مەلا عەلی كەڵەك: كلێنسەكەی دەمی مێسی كاریگەری لەسەر گۆڵەکانی هەبوو

0
149

 میسی بەهۆی پێكانەوە بۆ ماوەیەك كلێنسی بە دەمیەوە گرت
میسی بەهۆی پێكانەوە بۆ ماوەیەك كلێنسی بە دەمیەوە گرت

رووداو – هەولێر 

یاریزانی یانەی بەرسێلۆنا شەوی رابردوو (23-4-2017) توانی لە یاری کلاسیکۆدا دوو گۆڵ تۆمار بکات، مەلا عەلی کەڵەک لەبارەی چالاکیی مێسی لەو یاریەدا دەڵێ “رەنگە بەهۆی کلێنسەکەی دەمییەوە بووبێت”.

مەلا عەلی كەڵەك، مەلا مشتومڕئامێزەکەی باشووری کوردستان کە خۆی دەڵێ (پسپۆرە لەبواری پزیشکی نەبەوی) و زۆرجار لێدوانەکانی دەبنە مایەی مشتومڕ، خواردنی كلێنس بە چارەسەر دەزانێ‌ بۆ دابەزینی كێشی لەشی مرۆڤ، ئەوەش دەخاتەڕوو، خواردنی كلێنس دەبێتە هۆی چالاكبوونی مێشكی مرۆڤ.

لەبارەی کلێنسەکەی دەمی مێسی، مەلا عەلی کەڵەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “پێدەچێت ئەو کلێنسەی دەمی مێسی كاریگەری هەبووبێت لەسەر چالاكبوونی ئەو یاریزانە، چونكە خواردنی كلێنس جگەلەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی كێشی لەش، هاوكات دەبێتە هۆی چالاكبوونی مێشكی مرۆڤیش”.

مەلا عەلی کەڵەک جەختیشدەکاتەوە لەوەی چەندین کەس سەردانیان کردووە و پێیان گوتووە بە خواردنی کلێنس  مێشکیان چالاک بووە “بۆیە پێدەچێت كلێنسەكەی دەمی مێسیش كاریگەری خۆی كردبێت”.

لە یاری نێوان ریال مەدرید ‌و بارسێلۆنا، كە بەسەركەوتنی یانەی بارسێلۆنا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ كۆتایی هات، میسی یاریزانی بارسێلۆنا بەهۆی پێكانەوە بۆ ماوەیەك كلێنسێكی بە دەمیەوە گرت، لەگەڵ ئەوەشدا توانی لە دوایین خولەکی یارییەکە، گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات.

مەلا عەلی کەڵەک پێشتریش داوای لە خانمان کردبوو رۆژانە کلێنس بخۆن، بۆ ئەوەی کەمەریان باریک ببێت، بەڵام لە وەڵامدا د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو “خواردنی کلێنس لەڕووی زانستییەوە هیچ راستی و بنەمایەكی نییە”.

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here