لە لەندەن نەمامێک بۆ پێنج هەزار قوربانی هەڵەبجە چێندرا

0
15

مەراسیمێک بۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

رووداو – لەندەن

لە هۆلاندپارکی کینزینگتۆنی لەندەن بە بەشداری پەرلەمانتار، باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نەمامێکیان بۆ پێنج هەزار قوربانی هەڵەبجە چاند. لێرە بەدواوە هۆڵاندپارک دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئەوانەی یادی 16-3 بەرز رادەگرن.

ماری ترێسە رۆسی، شارەداری کێنزینگتۆن و چێڵسی دەڵێت: “رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ هۆلاندپارک، زۆر دڵخۆشین کە لێرەین، بۆ ناشتنی نەمامێک رێزلێنان لە هەزاران قوربانیانی هەڵەبجە”.

جێگری شارەداری کینگستۆن و چێڵسی، خۆشحاڵە بەوەی رەزامەندی بەرپرسانی پایەبڵندی شارەوانییەکانی بەریتانیای بەدەستهێنا بۆئەوەی پارکەکە ئامێز بۆ نەمامی هەڵەبجە بکاتەوە. 
چونکە وەک رووداو زانیویەتی، پێشتریش داواکاری ئەرمەنەکان بۆ پڕۆژەیەکی لەوجۆرە رەتکرابوویەوە.

بەختیار مام شێخ، جێگری شارەداری کێنزینگتۆن و چێڵسی دەڵێت: “ئەو پەیوەندیەی خۆم بەکارهێنا بۆئەوەی کاریگەریان لەسەر دروستبکەم، تێیان بگەیەنم ئەوە بۆ کارێکی مرۆڤایەتییە، کە کارەساتی هەڵەبجە کارەستێک بوو دژ بە هەموو مرۆڤایەتی، بۆیە دەبێت بەشداربن. خۆشبەختانە توانیم رازیان بکەم بۆ ناشتنی ئەم نەمامە”.

کۆچەر یەکێکە لە قوربانییەکانی ژەهربارانکردنی هەڵەبجە و لە بەریتانیا دەژیت. ئەو هێندە بە گەرمی پێشوازی لە نەمامە تازە رووێنراوەکە دەکات، دەڵێت ”نەک 15ـی ئاداری هەموو ساڵێک، بەڵکو هەموو هەینییەک دێت و فرمێسکە دواینەهاتووەکانی بۆ ئەو نەمامە هەڵدەڕێژێت”.

نەمامەکە ناوی (بیچە) لە ریزی درەختە هەمیشە سەوزەکاندایە و باڵای 15 بۆ 20 مەتر هەڵدەکشێ. هەرچەندە لە درەختە بەردارەکان نییە، بەڵام دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here