لە دەستپێکی شەڕی موسڵەوە سەتان کەس بوونەتە کەمئەندام

0
183

لە سێ مانگی یەکەمی 2017 قاچ بۆ 148 هاووڵاتی موسڵ دانراوە

رووداو- موسڵ

لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لە تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، سەتان کەس لەو شارە و دەورووبەری بوونەتە کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. 

لە نزیک شاری هەولێر کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی قاچی دەستکرد هەیە، کە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوورەوە سەرپەرشتی دەکرێت. 

ستافی ئەم لیژنەیە و رێکخراوی نێودەوڵەتیی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان، لە ساڵی 2016دا قاچیان بۆ هەزار و 212 کەس داناوە کە 477 کەسیان خەڵکی موسڵ بوون. ئەوان لە سێ مانگی یەکەمی 2017یشدا قاچیان بۆ 148 کەسی دیکەی خەڵکی موسڵ داناوە. 

لە شەڕی خوێناوی نێوان هێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش لە موسڵ هەزاران کەس برینداربوون و سەتانی دیکەش قاچێک یان هەردووقاچیان لەدەستداوە. 

یەکێک لەو کەسانە “رەییان ساڵح”ە، کە لە ئەنجامی تەقینەوەیەک قاچی راستی لەدەستدا و قاچی چەپیشی بە سەختی برینداربوو. 

پزیشکەکان دەڵێن، راهێنانی بەردەوام و دانانی قاچێکی دەستکرد بۆ “رەییان” یارمەتیدەرێک دەبێت بۆ ئەوەی تاوەکو چەند مانگێکی دیکە ئەم پیاوە بتوانێت لە سەر جێگا هەڵسێتەوە و بڕوات بە رێگادا. 

ئێلیسا فۆرت، ئەندامی رێکخراوی نێودەوڵەتی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەکان رایگەیاند: “ئێستا محەممەد چارەسەری سرووشتی دەداتە یەکێک لە قوربانییەکان. ئەو چەند مانگێک پیش ئێستا لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە موسڵ برینداربوو و کچەکەیشی لەدەستدا. ئێستا یەکێک لە قاچەکانی شکاوە و ئەوی دیکەشیان پاش تەقینەوەکە دەبوایە ببڕدرایەتەوە. ئێمە ئەو ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە قاچێکی دەستکرد جارێکی دیکە بتوانێت بچێت بە رێگادا و زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت”. 

“رەییان” ئاماژە بەوە دەکات کە پاش تەقینەوەکە ژیانی زۆر سەخت بوو، بەڵام چارەسەرە سروشتییەکان هۆکارێکی باش بوون بۆ ئەوەی لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر رۆژێکدا باشتر بێت. 

رەییان سەڵاح ، لەوبارەوە دەڵێت: “نەمدەزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوە بکەم. سەرەتا قاچم زۆر ئاوسا بوو، بەڵام پزیشک بەستی و مەشقی پێکرد و ئیدی بەرە بەرە باشتر بوو. ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆیشتنەوە هەیە، سەرەتا نەمدەتوانی قاچم بجوڵێنم، بەڵام مەشقە بەردەوامەکان وایانکردووە باشتر بم”. 

زیادبوونی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی تەقینەوەکان لە عێراق قاچیان لەدەست دەدەن، وایکردووە چاوەڕوانیی هەر کەسێک لەوان بۆ هەبوونی قاچێکی دەستکرد بۆ ماوەی دوو مانگ درێژە بكێشێت، ئەمە لەکاتێکدایە خاچی سوور ستافەکەی زیاتر کردووە بۆ یارمەتیدانی ئەم قوربانیانەی جەنگ. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here