لە سەرپێڵی زەهاو هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئێران کۆدەکرێتەوە

0
298

سەرپێڵی زەهاو ناوەندی بوومەلەرزەکەی مانگی 11ـی 2017 بوو

رووداو – هەولێر

لەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دامەزراوە ئەمنییەکان و پۆلیس رێگرییان لە خەڵک نەکردووە، کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو لە باکووری ئێران پێکهاتووە.

هاونیشتمانییان بە رێژەیەکی زۆر شتومەک و هاوکارییە نەختییەکانیان دەدەنە دەست خەڵکی خۆبەخش، تاوەکو بیگەیێننە ناوچە زیان پێگەیشتووەکان.

تاوەکو ماوەیەک پێش ئێستا مزگەوتێکی شاری سەرپێڵی زەهاو کۆگای ئەو هاوکارییانە بوو، کە خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ئێرانەوە بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی کرماشان ناردبوویان، بەڵام ئێستا رەوشەکە تەواو پێچەوانەیە و لەوێوە هاوکاری بۆ شوێنە زیانلێکەوتووەکان بە لافاو دەنێردرێت. 

سەرپێڵی زەهاو ناوەندی بوومەلەرزەکەی مانگی 11ـی 2017 بوو و زیاترین زیانی گیانی و ماددی لەو شارە بوو، بۆیە باش لە ئازار و مەینەتی لێقەومان تێدەگەن.

گەنجانی سەرپێڵی زەهاو لە چەند شوێنی شارەکە بەشێوەی خۆبەخش دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری کردووە. لە گوندەکانی دەوروبەریش بە هەمان شێوەیە. چەندین بنکە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری نەختی و شتومەک کراونەتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە زۆربەی خەڵک هێشتا لە خێوەت و ژووری پلاستیکیدا دەژین، بەڵام هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاو دەکەن. 

ئەو کەسانەی هاوکارییەکان کۆدەکەنەوە، گوێیان لە پەیامی زیانلێکەوتووانی باکووری ئێران بووە، کە داوایانکردبوو خەڵک هاوکارییەکانیان راستەوخۆ بە دەستیان بگەیێنن، نەک لە رێگای دامەزراوە حکومییەکان و رێکخراوی مانگی سوورەوە. 

زیانلێکەوتووان دەڵێن، حکومەت و مانگی سوور لە دابەشکردنی هاوکارییەکاندا جیاوازی دەکات و هاوکارییەکانی خەڵکیش بەتەواوی ناگەنە ئەو شوێنانەی زیانیان پێگەیشتووە.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here