لە موسڵ شەڕێکی قورسە و لە بەیانییەوە 26 چەکداری داعش کوژراون

0
182

سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو، سات بە سات شەڕی موسڵ رووماڵ دەکات

رووداو – موسڵ

لە بەری راستی موسڵ شەڕێکی قورسە و لە بەیانییەوە 26 چەکداری داعش کوژراون. پێنج مۆتۆرسکیلی بۆمبڕێژکراویش بە هێزە عێراقییەکاندا تەقێندراونەتەوە.

ماوەی 5 رۆژ هێزە عێراقییەکان دوایین قۆناخی کۆنترۆڵکردنەوەی لای راستی موسڵیان راگەیاندووە و تاوەکو ئێستاش توانیویانە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی سەحە و باب سنجار و زەنجەلی کۆنترۆڵبکەنەوە. لە بەیانی رۆژی چوارشەممە 31-5-2017 ەشەوە، لە گەڕەکی زەنجەلی و نزیک نەخۆشخانەی شیفا و نەخۆشخانەی کۆمارێکی شەڕ و پێکدادانێکی قورسە.

سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە موسڵ رایگەیاند: بارەگایەکی چەکدارانی داعش لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا کە شوێنی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل بوو، لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە کرایە ئامانج.

بەگوتەی پەیامنێری رووداو، لە گەڕەکی زەنجەلی 5 خانووی بۆمبڕێژکراو کە خەڵکی سڤیلیان تێدابووە، لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی پووچەڵکراونەتەوە، بەڵام بەناچاری خانووێکیان تەقاندووەتەوە، بەهۆی ئەوەی بۆمب و تەقەمەنییەکی یەکجار زۆری تێدا دانرابووەوە، بەهۆی تەقاندنەوەی خانووەکەش ژمارەیەک خەڵکی سڤیل بریندار بوون، بەڵام لەلایەن تیمەکانی تەندروستی چارەسەرکراون و بۆ ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان گواستراونەتەوە.

وەک پەیامنێری رووداو باسیکرد، لە بەیانییەوە تاوەکو نیوەڕۆ 26 چەکداری داعش کوژراون، پۆلیسی فیدراڵی و بەرپەرچدانەوەی خێرا توانیویانە دەست بەسەر 12 چەکی قورسی داعشدا بگرن و 5 ماتۆرسکیلیش بە هێزەکاندا تەقیونەتەوە، دووی دیکەش بەر لە گەیشتنیان بە هێزە عێراقییەکان تەقێندراونەتەوە.

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە عێراقییەکان هێدی هێدی لەپێشڕەویدان، ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشڕەوییەکانیان، ئەمە سەرەڕای پشتیوانی ئاسمانی و کردنە ئامانجی 6 بارەگا و کارگەی دروستکردنی بۆمب لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکە عێراقییەکان.

ماوەی دوو رۆژە هێزەکانی دژەتیرۆر لە گەڕەکی سەحە شەڕیان وەستاندووە. پەیامنێری رووداو گوتی، فەرماندەکان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە زانیاریان هەیە داعش لە کۆتاییەکانی گەڕەکەکە ئۆتۆمبێلێکی زۆری بۆمبڕێژکراوی ئامادەکردوون، تەنانەت ئەو چەکدارانەی لەنێو گەڕەکەکە ماون خۆکوژن و لە هەر چرکەیەکدا بۆ خۆتەقاندنەوە بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو ئامادەن.

وەک سیداد لەشکری ئاماژەی پێدا، هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ بەرگرتن لە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان بەربەستیان داناون، لەماوەی ئەو دوو رۆژەشدا توانیویانە تەواوی ئەو بەشەی کەوتووەتە ژێر دەستیان پاکبکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا کارگەیەکی دروستکردنی بۆمب و کارگەیەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێلیان دۆزیونەتەوە، چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویشیان پووچەڵکردوونەتەوە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here