لیوایەك و بارەگایەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داعش لەنێوبران

0
570

 گوتەبێژی هاوپەیمانان دەڵێت داعش نزیکەی هەزار چەکداری لە بەری راستی موسڵ ماون
گوتەبێژی هاوپەیمانان دەڵێت داعش نزیکەی هەزار چەکداری لە بەری راستی موسڵ ماون

رووداو ـ هەولێر

وێرانكردنی لیوای ئەبو عوبەیدەی داعش، كوژرانی 10 چەكدار و ژمارەیەک پسپۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داعش لە بەری راستی موسڵ راگەیێندرا.

لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، بارەگای لیوای ئەبو عوبەیدەی سەر بە فیرقەی فرقان بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 10 چەكداری داعش كوژراون، سەرەڕای برینداربوونی سالم ئەلعوسمان ناسراو بە ئەبو قەحتان، بەرپرسی ئاسایشی لیواكە لە گەڕەكی سەورە کە دەکەوێتە بەری راستی موسڵ.

هاوکات لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، پاڵپشت بە زانیارییە هەواڵگرییە سەربازییەکانیان، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بارەگایەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داعشیان لە ناوچەی ئیسلاح زراعی لە بەری راستی موسڵ بۆردوومان کرد.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەو بۆردوومانەی فڕۆکەکانی هاوپەیماناندا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی داعش سووتان و سەرجەم پسپۆرانیش کە بیانین، کوژراون.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش، نزیکەی هەزار چەكداری داعش لە بەری راستی موسڵ ماون. جۆن دۆریان، گوتەبێژی هاوپەیمانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند “كەمتر لە هەزار چەكداری داعش لە بەری راستی شاری موسڵ ماون، ئەوانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكان گەمارۆدراون و دەرفەتی هەڵاتنیان نییە، یان دەبێ خۆیان رادەست بكەن، یان دەكوژرێن.”

دۆریان هەروەها گوتی “ئەمە قۆناخێكی ترسناك و سەختە، چونكە خەڵكێكی زۆری سڤیل لە ناوچەكە ماون و داعش وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دێنێت، بۆیە هێزە ئەمنییە هاوبەشەكانی عێراق بەهێواشی پێشڕەوی دەكەن، لە كۆتاییشدا داعش لەنێودەبرێت، بەڵام ناتوانین هیچ كاتێك دیاری بكەین”.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here