عەباس بەیاتی: سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی هەبوو

0
627

پەرلەمانتارێکی سوننە داوا دەکات کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن

رووداو- هەولێر

هەرێمی کوردستان بەنیازە ئەمساڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق ئەنجام بدات و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی باڵای ناردە بەغدا و لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆیان کرد، پەرلەمانتارێکی شیعەش کە ئاگاداری دانوستاندنەکانە دەڵێت، ئەنجامەکان ئەرێنی بوون.

پەرلەمانتارێکی سوننەش داوا دەکات کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن و پێیوایە دەستێوەردانی وڵاتان کێشەی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی قوڵتر کردووەتەوە.

گشتپرسی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە هەمووکات زیاتر لایەنە عێراقییەکانی هێناوەتە دەنگ بەجۆرێک کاردانەوەی تووند و بۆچوونی جیاوازی لەسەر دەگوترێت، شیعەکان بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بیردەکەنەوە بەشێکیان دژی جیابوونەوەی نەتەوەی کوردن لە عێراق، بەشەکەی دیکەیان دەڵێن باشترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ببین بە دوو جیرانی باش بۆ یەکدی. 

ئبتیسام هیلالی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “بابەتی گشتپرسی کە هاتووەتە بەرباس و گفتوگۆ ، ئێمە پێمانوایە ئەمڕۆ گەلی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە ، ئەوان دەبێت بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدەن نەوەکو سیاسییەکانی کورد. بۆیە بە بڕوای ئێمە گشتپرسی لە ئێستا کارێکی هەڵەیە تەنانەت هەڵدانی ئاڵای کوردستانیش لە کەرکوک بەهەڵە دەزانین”.

سوننەکان مانەوەی کورد لەگەڵ عێراق وەکو هەرێمێک بە پاڵپشتێکی باش دەبینن بۆ خۆیان چوونکە ترسیان لە فراوان بوونی دەسەڵاتی شیعە و پەراوێزخستنی سوننە هەیە لەلایەن شیعەکانەوە. 

نایف شمەری پەرلەمانتاری سوننە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئێمە داوادەکەین لەسەر مێزی دانوستاندن کێشەکان چارەسەر بکرێن، چونکە دانوستاندن دەمانگەیێنێتە چارەسەر، دەستێوەردانی دەرەکی هەیە لە نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق. بۆیە داواکارین عێراقییەکان خۆیان خاوەنی بڕیار بن لە خزمەتی بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکان”.

پەرلەمانتارێکی شیعە سەردانی شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتیی بۆ بەغدا بە ئەرێنی وەسفدەکات، دەڵێت پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی گشتپرسی کوردستان هەنگاوی لەپێشینەی بەغدا و هەولێر دەبێت لە داهاتوویەکی  نزیکدا.

عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری شیعە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا ئەنجامی باشی هەبوو ، لە چوارچێوەی دیدار و دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی، شاندەکە بە ئەنجامێکی باش گەڕایەوە. لەیەک تێگەیشتنێک دروست بوو بۆ هاتنە کایەی نیشاندانی نیازپاکی بۆ چارەسەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەڕێگای گفتوگۆ”.

هەرێمی کوردستان و ناوچە گەشتیارییەکانی هەمیشە پەناگەیەکی ئارام و ژینگەیەکی پاکبووە بۆ عێراقییەکان، بە راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ئەوکات هاووڵاتیانی عێراقی دەبێت لەسەر پاسپۆرتەکەی داوای ڤیزەی دەوڵەتی کوردستان بکات بۆ سەردانیکردنی وڵاتی کوردستان.  

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here