عەسائیبی ئەهلی حەق: حەشدی شەعبی دەچێتە نێو شنگال

0
156

هێزێکی حەشدی شەعبی لە رێگەی بعاج - عەدنانییە
هێزێکی حەشدی شەعبی لە رێگەی بعاج – عەدنانییە

رووداو ـ هەولێر

گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، هێزەكانی حەشدی شەعبی دەچنە نێو شنگال و هیچ گرنگییەكیش بە لێدوانی ئەو لایەن و سەركردانە نادەن كە داوادەكەن رێگە نەدرێت هێزەكانی حەشدی شەعبی بچنە نێو شنگال. گوتیشی: “ئەوانەی رازیش نین با سەری خۆیان لە دیوار بدەن”.

جەواد تەڵیباوی، گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بڕیاری چوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی شنگال بەدەست حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە و پێویستی بە رەزامەندی سەركردەكانی كورد نییە، ئەگەر بڕیارەكەشیان بەدڵ نییە با سەری خۆیان لەدیوار بدەن”.

تەڵیباوی هەروەها گوتی “حەشدی شەعبی دەچێتە نێو شنگال و هەموو ئەو ناوچانەش كۆنتڕۆڵدەكاتەوە كە هێشتا بەدەست داعشەوەن، پێشمانوایە هەندێك سەركردەی كورد بە ئەجێندای دەرەكی دژی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی سەر بە قەزای شنگالن، بەڵام حەشدی شەعبی بە فەرمانی عەبادی دەجوڵێت و پێویستی بە رەزامەندی بەرپرسانی كورد نییە”.

گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتیشی “ناوچەكانی ئێزدییەكان دوای كۆنترۆڵكردنەوەیان لەلایەن حەشدی شەعبی ئێزدییەكانەوە دەپارێزرێن”.

لەبەرامبەردا مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “3 ساڵ لەمەوبەر عەسائیب لەكوێ بوو كاتێك پێشمەرگە شنگالی كۆنترۆڵكردەوە، پێشمەرگە رووخسەت لە حەشدی شەعبی وەرناگرێت بۆ پاراستنی شنگال و ناوچەكانی دیكە، ئەو لێدوانەی تەڵیباویش بڵقێكی سەرئاوە و هیچ گرنگییەكی نییە، ئێمە نامانەوێ‌ جارێكی دیكە ئەو دەڤەرە وێران بێتەوە، ئەگەر هەیە ئەوان پلانێكی دەرەكیان هەبێت ئەو دەڤەرە وێران بكەن”.

سەبارەت بە پاراستنی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی ئێزدییەكان ، قائیمقامی قەزای شنگال بەرووداوی گوت “ئەوە ئێزدییەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، حەشدی شەعبی نەبووەتە بڕیاردەری ئێزدییەكان”.

لە چەند رۆژی رابردوودا حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەژێر ناوی “شەهیدەکانی شنگال” بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای قەیرەوان و بەعاج و گەیشتن بە سنووری سووریا دەستپێکرد، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک گوند و رێگای سەرەکی شنگال- بەعاج و حاتەمییە- کۆچۆ-یان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here