لە ترسی دەستدرێژیی داعش، قژی كچەكەی هەڵدەپاچێ

0
257

 ئەم كوردە ئێزدییانە لەگەڵ خۆیان چەندین چیرۆكی تراژیدییان هێناوەتەوە
ئەم كوردە ئێزدییانە لەگەڵ خۆیان چەندین چیرۆكی تراژیدییان هێناوەتەوە

رووداو- دهۆك

پیاوەكان بە ریشێكی درێژەوە و ژنەكانیش بەشێكیان هێشتا ئەو پەچە رەشەیان لانەدابوو كە داعش بە زۆر بەسەریدا سەپاندبوون، ئەمان لەم ماوە درێژەی كە لەبن دەستی داعشدا بەسەریان بردووە، بە تەواوی دەقیان بەو شێوە ژیانەوە گرتووە كە داعش بەسەر خەڵكی ناوچەكانی بندەستی خۆیدا سەپاندوون، ئەم كوردە ئێزدییانە لەگەڵ خۆیان چەندین چیرۆكی تراژیدییان هێناوەتەوە.

رۆژی 29/4/2017 هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر زەوی و هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە، توانییان 36 كوردی ئێزدی لە شارۆچكەی بەعاجی ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن. ئەوان لە دوای 3/8/2014 و دوای داگیركردنی شنگال، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرابوون.

ئەو 36 كەسە گەیێنرابوونە یەكێك لە هوتێلەكانی شاری دهۆك، كاتێك (رووداو) قسەی لەگەڵ كردن، هێشتا ترس لە داعش لە روخساریاندا بەدی دەكرا. 

خاتێ‌، ژنێكی تەمەن 45 ساڵە، زوو زوو سێ‌ منداڵەكەی لە باوەش دەگرێ‌ وەك ئەوەی ترسی هەبێ‌ دووبارە داعش بیانڕفێنێ‌. ئەو ژنە چیرۆكی رفاندنیانی لەلایەن داعشەوە بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی “ئەو رۆژەی داعش هاتە شنگال، ئێمە بەرەو چیای شنگال هەڵاتین، دواتر عەرەبێكی شنگال تەلەفۆنی بۆ كردین و گوتی بگەڕێنەوە داعش هیچتان لێ‌ ناكات، بەڵام كە گەڕاینەوە داعش دەستگیری كردین و بردیانین بۆ قوتابخانەیەك، لەوێ‌ ژن و پیاوەكانیان لە یەكدی جیاكردەوە و ژن و منداڵەكانیان بەرەو تەلعەفەر برد”.

ئەو ژنە دەڵێت لەو ماوەیەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بووە، هەشت شوێنیان پێكراوە، دواتر لەگەڵ سێ‌ منداڵەكەی لە رەققە لە ماڵی داعشێكی بە رەگەز سعودی دانراوە. ئەو ژنەكە دەڵێت “داعشەكە سێ‌ كچەكەی لەسەر ناوی خۆی تۆماركردن”. 

بەڵام زۆر ناخایەنێ ئەو چەكدارەی داعش دەكوژرێ‌. خاتێ‌ دەڵێت “ئەو چەكدارە ژنێكی دیكەی هەبوو، ژنەكە دوای كوژرانی مێردەكەی، پێیگوتم لە پێناوی مێردەكەم خۆت و منداڵەكانت ئازادن. دواتر لە رێگەی كەسێكەوە هاتینە ناوچەی بەعاج”.

یەكێك لە كچەكانی خاتێ، تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بووە، بەڵام دەڵێت چەكدارێكی داعش چاوی تێبڕیبوو. خاتێ‌ گوتی “رۆژێكیان چەكدارێكی داعش هاتە لامان، سەیری كچە تەمەن نۆ ساڵانەكەمی كرد و گوتی ئەوە زۆر جوانە، بەڵام ئێستا بە پەلەم و دواتر دێمەوە. بەر لەوەی چەكدارەكە بگەڕێتەوە، قژیم بە شێوەیەكی زۆر ناشیرین بڕی، جلێكی شڕیشم لەبەر كرد، بە كچەكەمم گوت ئەگەر چەكدارەكە هاتەوە خۆت وەكو شێت لێ‌ بكە”.

