لە پێشانگای گوڵ لە سلێمانی دار زەیتوونێک نرخی شەش هەزار دۆلارە

0
167

10 هەزار گوڵ و نەمام لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشدەکرێن

رووداو – سلێمانی 

شەشەمین فێستیڤاڵی گوڵ و نەمام لە سلێمانی دەستیپێکرد و لە پێنج رۆژی فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە 10 هەزار جۆری گوڵ و نەمام نمایشکران.

لە فێستیڤاڵەکەدا کە خاوەن نەمانگە و فرۆشیارانی گوڵی کۆکردووەتەوە و چەندین جۆر دار و گوڵی جیاواز پیشانی خەڵک دەدرێت، لەوانە دار زەیتوونێکی ئیسپانی تەمەن 220 ساڵە و نرخێکی زۆریش لەسەر دار زەیتوونەکە داندراوە.

فرۆشیاری دار زەیتوونەکە دەیەوێت ئەو تەمەنەی دارەکە ماویەتی، لە سلێمانی بیباتە سەر، ئەو دارە لە وڵاتی ئیسپانیاوە گەیشتوەتە باشووری كوردستان و لە شەشەمین فێستیڤاڵی گوڵ و نەمام نمایشكرا.

بەفرین محەممەد، خاوەن نەمامگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئەم درەختەمان لە ئیسپانیا هێناوە، لە زیاتر لە شەش نەمامگە گەڕاین، تاوەكو ئەوەمان دەستكەوت مەبەستمان ئەوە بوو لەم فێستیڤاڵەدا بە شتێكی جیاواز بەشداربین، ئەو درەختەش یەكەم درەختە تەمەنی ئەوەندە بێت و نرخەكەیشی گرانە، چونكە تایبەتە و نرخەکەی شەش هەزار دۆلارە”.

لە پاركی ئازادی لە ماوەی پێنج رۆژدا زیاتر لە 10 جۆر لە گوڵ و نەمامی تێدا نمایشكراوە، هەرچەندە دەبوو ساڵانە ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بوایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ فێستیڤاڵەكە ئەنجام نەدرا.

هاوژین عوسمان، لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بەهۆی قەیرانەوە نەمانتوانی ساڵانە بەردەوام بێت، بەڵام ئەمساڵ دووبارە دەستمان پێكردەوە تەنانەت دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە بكەینە نێودەوڵەتی بۆ پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و خەڵكی دەتوانن ئەوەی دەیانەوێت لێرە دەستیان بكەوێت”.

خاوەن شەتڵگەكان بەمووتوربكردنی بەشێك لەو نەمامانەی لە باشووری كوردستان هاوشێوەیان نییە، بۆ یەكەمجار لە فێستیڤاڵەكەدا نمایشیان كرد، تاوەكو هەموان پێی ئاشناببن، هەروەها هەرزانی لە نرخەكاندا وایكرد هاونیشتمانیان لەدەوری گوڵە رەنگا و رەنگەكان زیاتر كۆببنەوە.

فێستیڤاڵەكە توانی نۆ  شەتڵگەی تایبەت و 17 بەشی نەمامگە لە بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان كۆبكاتەوە، هەربۆیە بەرپرسانی سلێمانی دەیانەوێت لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵانەوە هاونیشتمانیان هاوكارییان بن لە زیادكردنی رێژەی سەوزایی شارەكە، كە ئێستا گەیشتووەتە 14%.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here