غالب محەممەد: داهاتی نێوخۆی سلێمانی مانگانە نزیکەی 90 ملیار دینار دەبێت

0
165

سلێمانی
سلێمانی

رووداو – هەولێر

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت داهاتی نێوخۆی سلێمانی مانگانە نزیکەی 90 ملیار دینار دەبێت. پێیوایە” ناڕوونی لە داهاتی سلێمانی ئەوە دەگەیێنێت ئەم داهاتە بۆ هاونیشتمانیانی پارێزگای سلێمانی خەرج ناکرێت”.

غالب محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی داهاتی نێوخۆیی پارێزگاکە، رایگەیاند: “بەپێی ئەو داتایانەی دەستمان کەوتووە، داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی مانگانە لەنێوان 80 بۆ 90 ملیار دینار دەبێت”.

غالب محەممەد، کە لە فراکسیۆنی گۆڕانە، دەڵێت: “ئەگەر سەیری مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ بکەین، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 300 ملیاری دەستکەوتووە، واتە لە ماوەی ساڵێکدا، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومانە لەمساڵدا 19%ی داهاتی گومرگەکان زیادی کردووە، واتە 360 ملیار دینار، ئەگەر دابەشی 12 مانگی بکەین دەکاتە نزیکەی 30 ملیار، ئەمە تەنها لە داهاتی دوو مەرز”.

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دەشڵێت: “سەبارەت بە داهاتی کارەبا ساڵانە نزیکەی 83 بۆ 84 ملیار دینارە، داهاتی هاتووچۆ نزیکەی 50 ملیارە، ئەمە سەرەڕای داهاتی چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە”.

غالب محەممەد، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ساڵیکدا سێجار داوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە لیژنەیەک پێکبهێندرێت، “بۆ ئەوەی بتوانین داهاتی سلێمانی بزانین، ناکرێت ئێمە کە نوێنەری هاونیشتمانیانین لە پارێزگاکە ، نەزانین داهاتی پارێزگای سلێمانی چەندە”.

سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، پێیوایە “ناڕوونی لە داهاتی سلێمانی ئەوە دەگەیێنێت ئەم داهاتە بۆ هاونیشتمانیانی پارێزگای سلێمانی خەرج ناکرێت”.

غالب محەممەد، نموونە بە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی دەهێنێتەوە کە پارە لە خاوەن ئۆتۆمبێلەکان بۆ ژینگە و شەقام وەردەگرێت “بە تەحەداوە دەیڵێم نە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی نە هی گەرمیان دینارێکیان لەو پارەیە وەرگرتبێت و یەک دیناریشی بۆ شەقامەکان خەرج نەکراوە”.

غالب محەممەد، هەروەها دەڵێت”لە گومرکدا ئەو تانکەرانەی بە رێگەی سلێمانی کەلار و سلێمانی پێنجوێن تێدەپەڕن 200 دۆلار گومرکیەتی 10 دۆلاری بۆ رێگەوبانە، یەک دیناریشی بۆ رێگاوبان خەرج نەکراوە، خۆ وەزارەتەکە و وەزیرەکەی لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە ، دەبووایە هیچ نەبێت بەشێکی بۆ رێگەوبان خەرجکرابووایە”.

بە بڕوای ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی “ئەو ستەمەی لە پارێزگای سلێمانی دەکرێت، من پێموایە پشکی شێرەکەی بەر پارتی دەکەوێت، پشکی دیکەشی بەر یەکێتی دەکەوێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت داهاتی پارێزگای سلێمانی بۆ ئێمە ئاشکرا بکات”.

غالب محەممەد، بە باشی دەزانێت ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی “ئەگەر خۆی بە نوێنەری خەڵک دەزانێت دەستبەجێ لێژنەیەک پێکبهێنێت بۆ ئەوەی ئێمە بزانین داهاتی سلێمانی چەندە و چۆن خەرج دەکرێت و لەکوێ خەرج دەکرێت”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here