كەنیزەكەكانی خەلافەت…بۆ ئەوەی دەستدرێژیم نەكرێتە سەر مشتێك حەبم خوارد

0
8

“داعش بە شمشێرەكانی هێندەی خوێن رشتووە، چەم و رووبارەكانیش بەشی شۆردنەوەی عێراق ناكەن”

چیرۆكی یازدەم (بەشی دووەم)

رووداو-دهۆك

وەك چۆن لە مووسڵ چەكدارەكان پەیكەر و شوێنەوارەكانیان شكاند، دەروونی هاوژینەكەی ئەمیرەش ئاوا رووخێنرابوو. ئەو رۆژانە خوێنی دەبینی و هەر بە بۆنی خوێنەوە دەگەڕایەوە نێو منداڵەكانی. 

ئەو لەو بڕوایەدا بوو، داعش بە شمشێرەكانی هێندەی خوێن رشتووە، چەم و رووبارەكانیش بەشی شۆردنەوەی عێراق ناكەن، بەڵام ئەمیرە هانی دەدا بە گوێرایەڵی بمێنێتەوە تەنیا لە پێناوی ئەوەی هەمیشە لە نزیكیان بێت و خۆی و منداڵەكانی نەبەن بۆ بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كەنیزەك.

رۆژێك هەموویان كۆدەكەنەوە و پێیاندەڵێن دەتانبەینە نزیك شنگال، لەوێ بۆ خۆتان لەگەڵ مێرد و منداڵەكانتان دەژین، ئەمیرە بەو هەواڵە زۆر دڵخۆش دەبێ‌، بەڵام كاتێك كاروانەكە بەڕێكەوت، دەركەوت كە درۆیان لەگەڵ كردوون.

ئەوان لە جیاتی شنگال دەبرێن بۆ مووسڵ. لەوێ‌ بۆ ماوەی 20 رۆژ لە هۆڵێكی زەماوەندی رۆژانی پێش وێرانبوونی شارەكە دەهڵێدرێنەوە. ئەمیرە دەڵێت: “بەردەوام دەهاتن و هەڕەشەیان لە پیاوەكان دەكرد و دەیانگوت هەڵە نەكەن و وریا بن، چونكە سزایەك دەدرێن بیرتان لێنەكردبێتەوە”.

ئەمیرەكان لەو 20 رۆژەدا پلانی ئەوەیان دادەنا، چۆن ئەو خەڵكە بەكاربهێنن و چیان لێبكەن. چونكە مادام پیاوەكانیان  بووبوونە موسوڵمان. دەبوو بەپێی یاسا و رێساكانی خۆیان رێگە بدەن هاوژینەكانیان لەگەڵیان بمێننەوە، بەڵام ئەوە كچانی نەدەبوارد و ئەوانەی تەمەنیان 10 ساڵ بەرەو ژوور بوو، هەرزوو دەكەوتنە نێو داوێكەوە كە ئامانجەكە بە كۆیلەكردنی سێكسی بوو.

شیری شنگال

دواجار بڕیارەكە وابوو بگوازرێنەوە بۆ گەڕەكی خەزرا. دیسان لەوێ پیاو و ژنەكان بەسەر كارە جۆراوجۆرەكاندا دابەشكرانەوە. ئەمیرە سەری سوڕماوە كە هەزاران سەر ئاژەڵی بینیوە كۆكراونەتەوە: “هەندێكیان تەرخانكردەوە بۆ لەوەڕاندن و سەرپەرشتیكردنی ئاژەڵەكان، هەندێكیش جیاكرانەوە و چەكیان پێدان و كرانە پاسەوان، هەبوو كاری چاككردنەوەی ئۆتۆمبیلی داعشیان پێدەكردن. ئێمەش وەك ژنەكان هاوكاری پیاوەكانمان دەكرد، ئەوە بۆ ئێمە باش بوو، چونكە پیاوەكەم لە گۆڕهەڵكەندن و ناشتنی تەرم رزگاری بوو”.

