نێچیرڤان بارزانی: سەربەخۆیی دەبێتە دەستپێکی گەشتێکی نوێ

0
313

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندی هەولێر و بەغدا لە کرێچی و خاوەن خانوو دەچێ


رووداو – هەولێر

خەڵکی زانا لە سەرانسەری دنیاوە هاتوون ، قسە لەسەر ئایندەی کوردستان دەکەن، لەو کۆنفرانسەی کە زانکۆی کوردستان رێکیخستووە و لە چەند پانێڵێکدا گشتپرسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە شەن و کەو دەکرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە وردی گوێی لە پانێڵی یەکەم گرت و قسەشی کرد، ئەو دەڵێت ئیدی لەگەڵ بەغدا وەک خاوەن ماڵ و کرێچی نامێنینەوە.

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: “ئێمە ناڵێین سەربەخۆیی چارەسەرێکی جادوویى دەبێت بۆ سەرجەم کێشەکان، بەڵام دەبێتە دەستپێکی گەشتێکی نوێ به‌ره‌و ئاراستەیەکی راست”.

سەرۆکوەزیرانی کوردستان گەتی: “دۆخی ئێستامان لەگەڵ بەغدا لەسەر کاغەز مانای یه‌كجار زۆر زیاترە وەک له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع. بە دڵنیاییەوە بنیاتنانی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییه‌ك كه‌ له‌ پەیوەندیی نێوان کرێچی و خاوه‌ن خانوو ده‌چێت. په‌یوه‌ندییه‌ك كه‌ هەردوولا پێیان خۆش نییە، نه‌ ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ و نه‌ ئه‌وانیش پێیان خۆشه”‌. 

گوتیشی: “کوردستانێکی بەهێز و یەکڕیز و سەربەخۆ، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش”.

ئەوانەی کە قسەکەری سەرەکی کۆنفرانسەکەن ، لە زانکۆ بە ناوبانگەکانی جیهانن و بۆ هەندێک بڕیاری چارەنووس ساز قسەیان لێوەردەگیرێت ، تۆم گرانت مامۆستای زانکۆی کامبریجی بەریتانی ، یەکێکە لەوان، پێیوایە ئەرکێکی قورسی کورد ئەوەیە “زۆرترین وڵاتی دنیا بۆ دروستکردنی دەوڵەتەکەی بێنێتە سەر خەت”.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، دوا زانیاری لەبارەی هەنگاوەکانی گشتپرسی ئاشکرا دەکات، ئومێد سەباح دەڵێت، ئێستا خەریکی دیاریکردنی چوارچێوەیەکی سیاسین بۆ گشتپرسی.

کورد دەیەوێ ، بابەتی گشتپرسی تەنیا بە گوێی سیاسییەکانی دنیادا نەدا، ئەوانەشی کە کاریگەریان لەسەر بڕیار دروستکەرانی دنیا هەیە ، بۆی گرنگن ، ئیدی ئەوانە لە هەرکوێیەکی دنیا بن. 

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here