لەبارەی رێککەوتنی نێوانیان گۆڕان هۆشداری دەداتە یەکێتی

0
428

یەکێتی: ئاستەنگ کەوتووەتە پێش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە

 رووداو – سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر رێککەوتنی نێوانیان هۆشداری دەداتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و رایدەگەینێت باشترە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە یەکێتی کات بە فیڕۆنەدات، چونکە وەک بەرپرسانی گۆڕان دەڵێن ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، هەردوولا “زیاندەکەن”.

مانگێکی دیکە واتا 19ـی ئایاری 2017 ساڵێک بەسەر رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی، کە بە ئامادەبوونی  مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لە دەباشان واژۆکرا، تێدەپەڕێت. یەکێتی نایشارێتەوە ئاستەنگ کەوتوونەتە پێش، بەڵام جەخت لە جێبەجێکردنی دەکاتەوە.

مانگی داهاتوو دەبێتە ساڵێكی تەواو بەسەر ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی بە ئامانجی “هاوسەنگی لە دەسەڵات و كارتی فشار بۆ سەر پارتی” واژۆیانكرد. بەڵام ئێستا جگە لە گلەیی لەسەر سستی ئەو رێككەوتنە، گازندەش لەسەر رێككەوتنەكەی پێشتریشیان هەیە، كە بەهۆیەوە كێكی حكومڕانی سنووری سلێمانییان پێ دابەشكرد.

گۆڕان لەبارەی رێككەوتنەكەوە زەنگێكی ئاگاداركردنەوەی مەترسیدار بۆ یەكێتی لێدەدات.

عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت “ئێستا هەست بە مەترسییەكی گەورە لەسەر رێككەوتنەكە دەكەین، بۆیە ئومێدەوارین یەكێتی دەرفەتی بەفیڕۆنەدات و بەپیری رێككەوتنەكەوە بێت، ئەگینا هەردوولا زەرەر دەكەین”.

لە بەرامبەر گلەییەكانی بزووتنەوەی گۆڕاندا، یەكێتی هەموو جارێك جگە لە دووپاتكردنەوەی بۆ پابەندبوون بە رێككەوتنەكە، قۆناخی پێكەوەیشیان بە گرنگ وێنادەكات، بەڵام لای گۆڕان و خەڵكیش پرسیارێك دروستبووە، مادام رێككەوتنەكە ئەوەندە گرنگ و پێویستە كێ دژایەتی دەکات؟

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت “رێككەوتنەکان لەمپەری هاتووەتە بەردەم، بەڵام بە رەزامەندی هەردوولا كراوە و واژۆی بەرپرسانی بەسەرەوەیە، بۆیە لەڕووی ئەخلاقی و سیاسی پێویستە جێبەجێ بكرێن”.

بوونی دوو رێككەوتننامە لەنێوان یەكێتی و گۆڕانیشدا، ئەگەرچی كرچ و كاڵ و سستیش بن، بەڵام بۆ هەوادارانی هەردوو لایان لە سلێمانی مایەی ئارامییە، بەو پێیەی لە ساڵانی سەردەمی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی و چوار ساڵی ئۆپۆزیسیۆن بوونی گۆڕاندا، هەردوولا تاوەکو حاڵەتی مریشكەڕەشەكە لە یەكدیان خوێند.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here