڵەتی کوردی ، بەڵام ئێستا کاتی نییە”.

لەبارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە عەبادی ئاماژەی بەوەدا، کورد ویستی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ هەیە و حەقی خۆیەتی، بەڵام ئێستا کاتی گشتپرسی نییە، چونکە بەشێکی زۆری ناوچەکان هێشتا لە ژێر دەستی داعشدان . بارودۆخی دەوڵەتانی هەریمیش ئامادە نییە بۆ ئەو بابەتە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18-4-2017 حەیدەر عەبادی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق ، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی هەفتانەی خۆیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە کە بەشێکی تایبەت بوو بە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و ئاڵای کوردستان لە کەرکووک.

حەیدەر عەبادی سەبارەت بە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک گوتی: “زۆر سەرنج خراوەتە سەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە دابنرێت، قسەی ئێمە لەوبارەیەوە روونە، بەپێی یاسا مافی ئەوەیان نییە چەند ئاڵایەک لەسەر دامەزراوە حکومییەکان هەڵبکەن، هەر بەپێی یاسا هەموو دامەزراوەکان و باڵاخانە حکومییەکانی کەرکووک سەر بە حکومەتی عێراقییە، حکومەتی عێراقیش تەنها ئاڵای عێراق هەڵدەکات، ئەمەش پێشێلکردنە سەر یاساو دەسەڵاتەکانە”.

سەبارەت بە پێشنیازەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کە بە شاندەکەدا ناردبووی ، عەبادی گوتی: “پێشنیاری ئەوەم بۆ کردوون ئاڵاکان لەسەر دامەزراوە حکومییەکان بهێننە خوارەوە، بیبەن لەسەر بارەگا حیزبیەکانتان هەڵیبکەن ئەمەش بابەتێکی دیکەیە من وەکو سەرۆکی حکومەت گفتگۆی لەسەر ناکەم، بەڵکو لە شوێنی دیکە گفتوگۆی بکەن، دەکرێت ئەوە بکرێتە چارەسەرێک، چونکە باڵەخانە حکومییەکان دامەزراوەی دەوڵەتن و لە دەسەڵاتیاندانییە”.

سەبارەت بە پرسی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: “من نامەوێت دەستوەربدەمە ئاوات و خواستەکان، خەڵکانێک هەن جۆرەها ئاوات و خواستیان هەیە، هەیە خواستی ئەوەیە دەوڵەتێکی بچووک بۆخۆی دروست بکات، دەیەوێت جۆرە دەوڵەتێکی دیکە دروست بکات، مرۆڤ ئەو خواستەی هەیە و منیش دەستوەرنادەمە ئەو خواستانە، خواستی برا کوردەکانمان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ خۆیان مافی خۆیانە وەکو خواست و ئاواتێک، مافی هیچ کەسێکیش نییە رێگربێت لەبەردەم ئەو جۆرە خواست و ئاواتانە، بەڵام ئەنجامدانی گشتپرسی لەوکاتەدا، هێشتا شەڕمان لەگەڵ داعش ماوە، دۆخی هەرێمی رێک و گونجاو نییە، هەندێک لە وڵاتانی دراوسێی عێراق وای دەبینێت کە ئەمە مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەکەی دروست دەکات، ئەگەر بێت و ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ”.

عەبادی گوتی: “ئێمە دەبێت واقعی بین، دواتر دەکەوینە ناکۆکی و کێشەوە، تەنانەت لەگەڵ حکومەتی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە عێراق ، لەسەر چ بنەمایەک ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێن، ئەگەر دەتەوێت گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەیت”.

حەیدەر عەبادی گوتی: “هەندێک دەڵێن گشتپرسی ئەنجام دەدەن بەڵام جێبەجێی ناکەین، باشە ئەگەر گشتپرسی دەکەیت و جێبەجێی ناکەیت ئەی قسەت بۆ هاووڵاتییەکانت چ دەبێت، بۆچی گشتپرسی دەکەیت و دەشڵێیت جێبەجێی ناکەم، قسەی ئێمە بەراشکاوی بۆ ئەوان ئەوەیە، لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا نییە لەو کاتەدا گشتپرسی ئەنجام بدات، ئەوە بەراشکاوی دەڵێم، وەک گەلی کورد کە بەشێکە لە عێراق، من وەکو سەرۆکوەزیران پێویستە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتیانم لەبەرچاو بێت، بە بڕوای من ئەنجامدانی گشتپرسی لە بەرژەوەندیاندا نییە، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەیان بۆ دروستدەکات، پەلەکردن لەم بابەتە، وادەکات پاشەکشەبکەن لە هەموو ئەو شتانەی بەدەیهاتوون هەموو ئەو سەرکەوتنانەی لە رابردوودا بەدەستهاتوون”.

عەبادی کۆماری کوردستانی لە مهاباد بە نموونە هێنایەوە و گوتی: “ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کۆماری مهاباد لە باکووری ئێران پەلەی لێکرا دواتر چی لێبەسەرهات، تووشی نوشوستی کردن بۆ دەیان ساڵ، نوشوستێکی زۆر گەورە بۆ ئاوات و هیوای کورد لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لەو شتانەی لێی دەترسم ئەوەیە، من لە راگەیاندنەوە بە راشکاوی قسە دەکەم، من دژی ئاواتەکان نیم، بە پێچەوانەوە هەموو هاووڵاتییەک و کۆمەڵێكی مرۆیی مافی بەدیهاتنی ئاواتەکانی هەیە، بەڵام ئەنجامدانی لەو کاتەدا لە بەرژەوەندی رۆڵەکانی عێراق نییە لە کورد، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانیانە”.

عەبادی ئەو پرسە بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان دەبینێت و دەڵێت: “ئەوە روونە، زۆربەی سیاسییە کوردەکانیش ئەو بۆچوونەیان هەیە، دەڵێن راستە ناتوانین جێبەجێی بکەین، ئێستاش جێبەجێی ناکەین، لەبەرژەوەندیاندا نییە، بەڵام پێموایە ئەمە بەشێک لە ململانێی سیاسییە، لەبارەی ئاڵای کوردستانیشەوە لەگەڵ زۆربەی سیاسییەکان قسەمکردووە دژی بوونە، بەڵام تازە کارەکەیان کردووە و ناتوانن دژی بووەستنەوە پێییانوایە ئەمە موزایەدەی سیاسییە ، بەڵام ناتوانین رووبەڕوویان ببینەوە، بەداخەوە زۆر لە پرسەکان کەشێکی گشتی بۆ دروستکراوە زۆرینە بێدەنگن بەشێکی ئەوانەشی پشتگیری لێدەکەن باوەڕیان پێی نییە”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here