ماکرۆن لەبارەی داواکەی تێریزا مەی: کات زۆر تەرخانکرا و کاتی بڕیاردانە

0
307

لەندەن دووبارە دوو داوای درێژکردنەوەی وادەی برێکزیت دەکات

رووداو – هەولێر

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی درێژکردنەوەی گفتوگۆکانی برێکزیت بۆچوونی جیاوازیان هەیە. سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ درێژکردنەوەدا نییە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی “کاتی بڕیاردان ئێستایە، ئێمە رێککەوتین بۆ دوو ساڵ گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی دەرچوون بکەین. کاتی زۆر بۆ ئەوە تەرخانکرا. ئێستا پێویستە بڕیار بدەین. گوێ لە تێریزا مەی (سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا) دەگرم بەڵام بۆ من هیچ شتێک نەگۆڕدراوە، بەتایبەتی کە گوێبیستی دەنگۆی جیاواز دەبم و لەگەڵ درێژکردنەوەی درێژخایەنیش نیم”.

ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپا لەگەڵ درێژکردنەوەی دانوستاندنەکاندان بۆ ماوەی نزیکەی ساڵێک.
ئەوان دەڵێن، گرنگە برێکزیت بە رێککەوتن ئەنجامبدرێت.

مشیل بارنەر، بەرپرسی دانوستاندنەکانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت “سەرۆکوەزیران  تێریزا مەی داوای درێژکردنەوەی زیاتری مادەی 50ی کردووە. هەر درێژکردنەوەیەک دەبێت سوودی هەبێت و خزمەت بە ئامانجێک بکات.  ئامانجی هاوبەشی ئێمە بریتییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی کشانەوە. رێککەوتنی کشانەوە تاکە رێگەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە دەرچوونێکی رێکخراو لە یەکێتیی ئەوروپا، کە بەرژەوەندی هاوبەشی ئێمەیە”. 

خاڵێکی دیکە کە یەکێتیی ئەوروپا جەختی لێدەکاتەوە، چارەنووسی ئەو ئەوروپی و بەریتانیانەیە کە لە وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوە ئەوروپییەکە و بەریتانیا کاردەکەن.

ئەنتۆنیۆ تایانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا گوتی “ئێمە خاڵی گرنگمان بەدیکردوون، گرنگترینیان بەرگریکردنە لە مافی ئەوروپییەکان کە لە بەریتانیا دەژین، هەروەها ئەو بەریتانیانەی کە لە ئەوروپا دەژین، بەڵام دەبێت بڕیاربدەین. لە لەندەن دەمانەوێت بڕیاری بەریتانیا بزانین و لە ئەنجوومەنەکەش بڕیاری لەسەر بدەین. گرنگە یەکێتی ئەورووپا لەم بابەتەدا جدی بێت”.

بڕیاربوو بەریتانیا لە 29ی مانگی رابردوو لە یەکێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە، بەڵام بۆ 12ی نیسان دواخرا، ئێستا تێرێزا مەی داوادەکات تاوەکو 30 حوزەیران درێژبکرێتەوە. 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here