لە هەولێر 7 سەنتەری شێلان "کە بۆ مەبەستی دیکە بەکاردەهێنران" داخران

0
669

قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەکالەت لەبارەی هەڵمەتی پۆلیس بۆ داخستنی سەنتەرەکانی شێلان (مەساج) بەشداری بەرنامەی هۆت لاینی رووداوی کرد

رووداو – هەولێر

قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، ئەو هەڵمەتەی بۆ داخستنی سەنتەرەکانی شێلان دەستیان پێکردووە، بەردەوام دەبێت. دەشڵێ تاوەکو ئێستا حەوت سەنتەریان داخستووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەکالەت لەبارەی هەڵمەتی پۆلیس بۆ داخستنی سەنتەرەکانی شێلان (مەساج) و دەستگیرکردنی 37 ئافرەتی بیانی لەو سەنتەرانە، بەشداری بەرنامەی هۆت لاینی رووداوی کرد.

قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت، لە ماوەی رابردوودا رۆژانە چەندین هاونیشتمانی پەیوەندییان پێوەکردوون و سکڵایان هەبووە لەسەر زۆربوونی ئەو سەنتەرانەی تایبەتن بە شێلان، کە مەبەستیش لە کردنەوەیان شێلان نەبووە بە تەنها، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی هاونیشتمانیان بێزارببن لە گەڕەکەکان و شوێنە گشتییەکان.

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی “هەندێک جار ئەو سەنتەرانە بوونەتە هۆی نانەوەی کێشە و دروستبوونی شەڕ لەسەر ئافرەتەکان و تەنانەت گەیشتووەتە ئەو رادەیەی تەقەی لێبکەوێتەوە، بۆیە ئێمەش ئەو هەڵمەتەمان ئەنجامدا، سەنتەر هەبووە لە ماڵان نزیک بووە یان لە قوتابخانەیەک نزیک بووە، یانیش لە شوێنێکی گشتی نزیک بووە”.

لەبارەی هەڵمەتەکەی شەوی یەکشەممە 16-4-2017 قائیمقامی ناوەندی هەولێر دەڵێت، ئەو هەڵمەتە بۆ سەر ئەو شوێنانە بووە کە مۆڵەتیان نییە و ئافرەت بە شێوەیەکی نایاسایی کاری تێدا دەکات.

نەبەز عەبدولحەمید ئاشکرایکرد “لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتە 7 سەنتەری شێلان داخران، کە بۆ مەبەستی دیکە بەکاردەهێندران، سەرەڕای ئەوەش لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن بۆ ئەوەی باش و خراپ لێکجیابکرێتەوە، چونکە سەنتەر هەیە هیچ کێشەی نییە، بەڵام ئێمە بەپێی ئەو نووسراوانەی لە تەندروستی هەولێرەوە بۆمان هاتبوو ئەو هەڵمەتەمان ئەنجامدا”.

لەبارەی ئەو 37 کەسەی لە سەنتەرەکان دەستگیرکران، نەبەز عەبدولحەمید گوتی “زۆربەیان بڕوانامەیان لە پسپۆڕییەکەیان، کە شێلانە، هەیە. شەش ئافرەت و پیاوێکیش ئیقامەیان نەبوو، ئەوانیش بە نووسراوێکی فەرمی رەوانەی نیشینگەمان کردنەوە بۆ ئەوەی دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە”.

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، قائیمقامی ناوەندی هەولێر دەڵێت، پێویستە ئەو سەنتەرانە هەموویان مۆڵەتیان لە تەندروستی و گەشتوگوزار هەبێت، پێویستیشە ئەو ئافرەتانەی لەو سەنتەرانە کار دەکەن دوو جۆر بەڵگەنامەیان هەبێت، یەکێک مۆڵەتیان هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لەگەڵ کارتی تەندروستی، یەکێکی دیکە بڕاوانامەیان لە کارەکە هەبێت، واتە پسپۆڕییان بێت، بە پێچەوانەوەی ئەوەی دیکە هەموو سەرپێچی یاساییە.

نەبەز عەبدولحەمید جەختیکردەوە “هەڵمەتەکانمان بۆ سەر ئەو شوێنانەی نایاسایین بەردەوام دەبێت، هەر سەنتەرێکیش مۆڵەتی نەبێت دادەخرێت، هەر سەنتەرێکیش کاری نەشیاوی تێدا بکرێت دادەخرێت.

لەبارەی ژمارەی سەنتەرەکانی شێلان لە هەولێر، قائیمقامی ناوەندی هەولێر بە وەکالەت دەڵێت “ئەگەرچی ئێستا ئامارێکی دروستم لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر لە 200 سەنتەری شێلان هەن، ئەوانەی کار لەو سەنتەرانە دەکەن هەموویان بیانین”.

قائیمقامی ناوەندی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات پێویستە سەنتەری شێلانەکان تەنها لە هۆتێلە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەکان هەبن، چونکە ئەو هۆتێلانە زیاتر لەژێر کۆنترۆڵدان و پابەندی رێنماییەکانن. گوتیشی “لە ئاییندەدا کار لەسەر ئەوە دەکەین سەنتەری سەربەخۆ نەمێنێت، دەبێت کردنەوەی ئەو سەنتەرانە رێکبخرێتەوە”.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here