نامیق بەدەستی هاوپیشەكەی دەكوژرێت

0
107

نامیق محەممەد تەمەن 56 ساڵ
نامیق محەممەد تەمەن 56 ساڵ

رووداو- هەولێر

نامیق محەممەد، ئۆتۆمبێلەكەی فرۆشت و بە گیرفانی پڕەوە گەڕایەوە ماڵەوە، بەڵام بێئاگابوو لەوەی هاوڕێكەی چاوی بڕیوەتە پارەی ئۆتۆمبێلەكە. بە تەلەفۆنێكی هاوڕێكەی بە زیندوویی لە ماڵ چووە دەرەوە، بەڵام دواتر تەرمەكەی هێنرایەوە.

نامیق محەممەد عەزیز، تەمەن 56 ساڵ، كاری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دەكرد، رۆژی 19/4/2017 لەلایەن هاوپیشەیەكی خۆی بەناوی (ك.س)، تەمەن 30 ساڵ، كوژرا. كەسوكارەكەی دەڵێن نامیق ئەو رۆژە ئۆتۆمبێلێكی فرۆشتووە، (ك) ئاگادار بووە، دواتر تەلەفۆنی بۆ كردووە كە ئۆتۆمبێلێك هەیە بچن بە یەكەوە بیكڕن. ئەویش لەگەڵی رۆیشتووە، بەڵام كاتێك گەیشتوونەتە چۆڵەوانییەك، (ك) بە دەمانچەكەی گوللەیەكی لە سەری نامیق داوە و كوشتوویەتی. 

كازم نامیق، تەمەن 33 ساڵ كە كوڕە گەورەی قوربانییەكەیە، بە (رووداو)ی گوت “باوكم لە 19/4/2017 دوای لەكار گەڕانەوەی، كەسێك كە لە كاردا دەیناسێت، بەبیانووی كڕینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ خۆی دەیبات، چونكە باوكم ئەو رۆژە ئۆتۆمبێلێكی فرۆشتبوو، نزیكەی 7 هەزار دۆلاری پێبوو.

ئەو كوڕە بە باوكمی گوتبوو ئۆتۆمبێلێك هەیە لە گوندی قۆڕیتان لە خوارووی هەولێر، دوای ئەوەی گەیشتوون بە چۆڵەوانی، گوللەیەك بە پشتی سەری باوكمەوە دەنێت و هەر لەوێ بەجێیدەهێڵێت”.
كازم ئەو شەوە لە ماڵ نەبووە، دایكی پەیوەندی پێوە كردووە كە مۆبایلەكەی نامیق داخراوە و رەنگە لە ماڵی براكەی بێت. كازم تەلەفۆن بۆ مامی دەكات، بەڵام ئەو دەڵێت لەلای من نییە. پەیوەندی بە هاوڕێكانی لە پێشەنگاكانی ئۆتۆمبێل دەكەن، ئەوانیش دەڵێن تاوەكوو ئێوارە لێرە بووە و دواتر گەڕاوەتەوە ماڵەوە.

لەوكاتەی ئەوان سۆراغی نامیق دەكەن، ئۆتۆمبێلەكەی نامیق لەبەر دەرگا بووە، بۆیە لەوە دڵنیابوون كە لەگەڵ كەسێك دەرچووە. 

كازم دەڵێت “داوامان لە ماڵێكی دراوسێمان كرد كە كامێرای چاودێرییان هەیە سەیری كامێراكە بكەین، كاتێك سەیرمان كرد، بینیمان گەنجێك بە پیكابێك باوكم سەردەخات، بەڵام وێنەكە روون نەبوو، بۆیە گەنجەكەمان نەناسی، پەیوەندیمان بە هاوڕێیەكییەوە كرد تا بێت سەیری ڤیدیۆكە بكات، هاوڕێكەی یەكسەر گەنجەكەی ناسییەوە و گوتی لە پێشانگای ئۆتۆمبێل كاردەكات”.

