مایكڵ گۆنتەر: هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر رەخنەکانم بەرز دەنرخێنم

0
143

“لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاسان نییە رەخنە لە بەرپرسان بگریت و گوێت لێبگرن”

رووداو- هەولێر

پرۆفیسۆر مایكڵ گۆنتەر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا دەڵێت، لە گوتارەکەیدا لە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی کوردستان هەندێک رەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرتووە، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووە و هەوڵی نەداوە ئەو رابگرێت، لەکاتێکدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاسان نییە کەسێک رەخنە لە بەرپرس و حکومەتەکان بگرێت.ئەو دەڵێت: “ئەو هەڵوێستەی بەرز دەنرخێنم”.

مایكڵ گۆنتەر، لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی رووداو رایگەیاند ئەو کارەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی پەسندکردووە. گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت بەڵام دەبێت بە لێزانی و وریاییەوە ئەو هەنگاوە بهاوێژرێت.

سەبارەت بە لێدوانەکانی لە زانکۆی کوردستان کە رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرتبوو گوتی: “لە کۆنفرانسی زانکۆی کوردستان لە هەولێر وەک دۆستێکی کورد بەشداریم کرد، بۆ یەکەمین جار کە چاوم بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کەوت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 ، من کارەکانی ئەوم پەسندکردووە ، هەروەها بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی من لەبارەی کوردەوە کردوومە، هەوڵمداوە لایەنە ئەرێنییەکان و لایەنە نەرێنییەکان پێکەوە کۆمێنتیان لەسەر بدەم. چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت سەربەخۆییش پرسێکە کە پێویستە بە لێزانی و وریاییەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت”.

پرۆفیسۆر مایكڵ گۆنتەر رەتیکردەوە لەسەر ئەو قسانەی هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروستبووبێت و رایگەیاند: “من پێموایە ئەو پێشنیازانەی لەلایەن دۆستانی کوردەوە دەدرێت دەبێت پێشوازی لێبکرێت ، لە کۆنفرانسەکەدا هەندێک رەخنە هەبوو کە من گوتم ، سەرۆکوەزیران لەوێ دانیشتبوو گوێی لە من گرت و تەنانەت هەوڵیشی نەدا من رابگرێت لە قسەکانم ، ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسان نییە رێگەبدرێت کەسێک ئاوا قسە بکات و رەخنەی لێبگیرێت و رانەگیرێت”.

گوتیشی: “هیچ هەوڵێک نەبووە کە من ئاستەنگم بۆ دروستبکرێت و رێگری لە قسەکانم بکرێت ، دووجار پێشنیازکرا کە پێویستە قسەکانی من کۆتایی پێبهێندرێت ، بەڵام من گوتم نەخێر شتی زیاترم هەیە بۆ گوتن ، رێگەیشم پێدرا قسەکانم بکەم و هەموو قسەکانم تەواوکرد. ئەوە حکومەت نەبوو کە بە من بڵێت بوەستە بەڵکو رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەیانەویست کۆنفرانسەکە بەردەوام بێت. هیچ هەوڵێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدرا بۆ رێگری لە قسەکانم”.

مایکڵ گۆنتەر کاردانەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رەخنەکانیەوە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت: “من قسەم دەکرد و سەرۆکوەزیران لەوێ دانیشتبوو و سەیری دەکردم ، سەرۆکوەزیران زۆر زۆر هانی منی دەدا کە بەردەوام بم لە قسەکانم ، وە من ئەوە زۆر بەرز دەنرخێنم ، پێموانییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگە بە کەسێک بدرێت بەو شێوەیە قسەبکات، پێموایە ئەمە لایەنێکی زۆر زۆر ئەرێنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئاستی دیموکراسیدا”.

مایکڵ گونتەر

پرۆفیسۆری بواری زانستە سیاسییەکانە

22-2-1943 لەدایکبووە

دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە

9  پەرتووکی سەبارەت بە کورد لە تورکیا و عێراق نووسیوە

2 لە کتێبەکانی بە باشترینی ئەو کتێبانە دادەنرێن، کە بە ئینگلیزی لەسەر کورد نووسراون

ئەندامی بۆردی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆراسیاییە

1978-1979 مامۆستا بووە لە زانکۆی تەکنیکی ئەنقەرە

ئەندامی بۆردی زانکۆی تەکنیکی تێنێسی ئەمریکایە

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here