ئەمیرە و هاوژینەكەی و برای هاوژینەكەی، لەگەڵ سێ خاڵ و خەزووری خرابوونە ژێر ئەركی قورسی مەڕدارییەوە. رۆژانە دەبوو بەرلەوەی هەتاو دونیای وەڕس و دووبارەیان بۆ رووناك بكاتەوە، ئاژەڵەكان دەربكەن بۆ لەوەڕاندن و بەتاریك داهاتنەوەی دونیا بگەڕێنەوە بۆ نێو ماڵە تاریكەكانیان. ئەو ماڵانەی لە دڵیان تاریكتر بوو. دواتر ئەمیرە و ژنەكانی دیكە دەبوونە بێری و لەكاتی دیاریكراودا تیمی كۆكردنەوەی شیر كە ژمارەیەك چەكداری تایبەتی داعش بوون، بە ئۆتۆمبیلەكانیانەوە دەردەكەوتن :”بە دەبەی گەورە شیرەكەیان كۆدەكردەوە و باریان دەكرد و دەیانبرد”.

شیری مەڕ و بزنە تاڵانكراوەكانی شنگال. ئەو ئاژەڵانەی ساڵەهای ساڵ بە دەنگی لاوك و لاواندنەوە و بەستەی ناسكی بێریانی ئەوێ، گوێیەكانیان پڕدەكران، هەر ئافرەتانی ئێزدی نەبوون دەكرانە كۆیلەی سێكس، بەڵكو شیری مەڕوماڵاتە دزراوەكانیشیان ، ژەمی وزەبەخشی چەكدارانیان بوو. هەندێكجاریش بەیەكەوە چەند سەر ئاژەڵێكیان سەردەبڕی و لەگەڵ خۆیان دەیانبرد تاوەكو بیبەخشنەوە بەسەر بارەگاكاندا “بەڵام ئەو شیر و گۆشتە بەهیچ شێوەیەك بە ئێمەی ئێزدی نەدەدرا”.

بۆ كێڵگەكانی كشتوكاڵ و بێستانەكانیش هەروا بوو، ئەو كێڵگە كشتوكاڵییانەی خاوەنەكانیان لە ترسی داعش هەڵاتبوون، تیمێكی تایبەتی بۆ سەرپەرشتی و كۆكردنەوەی بەرهەمەكانی تەرخانكردبوو، بەڵام كاری رۆژانەی ئاودێری و رنینی بەرهەمەكانی، هەر بە ئێزدییان سپێردرابوو “رۆژانە بە ئۆتۆمبیل باریان دەكرد و ئەویش بەسەر بارەگاكانیاندا دابەشدەكران، لە بەیانی تاوەكو ئێوارە خزمەتی ئەو كێڵگانەیان پێدەكردین و مافی ئەوەشمان نەبوو بەشی ژەمێك تەماتە لەگەڵ خۆمان ببەینەوە”.

كرێگرتەكانی داعش 

بەیانییەك گەڕەكی خەزرا خراپ شڵەژا. ئەمیرە زوو دركی كردبوو رۆژەكە چەند نائاساییە و سیمای چەكدارانی داعشی دەبینی رق و تووڕەییان لێ دەباری. دەركەوت خێزانێكی ئێزدی لەوێ هەڵاتبوون “كەوتنە گیانمان گوتیان ئێوە درۆ دەكەن و نەبوونەتە موسوڵمان، هێشتا خیانەتمان لێدەكەن”. ئەو چەكدارانەی كە تینووی تۆڵەكردنەوە و كوشتوبڕ بوون و لەلایەن حاجی مەهدی توركمانەوە نێردرابوون، دۆخەكەیان گێڕایەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و هەموو ئێزدییەكانی گەڕەكەكەیان كۆكردەوە و جیاكردنەوەی ژن و پیاوەكان دەستیپێكردەوە “كچێك هاتە تەنیشتمەوە و سوێندی خوارد كەسێكی ئێزدی بینیوە لەلایەن پیاوە ئێزدییەكانەوە هەردوو دەستی بەستراوەتەوە و وەك داعشەكان رەفتاریان لەگەڵ كردووە و لێیانداوە”. دوای بردنی پیاوەكان، ئەو منداڵە كوڕانەشیان برد كە تەمەنیان لە 9 ساڵ بەرەوژوور بوو. 