كازم داوا لە هاوڕێكەی باوكی دەكات كە پەیوەندی بە كوڕە گەنجەكەوە بكات “هاوڕێكەی باوكم بە تەلەفۆن پەیوەندی بە كوڕە گەنجەكەوە كرد و گوتی لەكوێی كارم پێتە. ئەویش گوتی لە ماڵەوەم. من و برا و مامەكانم لەگەڵ هاوڕێكەی باوكم چووین بۆ ماڵیان. كە دەرگای لێكردینەوە، منداڵێكی بچووكی لەباوەش بوو، خۆی و هاوژینەكەی بەرەو روومان هاتن، كاتێك هەواڵی باوكمان لێپرسی گوتی مانگێكە نەمبینیوە”.

كەسوكاری نامیق كوڕە گەنجەكە لەگەڵ خۆیان دەبەن. لە رێگا زۆر پرسیاری لێدەكەن، بەڵام ئەو هەر حاشای لێدەكات. كاتێك پێیدەڵێن وێنەی ئۆتۆمبێلەكەی تۆمان بینیوە كە هاتووەتە كۆڵانەكە و نامیقی سەرخستووە، (ك) یەكسەر دەڵێت راستە، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەم لەلای هاوڕێیەكم بووە بەناوی (و).

كازم دەڵێت “كوڕە گەنجەكە تەواو شڵەژابوو، بەجۆرێك لە ماوەی 10 خولەكدا 6 جار قسەی خۆی گۆڕی، ئێمەش وەك نەریتێك كە لە باوكمانەوە بۆمان ماوەتەوە، فێری گوللـە و قسەی ناشیرین نین، بۆیە دانمان بەخۆماندا گرت و بەبێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكمان هەبێت، كاژێر 12.30 شەو بردمان بۆ بنكەی پۆلیس و لەوێ لەگەڵ (و) دەستگیركران”.

كازم داوا دەكات یاسا سزای لەسێدارەدان بۆ هەردوو تۆمەتبارەكە دەربكات و دەشڵێت “ئێمە چاوەڕێی یاساین و هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ بنەماڵەی بكوژی باوكم نییە”.

پەروین محەممەد، تەمەن 48 ساڵان كە ماوەی 32 ساڵ هاوژینی مام نامیق بووە و خاوەنی 11 منداڵە، بە گریانەوە باسی هاوژینەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی “نامیق پیاوی سوڵح بوو، پیاوێك بوو هیچ كەس بۆ رۆژێكیش دڵی لێی نەڕەنجابوو، حەیفە بە دەستی كەسانی وا نامەرد بكوژرێ‌”.

پەروین باسی دوایین پەیوەندی نێوان خۆی و هاوژینەكەی دەكات و دەڵێت “ئەو ئێوارەیە وەك هەموو رۆژێك پەیوەندی كرد، پێمگوت هەموو شتێكمان هەیە، بۆیە كە گەڕایەوە هیچ مەهێنە، كاتێكیش گەیشتەوە پێش ماڵەوە، من ئۆتۆمبێلەكەیم بینی، بەڵام نەهاتە ژوورەوە، چوومە دەرەوە لەوێ‌ نەبوو، چەند جارێك پەیوەندیم پێوەكرد، بەڵام وەڵامی نەبوو، دڵم خەبەری دا شتێكی بەسەرهاتبێ‌، چونكە هیچ كات وانەبووە وەڵام نەداتەوە، پەیوەندیم بە كوڕەكانەوە كرد و ئەوانیش چەند جارێك پەیوەندییان پێوەكرد، بەڵام مۆبایلەكەی داخرابوو”.

تاكە داواكاریی پەروین ئەوەیە كە مافی هاوژینەكەی نەفەوتێ‌ “داوا دەكەم یاسا سزای لە سێدارەدان بۆ بكوژەكەی دەربكات و خوێنی بێتاوانی هاوژینەكەم بە ناحەق نەڕوات”.

لەبارەی ئەم كەیسە رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی گوت: “پاش ئەوەی لە رووداوەكە ئاگادار كراینەوە، دەستمان بە لێكۆڵینەوە كرد و دوو كەسمان بە تۆمەتی كوشتنی ئەو پیاوە دەستگیر كرد، هەردوو تۆمەتبارەكە لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی پۆلیس دانیان بە تاوانەكەیاندا نا، ئێستا هەردووكیان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لە زیندان راگیراون تا كاتی دادگایی”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here