لە رۆژئاوای ئەنبار هێزێکی پاسەوانی سنوور دەکەوێتە بۆسەیەکی داعش

0
370

رووداو
رووداو

رووداو- ئەنبار

چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار هێرشیان کردە سەر هێزەکانی عێراق و بەهۆیەوە 9 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران، سێی دیکەشیان لەلایەن داعشەوە رفێنران. راوێژکارێکی پارێزگاکەش دەڵێت: دۆخەکە بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵ دایە و داعش هیچ شوێنێکی نەگرتووە.

سوفیان عیساوی، راوێژکاری پارێزگای ئەنبار بۆ کاروباری هێزەکانی پارێزگاکە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، چەکدارانی داعش لە رۆژهەڵاتی قەزای روتبە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەهۆیەوە ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان کوژران و بریندار بوون، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ ژمارەیەک بخاتەڕوو.

ئەو راوێژکارەی پارێزگاری ئەنبار ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا دۆخەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان دایە، هیچ ناوچەیەک نەکەوتووەتە دەست چەکدارانی داعش و فڕۆکە جەنگییەکانیش بەشدارییان لە تێکشکاندنی هێرشەکەی چەکدارانی داعش کردووە.

هەر لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار بە (رووداو)ی راگەیاند، چەکدارانی داعش لە ناوچەی سەقار لە رۆژهەڵاتی قەزای روتبە، لە بۆسەیەکەدا هێرشیان کردووەتە سەر سێ ئۆتۆمبێڵی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، بەهۆیەوە 9 سەرباز کوژراون و 3ی دیکە رفێنراون. داعش خراپی کەشوهەوای بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان قۆستووەتەوە.

بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، کاروانێکی پاسەوانی لیوای 60ی پاسەوانی سنوور لەلایەن چەکدارانی داعش هێرشی کراوەتە سەر ، لە ئەنجامدا 10 سەرباز کوژران و 20ی دیکە بریندار بوون.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here