فەرەیدوون عەبدولقادر: رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان هیچ ئەنجامێکی نابێت

0
185

فەرەیدوون عەبدولقادر

رووداو- هەولێر  
 
ئەندامێکی پێشووتری مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێیوایە ، رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان هیچ ئەنجامێکی نابێت. گوتیشی: “بزووتنەوەی گۆڕان کاریزمای وەک نەوشیروان مستەفای نییە”.

    
فەرەیدوون عەبدولقادر، ئەندامی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لەبەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی چارەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای نەوشیروان مستەفا گوتی:” بزووتنەوەی گۆڕان لەنێوخۆیدا کێشەی گەورە و جددی هەیە و هەروەها لەنێو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کاریزمای وەک نەوشیروان مستەفا نییە”. 

ئەندامەکەی پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە پێشووتریشدا ئەو ئەزموونەمان هەبووە، بینیمان لەغیابی مام جەلال، یەکێتی تووشی سەرگەردانی بوو، لەدوای مام جەلال یەکێتی جۆرێک لەپەرتەوازەیی پێوەدیارە و تائێستاش یەکێتی ناوەندێکی بڕیاری یەکگرتووی نییە، بۆیە ئەم حاڵەتە لەنێو بزووتنەوەی گۆڕانیش بوونی دەبێت، بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانێت نەوشیروان مستەفایەکی دیکەی هەبێت.

لەبارەی داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕانیش، فەرەیدوون عەبدولقادر گوتی: “من بەبەشێک لەبرادەرانی گۆڕانم گوتووە کە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکگرنەوە، نازانم ئەوەدەکەن یان نا. بزووتنەوەی گۆڕان بەبەراورد بەیەکێتی ئەزموونی کەمە، چونکە کارەکانیان نوێیە و کەم ئەزموونیشن، جەماوەری گۆڕانیش فێربوون بەهەموو شتێک بڵێن نا، ئەوەش خراپە، بەڵام جەماوەری یەکێتی جەماوەرێکی بەئەزموونتر و ئارامترە”.

فەرەیدوون عەبدولقادر بە ئاماژەدان بەوەی یەکێتی و گۆڕان بەیەکەوە کێشەی بەڕێوەبردنیان هەیە گوتی: “هەردوولا یەک کێشەیان هەیە لەبارەی ئەوەی کەسێک رابەرایەتییی و سەرکردایەتیان بکات، بۆیە ئەگەر یەکبگرنەوە دەتوانن بەرێککەوتن کەسێک وەک سەرکردە دیاری بکەن”.

سەبارەت بەکێشە نێوخۆییەکانی یەکێتیش، فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێت: “داوادەکەم کە کاک کۆسرەت و دکتۆر بەرهەم و هێرۆخان، بەیەکەوە دەستەیەک دروستبکەن بۆئەوەی بتوانن بەیەکەوە کارەکانی نێویەکێتی رابپەڕێنن و دواجار هەردەبێ ئەوەش بکەن و ئەوەش لەبەرژەوەندی خۆیاندایە”.

فەرەیدوون عەبدولقادر لەبارەی دکتۆر بەرهەم و ئایندەی لە نێو یەکێتی ، دەڵێت: “دکتۆر بەرهەم پیاوێکی رووناکبیر و بەئەزموونە و حەقوایە یەکێتی بەجددی سوود لەتواناکانی دکتۆر بەرهەم وەربگرێت، بۆئەوەی بتوانن هەموو بەیەکەوە کاربکەن و کێشەکان چارەسەربکەن”.

لەبارەی چوونی بارزانی بۆسەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا، فەرەیدوون عەبدولقادر پێیوایە: “کاک مەسعود پیاوێکی گەورەیە و لەلای من سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و پیاوێکی راستگۆ و دڵسۆز و عاتیفییە، بەرپرسیارانە مامەڵەدەکات و هیوادارم کە گەڕایەوە دەستپێشخەریی هەبێت، دەبێت کاک مەسعود کارێک بکات و بۆئەوەش دەبێت هەموو حیزبەکان هاوکاری کاک مەسعود بکەن”.

ئەنجامدانی گشتپرسیی لە باشووری کوردستان پرسێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکە بوو کە فەرەیدوون عەبدولقادر گوتی: “عێراق دەوڵەتێکی شکستخواردووە و ئێمەی گەلی کورد مافی خۆمانە گشتپرسیی ئەنجامبدەین بۆئەوەی لەم رێگەیەوە گەلی کورد مافی چارەی خۆنووسین دیاریبکات ، من داوادەکەم هەموو لایەنەکان پشتیوانی لە ئەنجامدانی گشتپرسیی بکەن، چونکە ئەمساڵ گشتپرسی نەکەین لەداهاتوودا بۆمان ناکرێت”. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here