كاردانه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ ‌به‌رامبه‌ر بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی به‌ربژێره‌ سەرکەوتووەكانی

0
11

“هەدەپە ده‌توانێت ئەنجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌”

رووداو – هەولێر

بڕیارێکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، بڕیارەکە ئاماژە بەوە دەکات؛ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا به‌ڵگه‌نامه‌ی ده‌ستبه‌كاربوون ناداتە ئەو بەربژێرە سەرکەوتووانەی پێشتر لەکاتی باری نائاسایی، له‌ ئه‌ركه‌كانیان دوورخراونەتەوە و له‌بری ئه‌وان براوه‌ی دووه‌م ده‌بنه‌ سه‌رۆكشاره‌وانی.

ئۆپۆزیسیۆنی توركیا پارتی ده‌سه‌ڵاتدار بەوە تۆمەتبار دەکات: گوشار لەسەر دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان دروستدەکات تاوەکو له‌ رێگه‌ی ئه‌م بڕیاره‌وه‌، به‌ربژێره‌ سەرنەکەوتووەکانی بكاته‌ سه‌رۆك شاره‌وانی. 

بەگوێرەی بڕیارەکە، هەدەپە ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌وانییه‌كانی باكووری كوردستان له‌ده‌ستده‌دات، ئەوەش نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەو پارتە دروستکردووە. 

میتهات سانجار، په‌رله‌مانتاری مێردینی هه‌ده‌په‌ دەڵێ “نه‌ده‌بوو ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌م جۆره‌ بڕیاره‌ بدات، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌هه‌ندی یاسایی نییه‌. به ‌پێشكه‌شكردنی تانه‌ی نائاسایی بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ده‌بینه‌ به‌شێك له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌. هێشتا كات زووه‌ قه‌باره‌ی زیانه‌كان كه‌متر بكرێنه‌وه‌”. 

دۆخی هه‌ده‌په‌ دوای بڕیاری ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنەکانی تورکیا:

– له‌ پێنج پارێزگای باكووری كوردستان هەشت شاره‌وانی له‌ده‌ستده‌دات
– گه‌وره‌ شاره‌وانیی مێردین و ئامه‌دیش لەدەستدەدات
– شارەوانییەکان ده‌درێنه‌ براوه‌ی دووه‌م كه‌ ئاكپارتیین
– ئەگەر هەیە 18 شارەوانی دیکە لەدەستبدات 
– ده‌توانێت به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان، ئەنجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌
–  به‌ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، هه‌ڵبژاردن له‌ ماوه‌ی 60 رۆژدا له‌ ناوچه‌كان دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌

گوته‌بێژی هەدەپە دەڵێت، له‌و شارانه‌ی به‌ربژێره‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانیان دووردەخرێنه‌وه‌، زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانییه‌كان سه‌ر به‌ پارته‌كه‌یانن‌، بۆیە بڕیاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ له‌ژێرده‌ستی ئەواندایە‌. 

له‌ترسی تێكچوونی ره‌وشی ئاسایشیش له‌ پارێزگاكانی: وان، ئامه‌د، مێردین، جۆڵه‌مێرگ و سێرت، هەموو جۆرە چالاکییەکی وەکو خۆپیشاندان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌تهه‌ڵدان قەدەخەکراون.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here