بە گوتەی خاتێ‌، چەكدارەكە دوای سێ‌ رۆژ گەڕاوەتەوە و پرسیاری كچەكەی كردووە، بەڵام ئەو كچەی نەناسیوەتەوە. خاتێ‌ دەڵێت چەندین جار كچەكەی بەو جۆرە لە دەستدرێژیی چەكدارانی داعش رزگار كردووە.

ئەو ژنە لەگەڵ شەش منداڵەكەی رزگار كراون، بەڵام هێشتا چارەنووسی هاوژینەكەی دیار نییە. ئەو دەڵێت “هەر سەرەتا هاوژینەكەم لە ئێمە جیاكرایەوە، هیچ لەبارەی چارەنووسی ئەو نازانم”.

لە ترسی كوشتن بووە موسوڵمان

لەو 36 كەسەی رزگاركران 26شیان منداڵ بوون، لەگەڵ پێنج ژن و پێنج پیاو. ئەحمەد یەكێكە لە رزگاربووان، ئەو كە سەرجەم خێزانەكەی لە چنگی داعش رزگاركراون، چیرۆكی زیندوومانەوەی خۆی و خێزانەكەی باسكرد و گوتی “كاتێك كەوتینە دەستی داعش، داوایان لێكردین ببینە موسوڵمان بۆ ئەوەی ژیانمان پارێزراو بێ، ئێمەش بۆ پاراستنی نامووس و كەڕامەتی خۆمان بووینە موسڵمان. پاشان ئێمەیان بردە نزیك بەعاج و لەوێ‌ كشتوكاڵیان پێدەكردین”.

ئەحمەد و ئەوانەی بووبوونە موسوڵمان لەژێر چاودێرییەكی توندی چەكدارانی داعشدا بوون، دەبووایە هەموو ئەركە ئاینییەكان جێبەجێ‌ بكەن. ئەحمەد دەڵێت “دەبووایە هەر پێنج فەرزەكە بچینە مزگەوت و بە جەماعەت نوێژ بكەین. ئەوەی نەبووایە بە موسوڵمان ژیانی سەلامەت نەبوو”.
ئەحمەد و ژمارەیەك كوردی ئێزدی تاوەكو ماوەیەكیش دوای كۆمەڵكوژییەكەی داعش هەر لە كۆچۆ هێڵدرابوونەوە. ئەو دەڵێت “داعش 400 كەسی لە كۆچۆ كوشت، بۆنی تەرمەكان بە شارۆچكەكەدا بڵاوبووبووەوە، هەفتەیەك بوو نەماندەتوانی نان بخۆین”.

ئەحمەد قەت ئەو كارەساتانەی بیر ناچنەوە كە داعش بەسەر كچان و ژنانی ئێزدی هێناون و نموونەیەك باس دەكات و دەڵێت “خانووەكەی تەنیشتم هەشت كچی ئێزدی تێدابوون، شەوان بە چاوی خۆم دەمبینی دوو دوو چەكدارانی داعش دەهاتن كچێكیان لەگەڵ خۆیان دەبرد و بەیانیش دەیانهێنانەوە، من دڵنیام دەستدرێژییان دەكردنە سەر”.

ئەحمەد زانیاری لەبارەی ئەو گەنج و منداڵە كوڕانە ئاشكرا دەكات كە لەلای داعشن و دەڵێت “راهێنانیان پێدەكردن. چەند رۆژێك بەر لەوەی ئازاد بكرێین، پیاوێك پێیگوتم 20 گەنج و منداڵی ئێزدی لە نزیك تەلعەفەر بۆ داعش شەڕ دەكەن. یەكێك لەو منداڵانەش كە داعش راهێنانی پێكردوون، لە شەڕدا كوژراوە”.

ئەحمەد باسی رەوشی داعش دەكات پاش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و دەڵێت “داعش بەمدواییە ورەی تەواو رووخابوو، زۆربەیان ژن و منداڵەكانیان بەرەو سووریا و توركیا برد، ئێستا بەس داعشە بیانییەكان ماون، عەرەبەكانی ناوچەكە زۆربەیان چەكیان داناوە”.

سەبارەت بە گوزەرانی خەڵكیش لە سایەی داعش. ئەحمەد گوتی “خواردن زۆر بە زەحمەت دەست دەكەوت، بە تایبەتی لەو چەند مانگەی دواییدا، مانگانە هەر كەسێك تەنیا دوو كیلۆ ئاردی وەردەگرت”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here