لە کەرکووک پردی شەهید شێرکۆ شوانی کرایەوە

0
147

ئیدارەی کەرکووک 12 ملیار دیناری بۆ پرۆژەکە خەرجکردووە

رووداو – کەرکووک 

پردی شەهید شێرکۆ شوانی لە ناوچەی شوانی کەرکووک کرایەوە، بەکردنەوەی بەرزترین پردی ئاستی وشکانی لە عێراق رێگای سەرەکی کەرکووک بە تەقتەق، کۆیە و راپەڕین گرێدەدات.

پردی شەهید شێرکۆ شوانی، دەمێک بوو هاونیشتمانیان لە سنووری ناوچەی شوان چاوەڕوانی تەواوکردنی بوون، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی نەبوونی پارە راگیرابوو.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی “بودجەمان لە بەغداوە بۆنایەت، بەهیچ شێوەیەک ئەم کارانەی ئێستا دەیکەین بەو 10 ملیۆن دۆلارەی لە هەرێمی کوردستان وەک پترۆ دۆلار وەریدەگرین، ئەگەر ئەوە نەبێ ئێمە هیچمان پێ ناکرێ”.

ئیدارەی کەرکووک بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە 12 ملیار دیناری خەرجکردووە، بەڵام هێشتا پارەی تەواوی بە بەڵێندەر نەداوە، بۆیە دەخوازێ بەڵێندەکان هاوکاریان بکەن لەو بوارەدا.

عەبدولکەریم حەسەن، راوێژکاری پارێزگای کەرکووک لەبواری ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بەپارەیەکی کەم ئێمە توانیمان نزیکەی ملیارێک بدەین بە بەڵێدەرەکان، هەرچەندە ئەو پارەی زۆری لەسەرمانە، پردەکە 300 مەتر درێژە، یەکەم پردە لەئاستی بەرزی کە 18 مەترە جگە لەسەقفەکەی”.

نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت کەرکووک بودجەی لە بەغداوە پێ نەگەیشتووە و بەوەش سەتان پرۆژەی بەتەواو نەکراوی ماون.

بەهۆی خاپوورکردنی ناحیەی شوان لە رابردوو ئێستا پێویستی بەچەندین پرۆژەی دیکە هەیە، بەڵام راگرتنی بودجەی کەرکووک ئەوانیش لەچاوەڕوانی زیاتر دەهێڵێتەوە.

بەهجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “جوتسایدکردنی مەفرەقی شوان بۆ نێو سەنتەری ناحیەکە گرنگ بوو، بەڵام ئێمە داوای ئەو پرۆژە گرنگانەمان کردووە وەک وێستگەی کارەبا و سایلۆ بکرێ، چونکە ناوچەکە کشتوکاڵییە”.

ناحییەی شوان ئیدارەکەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دابەش بووە، بەڵام بەهەردوو لا تاوەکو ئێستا نەیانتوانیووە زۆربەی داواکارییە سەرەکییەکانیان جێبەجێ بکەن.

داڕشتنەوە: راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here