لە کوردستان خێزانێکی 5 کەسی چەند پارەی بۆ رەمەزان پێویستە؟

0
179

لە مانگی رەمەزاندا بازاڕەکان گەرم دەبن و خەڵک ناتوانن گیرفانی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن

رووداو – هەولێر

موسڵمانان لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو کۆنترۆڵی نەفسی خۆیان دەکەن، بەڵام کە لە بازاڕ بن، ناتوانن گیرفانی خۆیان بۆ خەرجکردنی پارە کۆنترۆڵ بکەن. 

بازاڕی شێخەڵڵا کە بە قەرەباڵخترین و هەرزانترین بازاڕی هەولێر دادەنرێت، خەڵک بۆ کڕینی خواردن و ئامادەکاری بۆ مانگی رەمەزان رووی تێدەکەن.

دایکی ئەحمەد خێزانێکی 7 کەسی هەیە و باوکی منداڵەکانی کرێکاری دەکات. ئەو بۆ کڕینی گۆشتی پەلەوەر هاتووەتە بازاڕ و دەڵێ، بمانەوێ و نەمانەوێ لە رەمەزاندا پارەی زیاتر دەڕوات.

گۆشت، یەکێک لە خۆراکە سەرەکییەکانی ئەم مانگەیە. پێش هاتنی رەمەزان نرخەکەی گرانبووە، گۆشتفرۆشانیش دەڵێن بەڵێ ئیستیغلالکردن هەیە.

عەرەبەکان دەڵێن پارەی باشیان هەیە بۆئەوەی لە مانگی رەمەزاندا خەرجی بکەن، بەڵام زۆربەیان بە پلانەوە دێنە بازاڕ. دوکاندارەکانیش دەڵێن کەم کەس هەیە کوردبێ و بۆ بازاڕکردن پلانی هەبێ.

دایکی محەممەد، خەڵکی تکریتە و دوو ساڵە لە هەولێر دەژیت. لیستێکی بەدەستەوەیە و دەڵێ خێزانەکەی 5 نانخۆری هەیە، دەشڵێت پێداویستیی خواردن لێرە گران نییە.

خەرجیی مانگی رەمەزان لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێک جیاوازە. ئیدارەی هەولێر دەڵێت تەنیا بۆ خۆراک لە مانگی رەمەزان، خیزانێکی 5 کەسی پێویستیان بە 400 هەزار دینارە، بەڵام هەیە دوو تا سێ هێندەی ئەو پارەیە خەرجدەکات.

قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشکرایکرد پلانیان بۆ مانگی رەمەزان داناوە. لەسەر نرخیش هۆشداری تووند دەداتە دوکانداران، بەشێوەیەک کە دەبێ بازاڕ و گیرفانی خەڵکی کەمدەرامەت لەگەل یەک بگونجێنن.

گۆشتفرۆشان باس لەوە دەکەن، توانای کڕین لەلایەن خەڵک بەجۆرێک دابەزیوە، لە رەمەزانیشدا جووڵەیەکی ئەوتۆ ناکەوێتە دوکانەکانیان.

رۆژووگران لە مانگی رەمەزاندا کە لە بازاڕ بن، زۆرجار لەڕووی خۆراکەوە دوای هەوای نەفسیان دەکەون، بەڵام هەندێکجار گیرفانی بەتاڵ ناچاریان دەکات ئەو نەفسە بشکێنن. 

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here