لە زێی گەورە سێ رۆژە تەرمێک دۆزراوەتەوە و کەس نازانێت کێیە

0
194

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران: لەسەر جەستەی تاتۆیەک نەخشێنراوە
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران: لەسەر جەستەی تاتۆیەک نەخشێنراوە

رووداو – هەولێر 

پۆلیسی سۆران دەڵێت، سێ رۆژە لە زێی گەورە تەرمێک دۆزراوەتەوە، بەڵام کەس نازانێت کێیە و لەسەر جەستەیشی تاتۆیەک نەخشێنراوە.

رۆژی هەینی رابردوو، پۆلیسی سۆران بە رووداوێک ئاگاداردەکرێنەوە و دەردەکەوێت، کە تەرمی کەسێک لەنێو زێی گەورەدایە، گوتەبێژی پۆلیسی سۆرانیش دەڵێت “تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەو تەرمەی نەپرسیووەتەوە و ناشزانرێت کێیە”.

نەقیب هاوار ئەرگوشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “کاژێر 1:00ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 14-4-2017، لەلایەن هاونیشتمانیانی گوندی شیوەدز، کە دەکەوێتە نێوان شیلادزێ و خەلیفان بەبوونی رووداوێکی مردن لەنێو زێی گەورە ئاگادارکراینەوە و دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانرا تەرمەکەی لەنێو ئاوەکە دەربهێندرێتەوە، دواتر گەیێندرایە پزیشکی دادی سۆران”.

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران دەشڵێت” تەرمەکە نەناسراوە و هیچ بەڵگەیەکی لەگەڵ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەپێی ئاسەوارەکانی سەر جەستەی پێدەچێت ماوەیەک بێت کەوتبێتە ناو رووبار و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبار رۆژی هەینی سەر ئاو کەوتووە”.

لەبارەی شوێنەوار و ئاسەواری سەر جەستەی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتی “لەسەر جەستەی خاچێک (سەلیب) لە شێوەی تاتۆ نەخشێنراوە و هیچ ئاسەواری دیکەی پێوەدیارنییە”. 

تەرمی ئەو کەسە لە پزیشکی دادی هەولێرە و بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشکنین و راستی گیان لەدەستدانی ئەو کەسە، تەرمەکەمان رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە و  لێکوڵینەوەش لەچۆنییەتی رووداوەکە بەردەوامە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here