نێچیرڤان بارزانی رۆڵی فەرەنسا لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستاندا بەرز هەڵدەسەنگێنێت

0
391

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری کرد

 

رووداو – هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە لە شەڕی دژی داعشدا هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کرد. 

بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشوازیکردنیدا لە ئان هیداڵگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس و شاندێکی یاوەری، “سوپاسی فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا هاوكاری هه‌رێمی كوردستانیان كرد، چونكه‌‌ بێ ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستنه‌ده‌هات و له‌ناوبردنی فكری داعشی به‌ پێویستیی ئه‌م قۆناخه‌ زانی، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆک ماکرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسای كرد كه‌ دوای رووداو و كێشه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ پشتگیری هه‌رێمی كوردستانی كرد و ده‌رگا سیاسییه‌كانی به‌سه‌ر هه‌رێمدا كرده‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بووه‌هۆی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێكی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق و كرانه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان‌ شانازی به‌ كولتووری پێكه‌وه‌ژیان، ئاشتی، یه‌كترقبووڵكردن و لێبوورده‌یی ده‌كات و خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م كولتووره‌ ده‌پارێزن و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ كردنه‌وه‌ی كه‌نیسه‌یه‌كی ئه‌رمه‌نه‌كان کرد که‌ هه‌فته‌ی رابردوو له‌ هه‌ولێر کرایه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی روونیكرده‌وه‌ كه‌ “دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆردا و باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و باشتربوونی دۆخی ژیان و ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی وه‌ك وزه‌ی پاك و پاراستنی ژینگه‌ و فراوانكردنی زیاتری كولتووری پێكه‌وه‌ژیان كاربكه‌ین و سوپاسی فه‌ره‌نسای كرد كه‌ له‌م بوارانه‌دا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هه‌روه‌ك سوپاسی كردن بۆ گرنگیدانیان به‌ قوتابخانه‌ و ئاواره‌ و په‌نابه‌ران”.

هیدالگۆ جیا له‌ ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی كرد كه‌ ده‌خوازن په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت و له‌ بواره‌كانی وزه‌ی پاك، كولتوور، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هاوكاری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. هه‌روه‌ها سوپاسی حكومه‌ت و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ‌ پێشوازییان له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران‌ و به‌رگریی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاسایشی هه‌موو جیهان و به‌ها جیهانییه‌ هاوبه‌شه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی و ئاشتی و ته‌بایی‌ و هیوای پێشكه‌وتنی زیاتری بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی دیکه‌، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here