مۆناكۆ له‌ ئه‌ركێكی قورسدا رووده‌كاته‌ تۆرینۆ

0
142

چامپیۆنزلیگ

ئه‌مڕۆ له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگدا، یانه‌ی مۆناكۆ له‌ ئه‌ركێكی قورسدا رووده‌كاته‌ تۆرینۆ، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یانه‌ی یۆڤێنتوسی زه‌به‌لاحی ئیتاڵیا.

مۆناكۆ یاریی چوونی به‌ دوو گۆڵ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا دۆڕاندووه‌ و ئه‌مڕۆ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ سێ گۆڵ تۆماربكات، ئه‌مه‌ش له‌ خاكی ئیتاڵیادا كارێكی ئه‌سته‌مه‌.

مۆناكۆی سه‌ركێشی یانه‌كانی فه‌ڕه‌نسا، كه‌ یاریی رابردووی له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا به‌ دوو گۆڵ دۆڕاند، ئه‌مڕۆ له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشكۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا دواهێرش و هه‌وڵی خۆی ئه‌نجامده‌دات، كاتێك رووبه‌ڕووی یۆڤێنتوسی پاڵه‌وان و زه‌به‌لاحی ئیتاڵیا ده‌بێته‌وه‌.

مۆناكۆ به‌ ئامانجی نووسینه‌وه‌ی مێژوو، رووده‌كاته‌ تۆرینۆ، مێژوویه‌ك، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ئاستی خولی نێوخۆییدا كه‌می ماوه‌ سه‌روه‌ریی تێدا بنووسێته‌وه‌ و ببێته‌ پاڵه‌وان، له‌ ئاستی ئه‌وروپاشدا، سه‌ركێشیی زۆری كرد له‌م وه‌رزه‌دا به‌ دوورخستنه‌وه‌ی مان سیتی و دۆرتمۆند، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ فایناڵدا، كه‌وته‌ به‌رامبه‌ر دیواری پۆڵایینی كیلینی و بوفۆن و هاوڕێكانیان له‌ تیپی خانمه‌ پیره‌كەدا‌.

مۆناكۆ له‌ حه‌وت هه‌وڵی رابردوویدا له‌ یاریگه‌كانی ئیتاڵیا، سه‌ركه‌وتنی تۆمارنه‌كردووه‌، ئه‌مڕۆش هیچی نییه‌ بیدۆڕێنێت و هه‌موو هێزی خۆی خه‌رج ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی گه‌یشتن به‌ فایناڵ بكاته‌ راستی، راستییه‌ك كه‌ هه‌ر له‌ خه‌ونێكی پڕ له‌ دێوزه‌مه‌ ده‌چێت.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ یوڤێنتۆس، كه‌ چوار ساڵه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا له‌ ئاستی ئه‌وروپادا نه‌دۆڕاوه‌، پێناچێت رێگه‌ بدات مۆناكۆ كێشه‌ی بۆ دروست بكات بۆ گه‌یشتن به‌ یاریی كۆتایی، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا تیپه‌كه‌ی ئالێگری له‌ باشترین بارودۆخدایه‌ و نزیكه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی جامه‌ خاوه‌ن دوو گوێچكه‌كه‌، كه‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1996ـه‌وه‌ ده‌ستی پێی نه‌گه‌یشتووه‌.

یوڤی یاریی رابردووی له‌ نێو ئه‌ماره‌تی مۆناكۆدا به‌ دوو گۆڵی هیگواین برده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئاسووده‌تر یاریی ده‌كات و هه‌وڵده‌دات بلیتی یاریی كۆتایی مسۆگه‌ر بكات، پێش ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ رۆما ململانێی خولی ئیتاڵیای ئه‌م وه‌رزه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاریكردن و تۆماری گۆڵه‌ زۆره‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی مۆناكۆ، هێشتا جێی مه‌ترسین له‌ لای راهێنه‌ری یوڤی، بۆیه‌ داوای له‌ یاریزانه‌كانی كردووه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ یاریی بكه‌ن و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن و جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌، بیر له‌ هیچ ئه‌نجامێكی دیكه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ مۆناكۆ ئه‌م وه‌رزه‌ 139 گۆڵیان له‌ 55 یاریدا له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كاندا تۆماركردووه‌، له‌ زیاتر له‌ 25 یاریشدا سێ گۆڵ و زیاتریشیان تۆماركردووه‌، هەر ئەمەشە وای لە ئالێگری کردووە ترسی هەبێ و هۆشداریی بداتە یاریزانەکانی.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here