“ئێمە بە دەست داعشەوە نەفەوتاین، ئەوانەی ئێشی فەوتاندنی ئێمەیان سەختتر كردبوو ئەو ئێزدییانە بوون كە كرێگرتەی داعش بوون”. ئەم وشانە زۆر بە قورسی لە زاری ئەمیرە دەهاتنە دەرێ‌.

كات نیوەڕۆیە، شوێن ئەو زیندانەیە ژن و كچەكانی تێدا كۆكراونەتەوە. ژمارەیەكیان لە ئافرەتێك كۆببوونەوە بۆ ئەوەی هێوری بكەنەوە، بەڵام ئەو بەكوڵ دەگریا بەسەر دایكیدا كە وەك ئەوەی لە خەوێكی قورسدا بێت، تەنانەت هەناسەدانیشی وازلێهێنابوو. ئەو دایكەی تەنانەت فریای ئەوەش نەكەوتبوو بۆ دواهەمینجار، بەدەستەواژەیەكی كورتیش بێت ماڵئاوایی لە كچە دەروون هەڵقرچاوەكەی بكات :”بەڵام دوو چەكدار هاتن و ژنەكانیان دوورخستەوە، تەنەكەیەك ئاویان كرد بە ژنە مردووەكەدا و دەیانگوت درۆ دەكات نەمردووە، دەیانویست هەستێتەوە و سزای بدەن لەسەر ئەو نواندنە. ئەوان تەنانەت بڕوایان بە مردنەكەشمان نەدەكرد”.

كرێگرتەكان هەموو شتێكیان بۆ داعش ئاسان كردبوو، لە هەموو جوڵەیەكی كچان و ژنان ئاگاداریان دەكردنەوە  “لەناو كچ و ژنەكانیش جاسووسیان بەسەرمانەوە دانابوو، هەر بە كرێگیراوەكانیش بوون فێڵی ئەو كچ و ژنانەیان بۆ ئاشكرا دەكردن كە خۆیان دەكرد بەلاڵ و شێت و نەخۆش بۆ ئەوەی نەبرێن و نەفرۆشرێن و دەستدرێژی نەكرێتە سەریان”. ئەوانەی دەبوونە كرێگرتە، دەبوو لە نێو قوربانییەكاندا ماسكی قوربانی بپۆشن و هەمیش چاوفرمێسكاوی و دەم پڕ لە سكاڵا دەربكەون بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبن و مینەكانیان پوچەڵ نەبنەوە. 

یاسایەكی سەیر

هیچ هەواڵێك لە گەڕانەوە و پەیدابوونەوەی پیاوەكان نەبوو. پاسەوانانی زیندانەكە هەمیشە بە “نازانم” و “ئەوە كێشەی ئێوە نییە” و “ئەوانە چیدی هاوژینی ئێوە نین” وەڵامیان دەدایەوە. بەڵام ئەو بەیانییە وەڵامە گورچكبڕەكە گەیشت، كاتێك ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیلی نەفەرهەڵگریان بینی گەیشتنە بەردەم زیندانەكە و پێیانراگەیاندن خۆیان ئامادە بكەن، بەڵام ئافرەتەكان نەیاندەزانی بۆ كوێیان دەبەن، تا چەكدارێك دەنگگڕ هاواری كرد “دەتانبەین بۆ رەققە”. ئەمەش بە مانای ئەوە بوو كە چیدی پیاوەكان نابیننەوە و پەردەی شانۆی ژیانیان دادراوەتەوە.

