لە گوندێکی موسڵ ژنان چەکیان بۆ خۆپاراستن لە داعش هەڵگرتووە

0
278

گوندی حاجی عەلی 60 کیلۆمەتر لە موسڵ دوورە، بەڵام تەنیا دوو کیلۆمەتر لە داعش دوورە

رووداو – موسڵ 

ژنانی گوندی حاجی عەلی لە پارێزگای نەیبەوا لە ترسی هێرشی داعش چەکیان هەڵگرتووە. دووری نێوان گوندەکەیان و چەکدارانی داعش تەنیا دوو کیلۆمەترە. ئەوان دەڵێن، لەبەرئەوەی پیاوەکانیان لە بەرەی پێشەوەی شەڕن، ناچار بوون چەک هەڵبگرن. 

گوندی حاجی عەلی، کە 60 کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە، کەمپێکی ئاوارەکانیشی تێدایە و نزیکەی 30 هەزار ئاوارەی تێدا نیشتەجێکراوە.

حادلە حەمەد عەبد بۆ پاراستنی خێزانەکەی و گوندەکەیان دەستیداوەتە چەک، ئەو ژنە دەڵێت، کەس نییە لە دەستی داعش بیانپارێزێت، بۆیە بڕیاریداوە خۆی چەک هەڵبگرێت.

حادلە حەمەد دەڵێت “کەسمان نییە، کوڕەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕن، کەسمان نییە لێرە، دەبێت پارێزگاری لە خێزانەکانمان بکەین بەرامبەر بە داعش، ئەمە بۆ ئەوەیە کە داعش لە نیوەی شەودا نەیەت سەرمانببڕێت”. 

داعش گوندەکانی ئەو ناوچەیەی لەژێر دەستدایە و کەمتر لە دوو کیلۆ مەتر لەو گوندەوە دوورە. سەرۆکی خێڵی ئەو ناوچەش دەڵێت، هێزەکان ناتوانن وەک پێویست پارێزگارییان لێبکەن، بۆیە ژن و منداڵ دەستیان داوەتە چەک.

شێخ نزان سەفەر سەلمان، شێخی عەشیرەتی ئەللهێب دەڵێت “لەم رۆژگارەدا منداڵان ئامادەن و، ژنانیش هاوشانی پیاوان چەکیان هەڵگرتووە، ئەو هێزانەی کە لێرەن وەک پێویست ناتوانن بمانپارێزن و ناوچەکان زۆر فراوانن ژمارەیان کەمە، بۆیە تەنانەت لە دوای دەوامەکانیشان چەک هەڵدەگرن”. 
 
 داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here