مووسا بە دەستی هاوژینە فارسەكەی كوژرا

0
1254

مووسا رەسوڵ و هاوژینەکەی

رووداو- هەولێر

مووسا چووبوو بۆ تاران بۆ ئەوەی هاوژینە فارسەكەی بهێنێتەوە، بەڵام لە رووداوێكی چاوەڕواننەكراودا و لە بازاڕێكی نێوجەرگەی تاراندا لەلایەن ژنەكەیەوە درایە بەر گوللە و كوژرا. ئێستا ژنەكەی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستگیر كراوە. كەسوكاری مووسا دەڵێن گومان دەكەن كوشتنەكەی بە پیلان بووە، چونكە مووسا بڕە پارەیەكی زۆری لەگەڵ خۆی بردووە و پێدەچێ‌ بۆ پارەكە كوژرابێ‌.

مووسا رەسوڵ، 35 ساڵ، خەڵكی ناحیەی پیرەمەگروونی سەر بە شاری سلێمانی، رۆژی 29/4/2017 سەردانی تاران دەكات بۆ ئەوەی ژنە فارسەكەی بهێنێتەوە كە ماوەیەك بوو بە سەردان گەڕابووەوە لای كەسوكارەكەی، بەڵام دوای گەیشتنی، لەلایەن هاوژینەكەیەوە لەنێو بازاڕێكی ئەو شارەدا كوژرا.

مووسا كاسبكار بوو، دوكانی فرۆشتنی سەتەلایتی هەبوو، لە تەمەنی 20 ساڵیدا لەگەڵ (ب) هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی چوار منداڵ بوون، بەڵام ساڵی 2014 بەهۆی ئەوەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران هاتوچۆی دەكرد، لە تاران كچێكی فارس بەناوی (ف) دەناسێت كە باوكی كچەكە هاوڕێی مووسا بوو. دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر ناسینی (ف)، مووسا بڕیار دەدات بیكاتە هاوژینی خۆی. دوای ئەوەی رەزامەندیی هاوژینی یەكەمی وەردەگرێ‌، لەگەڵ (ف) هاوسەرگیری دەكەن و لە سلێمانی ماڵی جیای بۆ دادەنێ‌.

یەحیا رەسوڵ، برای مووسا بە (رووداو)ی گوت: “براكەم لە هاوژینی یەكەمی چوار منداڵ و لە هاوژینی دووەمیشی كە فارسە دوو منداڵی بوو، بەڵام دایەن بۆی بەخێو دەكردن، چونكە هەردووكیان كاریان دەكرد”.

یەحیا باسی كوژرانی براكەی دەكات و دەڵێت “هاوژینەكەی مووسا بە سەفەر چوو بۆ تاران، پاش ماوەیەك براكەشم چوو بۆ تاران تاوەكوو (ف) بهێنێتەوە، بەڵام رۆژی 29/4/2017 و بەبێ هیچ هۆكارێك و لەناو جەرگەی بازاڕی تاران براژنەكەم چەند گوللەیەكی بە براكەمەوە نا و هەر لەوێ گیانی دەرچوو، دەڵێن دوای رووداوەكە (ف)یش لەلایەن پۆلیسی تارانەوە دەستگیر كراوە”.

یەحیا گومانی لە كەسوكاری براژنەكەی هەیە و مردنی براكەی بە پیلان دەزانێت، ئەو دەڵێت “گومان دەكەم چەند كەسێك بۆ پارە ئەو كارەیان كردبێت و ژنەكەیان بەكارهێنابێت، چونكە براكەم هەمان رۆژ لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای فرۆشتووە و پارەكەی لەگەڵ خۆی بردووە، بەڵام ئەمە تەنیا گومانە و بەتەواوی دڵنیا نین رووداوەكە چۆن بووە، بۆیە دوای تەواوبوونی پرسەكەی، دەچینە تاران و كەیسەكەی یەكلایی دەكەینەوە”.

لەبارەی هەڵوێستی پۆلیسی تارانیش، یەحیا رەسوڵ گوتی “پۆلیسی تاران زۆر بە دڵسۆزانە هاوكارییان كردین و تاوانبارەكەیان دەستگیر كردووە و ئێستا لە زیندانە، بەڵام هێشتا نازانین تاوەكوو كۆتایی بەردەوام دەبن یان نا”.

برای مووسا دەشڵێت ئەوان هەوڵ دەدەن كارەكان لەسەر كەیسەكە بەشێوەیەكی راست و دروست بڕوات بەڕێوە و تاوانبار بە سزای یاسایی خۆی بگات، ئەگەر لە تارانیش كارئاسانییان بۆ نەكرا و رێگری لە بەئەنجامگەیشتنی كەیسەكە كرا، هەوڵ دەدەن كەیسەكە بهێننەوە كوردستان”.

لەبارەی گومانی ئەوەی كە (ف) ناپاكی لە مووسا كردبێت، یەحیای برای دەڵێت “نەخێر هیچ گومانێك لە ناپاكیی براژنم لە براكەم ناكەم، چونكە (ف) هێندەی هەموومان مووسای خۆشدەویست و زیاتر لە هەمووشمان نازی براكەمی هەڵدەگرت”.

(ب) هاوژینی یەكەمی مووسا كە خاوەنی چوار منداڵە و كوڕە گەورەكەی تەمەنی 13 ساڵە، بەهۆی كوژرانی هاوژینەكەیەوە شۆك بووە. ئەو تەنیا گوتی “ئەگەر یاسا كەمتەرخەم بێت و سزای توندی نەدات، منیش سكاڵا لە دژی (ف) تۆمار دەكەم”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here