كاروانی ئۆتۆمبیلەكان گەیشتنە رەققە. ئەمیرە دەڵێت رووخساری چەكدارەكان بە بینینی ئەو هەموو ئافرەت و منداڵە گەشابووەوە، چونكە ئەوە بەمانای ئەوە دەهات، بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچان و ژنان گەرموگوڕی تێكەوتووەتەوە.

ژمارەیەك لە كچ و ژنان برانە شوێنێك كە بە تێگەیشتنی ئەمیرە زۆرتر لە فڕۆكەخانە چووە. یەكێك لە والییەكان چەكدارانی ئاگاداركردووەتەوە بەپێی مەراسیمێك هەر كەسە و سەبییەی خۆی دەستدەكەوێ.

“سەرەتا پێیانگوتین بۆ ماوەی یەك سەعات لەگەڵ چەكدارەكان تێكەڵ ببین. من نازانم ئەوە بۆچی بوو، دواتر بە چەكدارەكانی خۆیان گوت، وەك دیوارێكی رێك بەتەنیشت یەكەوە بوەستن. ئینجا بەرامبەر بە چەكدارەكان ئەو دیوارەیان بە ئێمەش دروستكرد و گوتیان سەرمان بەرز بكەینەوە و سەیری ئەوان بكەین، دواتر والییەكە روویكردە چەكدارەكان و گوتی هەر كەسێك سەبیەی خۆی لە ریزەكەدا دەستنیشان بكات”. 

هەرچەندە لە نێو ریزی كچ و ژنەكاندا، هەبوون زیاتر لە كەسێك چاوی تێبڕیبوون و هەموو پێوەرەكان بە دەست جوانییەوە بوون، بەڵام دەبوو تەنیا كەسێك بكرێتە ئامانج. ئەوەی دەستی بۆ ئەمیرە راكێشا، چەكدارێك بوو بەناوی ئەبوو عوبەیدە، ئەو پیاوەی لە میسرەوە خۆی گەیاندبووە سووریا بۆ ئەوەی رووبەڕووی كاولكارییەكانی بەشار ئەسەد ببێتەوە، بەڵام دواتر لە نێو داعشدا خۆی بینیبووەوە. 

هەڵبژاردنەكە بە دڵخۆشیی هەموو پیاوەكان كۆتایی نەهات، بەڵام بەو پێیەی پێیانوابوو فەتواكان چەند بە ئاسانی دەرگای كڕین و فرۆشتنی كەنیزەكەكانی بۆ خستوونەتە سەرپشت و دەتوانن هەر ساتێك بیانەوێ ژنانی جوانتر بكڕن، نیگەرانییەكانیان دەڕەوییەوە :”ئەبوو عوبەیدە لێم نزیك بووەوە و پێیگوتم وەرە لەگەڵم بابچینە لای ئەو ئەمیرە. ئەمیر پیاوێك بوو لەسەر كورسییەكی دانیشتبوو مێزێكی لەبەردەمدا بوو ناوی ئەوانەی دەنووسی كە سەبیەی خۆیان هەڵبژاردبوو، ناوی ئێمە و هەموو زانیارییەكانی لەسەر كاخەزێك نووسی و دواتر روویكردە ئەبوو عوبەیدە و پێیگوت: پیرۆزە، ئێستا ئەمە سەبیەی شەرعی خۆتە و تۆ خاوەنی راستەقینەی ئەوی”.

یان خۆت یان كچە  9 ساڵەكەت

ئەمیرە كاتێك كەوتە دەست چەكدارانی داعش، 4 منداڵی هەبوو. كچێكی تەمەن 9 ساڵ و كچێكی 8 ساڵ و دوو كوڕی بچوك. بە ناچاری خۆی و منداڵەكانی كەوتنە دوای چەكدارە میسرییەكە تاوەكو بچنە نێو ئەو ماڵەی لە داعش وەریگرتبوو. ماڵێكی گەورە و پڕ لە كەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵ :”هەمیشە بیرم لەوە دەكردەوە، دەبێت لە بەرامبەر چی ئەم ماڵە گەورە و گرانەیان پێدابێت؟ بەشی دوو ماڵ كەلوپەلی تێدابوو”.

