مشتومڕەکان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەردەوامن

0
294

ئاکپارتی بەردەوامە لە تانەلێدان و رەخنەگرتن لە ئەنجامەکان

رووداو – ئیستەنبووڵ

مشتومڕەکان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەردەوامن. ئاکپارتی بە ئەنجامەکانی ئەو پارێزگایە رازی نییە و باسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش لەو پارێزگایە دەکرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ: ساختەکاری نەک لە چەند ناوچە و سندووقێک کراوە، بەڵکو بە نزیکەیی لە هەموویاندا کراوە و نابێت کەس بڵێت من بردوومەتەوە. 

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری تورکیا دەڵێ “بە کۆمەڵێک بەڵگەوە سەردانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانمان کردووە و لەگەڵ ئەمەشدا گرتەی ڤیدیۆیی هەیە، نیشانی دەدات لە کوێ و بە چ شێوەیەک ساختەکاری کراوە. هەروەها لە هەندێک شوێنی وەکو ماڵ و شوققە، خەڵک دەنگی داوە، بەڵگەی وامان لەبەردەستە و هەمووشمان وەکو بەڵگە ئامادەکردوون. لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگانە هەنگاوی خۆمان دەنێین. 320 هەزار بۆ 330 هەزار دەنگی سووتاو و پووچەڵکراوە هەیە، با ئەوانە لەلایەک دابنێین. پێمان دەڵێن ناتوانین ئەو دەنگانە هەژمار بکەینەوە، کەواتە شتێکی دیکە لەئارادایە”.

دوای ئەوەی دەنگەکانی چەند ناوچەیەکی ئیستەنبووڵ هەژمارکرانەوە، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەکانی ئاشکرا کرد. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی ئیستەنبووڵ 4 ملیۆن و 171 هەزار و 216 دەنگی بەدەستهێناوە. 

لە ئاکپارتی، بیناڵی یڵدرم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی ئیستەنبووڵ 4 ملیۆن و 155 هەزار و 393 دەنگی بەدەستهێناوە بەمەش بەربژێری جەهەپە بە 15 هەزار و 823 دەنگ لەپێش بەربژێری ئاکپارتییە. 

سەعدی گوڤەن، سەرۆکی دەستەی بەڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەڵێت پرۆسەی یاسایی هەڵبژاردنەکە هێشتا تەواونەبووە. ئەمە لەکاتێکدایە ئاکپارتی بەردەوامە لە تانەلێدان و رەخنەگرتن لە ئەنجامەکان.

عەلی ئیحسان یاڤوز، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی باسی سەرسوڕمانی خۆی دەکات لە ئەنجامەکە “ئێمە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەمان لەسەر 13 شارۆچکە کردووە. نەمانتوانیوە لە هەموویان بکۆڵینەوە، داتای ئەو 13 ناوچەیە لەدەستمدایە. ئەنجامەکەی تووشی سەرسوڕمانی کردووم. من وەکو یاساناسێک سەرمسوڕماوە، چونکە بەپێی 21ـەمین مادەی یاسای ژمارە 298، سەرپەرشتیارانی وێستگەی دەنگدان و لێپرسراوانی سەر سندووق بەپێی مەرجەکان دادەندرێن، بەڵام لەم شوێنانەی باسی دەکەم ئەمە رەچاونەکراوە”. 

سەرۆکی جەهەپەش وەڵامی قسەکانی یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دایەوە. کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە گوتی “دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبواری پاراستنی سندووقەکانی دەنگداندا زۆر لاوازییان نیشانداوە، بەجۆرێک مەترسی کەوتووەتە سەر پاراستنی ئەمنیەتی سندووقەکان. شەوی رابردوو گوتیان لە 37 ناوچە دەنگەکان هەژمار بکرێنەوە، هۆکارەکەی چییە؟ ئەوە هۆکارەکەیە کە جێگری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی گوتوویەتی ئێمە شتێکی سەیرمان بینیوە. ئایا شتی وا دەبێت بگوترێت شتی سەیرمان بینیوە و دەبێت دەنگەکان سەرلەنوێ هەژمار بکرێنەوە!”.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31-3-2019 بەڕێوەچوو و لە پارێزگای ئیستەنبووڵ بەربژێری جەهەپە رێژەی 48.80%ـی دەنگەکان و بەربژێری ئاکپارتیش رێژەی 48.55%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێندراوە.
 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here