لیژنەی فەتوا: شۆفێری ئافره‌تان حەرام نییە

0
266

ئەو نامیلکەیەی باس لە حەرامێتی شۆفێری ئافرەتان دەکات
ئەو نامیلکەیەی باس لە حەرامێتی شۆفێری ئافرەتان دەکات

رووداو- هەولێر

ئەندامێکی لێژنه‌ى باڵاى فەتواى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی نامیلکەیەک کە باسی حەرامی شۆفێری ئافرەتان دەکات، دەڵێت “حه‌رامێتی شۆفێری ئافره‌تان فه‌توایه‌كى نامۆیه ‌و دووره‌ له‌ واقیع‌، له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان ناگونجێت”. یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستانیش لەبارەی هەمان پرسی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

ماوەیەکە نامیلكه‌یه‌ك كه‌وتووەته‌ بازاڕه‌كانی هەرێمی كوردستانەوە، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ حه‌رامكردنى شۆفێری ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن ئافره‌تانه‌وە، باس له‌وه‌ ده‌كات، شۆفێری بۆ ئافرەتان حه‌رامه‌ و دروست نییه. نامیلكه‌كه‌ له‌ به‌ زمانى عه‌ره‌بى نووسراوه‌ و وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانى كوردى.

د. ئه‌حمەد شافیعی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان لە راگەیێندراوێکدا، کە لە ماڵپەڕی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت “ئه‌م جۆره‌ فه‌توایانه‌ تایبه‌تن و بۆ وڵاتی سعودیه‌ ده‌ركراون. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نییه‌. به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ ئه‌م فه‌توایه‌ فه‌توایه‌كى نامۆیه‌ و دووره‌ له‌ واقیع و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان ناگونجێت”.

د. ئه‌حمەد شافیعی ئاماژە بەوە دەکات، بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ فه‌توایانه‌ هیچ خزمه‌تێك به‌ بنه‌ما گشتییه‌كانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام ناكات، “به‌تایبه‌تیش ده‌ست خستنه‌ ناوه‌وه‌ى سه‌روه‌رى وڵاتێكه‌ كه‌ خۆى چه‌ندین زاناى گه‌وره ‌و پسپۆڕى هه‌یه‌ له‌ بوارى فیقهی ئیسلامى و لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌یه‌. پێویستى به‌ هاورده‌كردنى فه‌تواى هیچ شوێنێكى دیکە نییه‌”.

ئەو ئەندامەی لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێمى كوردستان “سەرسوڕمانی” خۆی دەردەبڕێت “كه‌ بۆچى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى رێگه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ نامیلكانه‌ ده‌دات، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى تێكدانى كه‌شوهه‌واى ئارامى نێو كۆمه‌ڵگه ‌و دڵه‌ڕاوكێ و كێشه‌ى ئایینى، كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌رته‌وازه‌یى لێ‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، زیاتر ناسه‌قامگیرى و ئاسایشى ناو خێزان تێكده‌دات”.

د. ئه‌حمه‌د شافیعی: حه‌رامێتی شۆفێری ئافره‌تان دووره‌ له‌ واقیع ‌و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى ژینگه‌یى هه‌رێمى كوردستان ناگونجێت

ده‌رباره‌ی فه‌تواكه‌، د. ئه‌حمەد شافیعی گوتی “ئه‌وانه‌ى فه‌تواى حه‌رامێتى شۆفێرى ئافره‌تانیان داوه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كى سه‌حیح و دروستیان نیه‌ له‌ قورئانى پیرۆز و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ر (د.خ). ئه‌و به‌ڵگانه‌ى كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا هاتوون و فه‌توایان پێدراوه‌ هیچ كامیان (صریح الدلالة) نین و، نابنه‌ حوجه‌ى قه‌تعی و پشتیان پێنابه‌سترێ له‌ڕووى فه‌تواوه‌، به‌ڵكو زیاتر وه‌هم و خه‌یاڵه‌ و هه‌ندێ (إستباطه) بۆچوونه‌كانیان له‌ واقیعی گه‌وره‌یى و فراوانى ئایینى پیرۆزى ئیسلام دووره”‌.

ئه‌حمەد شافیعی بەناوی لیژنه‌ى باڵاى فه‌تواى هه‌رێمی كوردستان دەڵێت “هه‌موو ئه‌و جۆره‌ فه‌توایانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌‌وه‌ و به‌ په‌سندى نازانین. پێمانوایه‌‌ پێچه‌وانه‌ى ئازادییه‌‌كانى ئایینی پیرۆزى ئیسلامه‌ بۆ مافه‌كانى مرۆڤ. ناگونجێن له‌گه‌ڵ واقیع و هه‌لومه‌رجى ئه‌مڕۆدا، چونكه‌ ئەسڵ و بنه‌ما له‌ شته‌كاندا رێگه‌پێدانه‌. بۆیه‌‌ ئافره‌تان ده‌توانن شۆفێرى بكه‌ن به‌ مه‌رجى تایبه‌تى خۆى، به‌ به‌ڵگه‌‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئافره‌تان له‌ سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌رى خودا رێگه‌یان پێدراوه‌ سوارى هه‌موو جۆره‌‌ ئاژه‌ڵێكى سواریى ببن”.

هاوکات یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت “پێمان سەیرە دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو زەمەنە و رۆڵبینینی ئافرەت لە سەرجەم بوارەكاندا، هەندێ كەس بەناوی ئیسلامەوە رێگە بە خۆیان بدەن بۆ وەرگێڕان و خستنەبازاڕی هەندێك نامیلكە و فەتوای بەسەرچووی ناواقیعی”.

یەكگرتووی خوشكان لە روونكردنەوەكەدا فەتوای حەرامبوونی شۆفێری ژنان لە كوردستان بە شتێكی قبوڵنەكراوە وەسف دەكات و دەڵێت‌ “لە خودی سعودیەش، كە وڵاتێكی داخراوە بەڕووی ژناندا، ئەو فەتوایەیان تێپەڕاندووە و بەشێ لە ژنان بە پێداگری خۆیان شۆفێرن”.

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەدا هاتووە “وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو بەناو فەتوایە، دەڵێین زۆر دەمێكە ئەو جۆرە بۆچوون و فتوایانەمان تێپەڕاندووە. ژنانی هەرێمی كوردستان قۆناخی زۆریان بڕیوە و لە بوارەكانی ژیانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زانستی و پیشەیی پێشكەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە”.

ئەو رێكخراوەی ژنان داوا لە ئافرەت و پیاوانی كوردستان دەكات “دوور لە هەر چوارچێوەیەكی تەسكی فیكری واز لە هاوردەكردنی هزری ناواقیعی و دژ بە رووحی ئیسلام و لۆژیكی سەردەم بهێنن و ژنانی كوردستانیش گوێ‌ بەم قسانە نەدەن”.

ماوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نامیلكەیەك بە ناوی “فەتوای گەورە زانایان سەبارەت بە حەرامێتی شوفێر كردنی ئافرەتان” بڵاوبووەتەوە، كە 10 زانای ناسراوی سعودی بە بەڵگەوە شوفێری ژنانیان حەرام كردووە، كەسێكیش بە ناوی عەبدوڵڵا خالید نامیلكەكەی كردووەتە كوردی.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here