 بە بەراورد بەو داعشانەی پێشتر بینیبووی، ئەبوو عوبەیدە لە هەڵسەنگاندنی ساتە بەراییەكاندا ئێجگار خراپ نەبووە “بەڵام یەكەم ئێوارە كە ویستی سەرجێیم لەگەڵ بكات، رەتمكردەوە و خۆم نەدا بە دەستییەوە، تەواو گۆڕا”. ئەمە وەك ئەوە وابوو، بە سەوڵێكی رزیو و بەلەمێكی بێچارۆكەوە، بەرەنگاری شەپۆلە تووڕەكانی دەریایەكی بەقینهاتوو  ببیتەوە. ئەبوو عوبەیدە دڵنیای كردەوە لە كۆتاییدا ئەو كارە هەردەكات و هیچ لە دەستی خۆیدا نامێنێتەوە “بەڵام باشترە ئەوەندە تووڕەم نەكەیت ئەشكەنجەت بدەم”.

كچەكەی چاوی لە دایكی بوو لە چێشتخانەكەدا دەنك دەنك، حەبەكان رۆ دەكاتە نێو دەستییەوە بۆ ئەوەی بیخوات و لە رێگای مردنەوە رزگاری ببێ. دەگریا و داوای لێدەكرد ئەوە نەكات، بەڵام ئەمیرە لە نەخۆشخانە خۆی بینیوە و گەدەیان بۆ شۆرد و بردیانەوە بۆ ماڵەوە :”ئەبوو عوبەیدە دیسان هاتەوە لام و پێیگوتم رازی دەبیت؟ ئەگەر نا كچەكەت دەفرۆشم و هەر رۆژە و چەكدارێكیش دێنمە لای خۆت، ئیدی رازی بووم و تەسلیمی بووم”.

بیركردنەوە لە چارەنووسی دوو كچەكە منداڵەكەی، گەواڵە هەورێكی رەش بوون و هەموو رۆژێك ئاسمانی دڵی ئەمیرەیان دادەپۆشی. چونكە دڵنیابوو لەوەی ئەبوو عوبەیدە، ئەگەر باشترین پیاوی نێو رەققەش بێت، دواجار ئەو داعشییەكی لەوە تووڕەترە بتوانی لەبارەی یاسا و رێساكانەوە دانوستاندنی لەگەڵ بكەیت و ئاوازی سەرەڕۆییەكانی ناشێوێنێ، هەر بۆیە ئەمیرە وەك باڵندەیەكی تەریو و ئۆقرە نەگرتوو، لەو رۆژە دەترسا كە دڵنیا بوو زوو بێت یان درەنگ، هەر دێت.

داعش ئەمەیە

دوای 20 رۆژ، ئەبوو عوبەیدە خوازبێنی كچێكی عەرەبی سووری كرد و دوای كەمتر لە هەفتەیەك گواستییەوە ماڵە قەشەنگەكەی. یەكەم قسەی سوهام، كاتێكە گەیشتە نێو ماڵەكە، هۆشدارییەك بوو بۆ هاوژینە میسرییەكەی “من قبوڵم نییە ژنی دیكە لێرە هەبن”. 

تارمایی ئەو رۆژانەی ئەمیرە زیڕەی لێكردبوون، بەهاتنی سوهام وردە وردە دەركەوتن :”تاوەكو 12 شەو كاری بە خۆم و كچەكانم دەكرد، نەیدەهێشت كەس دابنیشێ، هەر كار نەبووایە، دەیگوت جارێكی دیكە كەوانتەر و دەرگا و پەنجەرەكان بسڕنەوە. هەر كێشەیەكی لەگەڵ ئەبوو عوبەیدە هەبووایە، بە خۆم و منداڵەكانمی دەڕشت. ئینجا كچە تەمەن نۆ ساڵەكەمی كردە خزمەتكاری تایبەتی خۆی، پاشان خستییە مێشكی پیاوەكەیەوە كچەكەم بفرۆشێت”.

