نووسینگەی عەبادی وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە

0
363

حەیدەر عەبادی و رەجەب تەیب ئەردۆغان
حەیدەر عەبادی و رەجەب تەیب ئەردۆغان

رووداو- هەولێر

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق وەڵامی ئەردۆغان سەبارەت بە حەشدی شەعبی دەداتەوە و بە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی عێراق وەسفی دەكات.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 20-4-2017 نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق وەڵامی قسەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیای لەبارەی حەشدی شەعبی دایەوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: “سەرسووڕمانی خۆمان بەرامبەر لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا دەربارەی دەستەی حەشدی شەعەبی دەردەبڕین كە پرسێكی نێوخۆیی عێراقییە و نابێت دەستلەكاروباری عێراق وەربدرێت”.

نووسینگەی عەبادی ئاماژە بەوە دەكات كە حەشدی شەعبی پێكهاتەیەكی نیشتمانی عێراقییە و لە سەر فتوای عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق دروستبووە كە لە پاڵ هێزە عێراقییەكان هاوكاربووە بۆ رزگاركردنی خاكی عێراق و بەدەستهێنانی سەركەوتن بە سەر داعش.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ، وڵاتەکەی بە وڵاتێكی خاوەن سەروەریی ناودەبات و رایدەگەیێنێت: “یاسای حەشدی شەعبی وایكردووە كە هێزێكی سەر بە دەوڵەتی عێراق و لەژێر كۆنتڕۆڵدا بێت ، ئەو هێزە لایەنگری بۆ عێراق و گەلەكەی هەیە ، سەر بە هیچ وڵاتێكی دیكە نییە بەڵكو لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمان وەردەگرێت”.

بەپێی روونكردنەوەی نووسینگەی عەبادی ، دەستووری عێراق رێگا بەبوونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت و كاركردنی میلیشیا نادات ، گەلی عێراقیش ئازاری بە دەست تیرۆر چێشتووە و قوربانی گەورەی لە بەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر داوە لەئێستادا لە قۆناخی كۆتاییە بۆ لە نێوبردنی داعش وەكو رێكخراوێكی تیرۆرستی.

لە كۆتایی روونكردنەوەكەدا نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكات “دەست لەكاروباری نێوخۆیی عێراق وەرنەدەن و هاوكاریی عێراق بکەن لە شەڕی دژی دووژمنانی کە بوونەتە بەربەست لە بەردەم ناوچەكە و جیهان”.

ئێوارەی رۆژی 19-4-2017 رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڤپەڤینێكی لەگەڵ كەناڵی جەزیرەی قەتەری نیگەرانی خۆی بە فراوان بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەكە دەربڕی و رایگەیاند: “ئێران هەوڵی بەرفراوانكردنی دەسەڵاتەكانی دەدات ، ئەمەش نیگەرانمان دەكات و دەیەوێ‌ سوپایەكی فارسی دروستبكات”.

ئەردۆغان ئاماژەی بە حەشدی شەعبی کرد كە لە سەر بنەمای مەزهەبی چالاكی دەكات و لەو ناوچانە نزیكدەبنەوە كە توركمانی لێیە و گوتی: “حەشدی شەعبی كێن؟ كێ‌ هاوكارییان دەكات؟ لە موسڵ و تەلەعفەر و شنگال بوونیان هەیە و چالاكییان هەیە لە دژی داعش ، پەرلەمانی عێراقیش پشتگیریان دەكات ، بە راشكاوانە دەڵێم حەشدی شەعبی رێكخراوێكی تیرۆریستییە”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان



سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here