كچێكی كورد لە 100 كەسە كاریگەرەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

0
26

شەیدا لە ساڵێكدا سێ‌ ناسناوی بەدەستهێناوە
شەیدا لە ساڵێكدا سێ‌ ناسناوی بەدەستهێناوە

رووداو-هەولێر

كچە كوردێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجە، لە لایەن رێكخراوێكی نێودەوڵەتییەوە بە یەكێك لە 100 كەسایەتی كاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2018 هەڵدەبژێردرێ‌ و خەڵات دەكرێ‌، بەڵام دەڵێت خەڵاتەكە لە فەرەنسایە و پارەی نییە بچێ‌ خەڵاتەكە وەربگرێ‌، چاوەڕێیە رێكخراوەكە سەردانی كوردستان بكەن و خەڵاتەكەی بدەنێ‌.

ساڵی 2018 بۆ شەیدا موعتەسەمی تەمەن 27 ساڵ، ساڵێكی پڕ لە دەستكەوت بوو، ئەو توانی لەو ساڵەدا سێ‌ ناسناو بەدەستبهێنێ‌ كە یەكێكیان ناسناوی كاریگەرترین كەسایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە بواری مرۆیی و كاری رێكخراوەییدا.

شەیدا لە ساڵی 2005 ـەوە كاری رێكخراوەیی دەكات و دەڵێت: “هەمیشە حەزم بۆ كاركردن و خزمەتكردنی خەڵك هەبووە بەتایبەت كاركردن لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چونكە پێموابوو لەو بوارەدا دەستكراوەتر دەبم و دەتوانم خزمەتێكی باشتر بكەم”.

شەیدا لە 2005ەوە تاوەكو 2010 تەنیا لە نێو باڵەخانەی رێكخراوەكاندا كاری كردووە، واتە زۆرتر كاری ئۆفیسی كردووە، بەڵام دواتر بڕیار دەدات بەشێوەیەكی مەیدانی كاری رێكخراوەیی بكات. جگە لە كاری رێكخراوەیی ماوەی دوو ساڵ لە رادیۆی یەكگرتوو كاری راگەیاندنی كردووە لە شاری هەڵەبجە.

شەیدا ئەندازیاری كشتوكاڵە، دوای تەواوكردنی زانكۆ، كاتەكانی زیاتر بۆ كاری رێكخراوەیی تەرخان دەكات، ئێستاش بەرپرسی رێكخراوی ماڵی سەركەوتنە. هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی تۆڕی سەركەوتنی عێراقە. كارگێڕی سەنتەری گەشەپێدانی چالاكیی لاوانە. هەروەها ئەندامی تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و ئەندامی دەستەی خانمانی هەڵەبجەیە.

ئەو كچە هەڵەبجەییە باسی دەستكەوتەكانی دەكات لە 2018دا و دەڵێت ساڵی رابردوو سێ‌ ناسناو و خەڵاتم بەدەستهێنان، ئەوانیش: سەركردەی مرۆیی لەلایەن رێكخراوی چاوی ژیانی عێراق، خانمی رۆشنبیریی ساڵ و هەروەها یەكێك لە 100 كەسایەتی گرنگی ساڵی 2018 لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شەیدا باسی دوایین خەڵاتی دەكات و دەڵێت :”ئەو خەڵاتە ساڵانە لەلایەن یەكێتی رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدرێتە كاریگەرترین كەسایەتیی ساڵ، منیش یەكێك بووم لەو 100 كەسەی كە ئەمساڵ ئەو ناسناوەیان وەرگرت. بە گوتەی شەیدا 16 هەزار و 300 كەس سیڤییان بۆ رێكخراوەكە ناردبوو. 

یەكێتی رێكخراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بنكەی سەرەكی لە فەرەنسایە، تۆڕێكی گەورەی جیهانیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە و لە 48 رێكخراو پێكدێ‌.

شەیدا دەڵێت ئەو یەكەمین كوردە ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە :”هیچ كوردێك نە ئەمساڵ و نە ساڵانی پێشتر بەشداری لەو كێبڕكێیە نەكردووە، من یەكەم كەسم بەشداری دەكەم و ئەو ناسناوە بەدەستدێنم”. 

شەیدا لە مانگی 11ی 2018 سیڤییەكەی خۆی بۆ ئیمەیڵی كێبڕكێیەكە ناردبوو، لە كۆتایی 2018 لەلایەن رێكخراوەكەوە وەڵامی درایەوە كە ئەو یەكێكە لە 100 كەسایەتییە كاریگەرەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بواری كاری مرۆیی. 

شەیدا دەڵێت ئەو خەڵاتە وای لێدەكات زیاتر لە جاران هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و كاری زیاتر بكات “بێگومان وەك چۆن لە رابردوودا كارم كردووە و خزمەتم بە تایبەتی بە خانمان كردووە، لێرە بەدواوە كارەكانم فراوانتر دەبن و لە قاڵبی لۆكاڵییەوە دەردەچم و خزمەتی هەموو خانمانی كوردستان دەكەم”.

شەیدا زۆرتر لەبارەی ناسناوەكە قسەی كرد و گوتی :”لە پاڵ ناسناوەكە، بڕوانامەیەك و میدالیایەكم دەدرێتێ‌، لەگەڵ ئۆفەرێكی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، هەروەها بەشداری لە كۆنگرەكانی رێكخراوەكە”.

شەیدا چاوەڕێی ئەو رێكخراوە دەكات سەردانی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی میدالیا و بڕوانامەكەی بدەنێ‌. ئەو گوتی: “نەمتوانی سەردانی فەرەنسا بكەم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە، بەهۆی زۆریی تێچووی سەفەرەوە، بۆیە چاوەڕێی ئەوەم نوێنەری رێكخراوەكە سەردانی كوردستان بكات”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here