بۆ ئەوەی ئەبوو عوبەیدە كچەكەی لەدەست نەستێنێ.  ئەمیرە بە دڵ و بە گیان خزمەتی ئەبوو عوبەیدەی دەكرد “ئێواران كە دەگەڕایەوە، قاچەكانیم لە نێو تەشتێك ئاوی شلەتێن و خوێیاودا دەشۆڕی. بە تەواوی رووم پێدابوو، بۆی پێدەكەنیم” بەڵام رۆژێك ئەو تێزابەی رشت بە دڵیدا و گوتی “كچەكەت دەبەم و دەیفرۆشم”.

زۆر لەبەری پاڕایەوە. وەك ئەو لاولاوەی دەئاڵێتە درەختەكان، لە قاچەكانییەوە ئاڵا. فرمێسك بەسەر پێڵاوەكانیدا لە تكان نەدەكەوتن، بەڵام ئەو دڵانە لە مێژ بوو كلیل درابوون و  فرمێسك نەیدەكردنەوە “كچەكەمی فرۆشت بە كەسێك ناوی ئەبوو ئیبراهیم بوو، ئەویش میسری بوو”.

ئەمیرە: بەراست ئەوەی ئێوە دەیكەن گوناه نییە، هەست بە تاوان ناكەن؟ 

ئەبوو عوبەیدە: نا. ئەوە شەریعەت رێگەی داوە.

ئەمیرە: تەنانەت لەگەڵ كچێكی منداڵیش؟

ئەبوو عوبەیدە: ئەگەر كچەكە تەمەنی پێگەیشتوو نەبوو، رێگەدراوە چێژی لێوەربگری.

ئەمیرە: بەڵام جارێك بینیم چەكدارێك دوو خوشكی بردە لای خۆی؟

ئەبوو عوبەیدە: رێگە پێدراوە، بەڵام ناكرێ بەیەكەوە و لەیەككاتدا لەگەڵ هەردووكیان سەرجێیی بكەی.

ئەمیرە، ژنێكی خوێندەوارە و نەیدەتوانی ئەو بوركانەی لە ناخیدا تەقیبووەوە، رێگای بۆ بكاتەوە بڕژێتە سەر كاخەزێك و وەك نامەیەك بینێرێت بۆ مرۆڤایەتی. بۆ پایتەختەكان و ئەو كۆشكانەی سەرۆكەكان باسی مرۆڤ و مافەكانی دەكەن. ئەگەر بیتوانیبا، هەر نەبێت بۆ ئەبوو ئیبراهیمی دەنووسی، تۆ كەسێكت برد گلێنەی چاوانی من و خۆشەویستی ژیانی من بوو. من نازانم ئێوە كێن. بەڵام لە ئێوارەیەكی درەنگوەختدا، ئەو كاتەی منداڵەكان چاوەڕێ بوون بگەڕێتەوە و یەك بەیەك ماچیان بكات، ئێوە بە فیشەكێك باوكیانتان كوشت و دواتریش خۆیتان دزی.

“سێ دانە رۆژ دەمم لە نان نەدا. لەتاو چارەنووسی كچەكەم نەمدەزانی چی بكەم”. ئەمیرە بێئاگابوو لەوەی كە هێشتا سوهام دەیەوێ رۆژی رەشتر بهێنێتە سەر رێگای، بەردەوام بەڕووی دا دەدایەوە كە هەرچی بووێت دەیكات و ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەی ئەمیرە ئومێد لەسەر هیچ پلانێك هەڵنەچنێ.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here