نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترن لەوەی جاران

0
13

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

رووداو-هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەلیکترۆنی ئەلمۆنیتەر رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لەوەی جاران. گوتیشی لە پاش گشتپرسی ماوەیەکی سەختمان تێپەڕاند، رەنگە یەکێک لە سەختترین ئەو ماوانە بووبێ کە لە ساڵی 1991ەوە پێیدا رۆیشتووین.

دەقی پرسیار و وەڵامەکان

ئەلمۆنیتەر: یەکەم پرسیارم ئەوەیە پاش ئەو قۆناغە ئاڵۆزەی لە ماوەی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017 و دوای گشتپرسییەکە هاتەئاراوە، پەیوەندییەکانتان لەگەڵ بەغدا چۆنە؟ ئایا توانیوتانە بەسەر ناکۆکییەکانی نێوانتاندا زاڵ بن و پەیوەندییەکی باشی کارا لەگەڵ حکومەتی بەغدا دابمەزرێنن؟ 

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان لە پاش گشتپرسی ماوەیەکی سەختمان تێپەڕاند، رەنگە یەکێک لە سەختترین ئەو ماوانە بووبێ کە لە ساڵی 1991ەوە پێیدا رۆیشتووین. بەڵام توانیمان هەندێک لە کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی پێشوو و حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوو چارەسەر بکەین، وەکو هەڵگرتنی ئابڵوقە لەسەر سنووری ئاسمانی خۆمان و کێشەی داخستنی فڕۆکەخانەکانمان. ئێمە دەرفەتی ئەوەشمان بۆ هاتەپێش کە لە هەڵبژاردنی نیشتمانیی عێراقدا بەشداریی بکەین، وەکو کوتلەی کوردیش سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێنا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕووی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق حیزبی ژمارە یەکین. ئاشکرایە کە ئەم ئەنجامە سەلماندی کە دۆخی سیاسیی کوردستان و بەشداریی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە عێراق هیشتاش گرنگە، بەتایبەتیش بە هەڵە دەرچوون کە پشتیان بەو گریمانەیە بەستبوو پارتی پەراوێز دەخرێ. ئاشکرایە کە پارتی وەک هێزێک ماوەتەوە کە دەبێ بە هەند وەربگیرێ. 

جیا لەمە، ئێمە لە پێکهێنانی حکومەت لە بەغداش بەشدار بووینە و لە حکومەتیشدا چالاکین. ئێمە ئامادەگی مامەڵەی دۆستانەشمان لە سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدیدا بینیوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سیستەمی عێراق لە یەک تاکە کەسدا کورت نابێتەوە، بەڵکو زۆر ئەکتەر و توخمی دیکەش هەن. بەڵام دەتوانم بە جیدی ئەوە بڵێم کە پەیوەندییەکانی ئێستامان لەگەڵ بەغدا زۆر باشترە لەوەی جاران هەمانبوو. 

ئەلمۆنیتەر: دەکرێ نموونەیەکم پێ بدەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ناخۆشیمان بینی و ساڵانێکی سەختمان بڕی، لە تونێلێکی قووڵ و درێژ و تاریکدا گیرمان خواردبوو. ئێستا لە کۆتایی تونێلەکەدا رووناکی دەبینین. ئێمە توانیومانە لەسەر بودجە سازشێک بکەین، رەنگە ئەمە ئەو ئەنجامە نەبێ کە ئێمە ئارەزوویمان دەکرد، بەڵام هەندێک تێگەیشتن لە نێوانماندا دروستبووە. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا پشکی 17٪ی بودجە وەردەگرن، وەک ئەوەی کە لە سەرەتادا لەسەری رێککەوتبوون؟

نێچیرڤان بارزانی: سەیر بکە، پرسی بودجە زۆر سیاسیکراوەتەوە و جۆرە بەربەستێکە بۆ سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی پابەند بێت بە 17% یان هەر سەتایەکی دیکە بۆ ئەو بابەتە. بۆیەش لەسەر شتێک دانوستاندنمان کرد کە بۆ هەردوولامان گونجاو بێ. ئێمە دەبێ پراگماتیک بین، ئەمە قۆناخی هێوربوونەوەیە لەگەڵ بەغدا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو کێشەکانمان چارەسەر بوون. ئەمە فورموڵەیەکی کاتییە کە رێگەمان پێدەدات کێشەی مووچەی خەرجنەکراوی فەرمانبەرانی پێ چارەسەر بکەین. بەلایەنی کەم کێشەی مووچە چارەسەرکرا. ئێمە یەک ساڵمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی باسی هەموو وردەکارییەکانی بودجە بکەین، پێش ئەوەی بودجەی نیشتمانیی بۆ ساڵی دارایی داهاتوو ئامادە بکرێ. دەمانەوێ خۆمان لە مشتومڕ دووربگرین. 

ئەلمۆنیتەر: مادام مووچە خەرجکراوە، کەواتە ئابووریش دەبێ بەرزبێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، سوپاس بۆ خوا ئابووری خەریکە باشتر دەبێ. کاتێک دەچیتە ناو شار یان بازاڕ هەست بەوە دەکەیت. هەندێک لە پرۆژەکانی ژێرخانیش کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون دەستیان بە کار کردووەتەوە. ئێمە قەرزداری زۆر کۆمپانیای کەرتی تایبەت و بانکەکانی کەرتی تایبەت بووین. دەستمان بە دانەوەی قەرزەکانیان کردووە، ئەمانە هەموویان هەواڵی خۆشن. ئێمە لەسەر پارەی گومرگیش لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین. حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکە پارەی گومرگ لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا هاوئاهەنگ دەکات. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە خاڵی سنووری پێشخابوور لەگەڵ تورکیاش دەگرێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، هەموو شوێنێک دەگرێتەوە. ئێمە هەموومان عێراقین و کێشەی سنووری چارەسەربووە. زۆر بازگە لە نێوان سنوورەکانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی حکومەتی ناوەندیدا هەبوون. ئێستا ئەوان ئەو بازگانەیان لاداوە و بە لادانی ئەو بازگانە رێگە بۆ بازرگانی خۆشدەکەن. 

ئەلمۆنیتەر: کاتێک باسی سنوورەکانی ناوچەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەی، ئەو ناوچانە لەدوای گشتپرسییەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. هێزە عێراقییەکان چوونە هەموو ناوچە جێناکۆکەکان، لەوانەش کەرکووک. دەکرێ باسی پێگەی ئێستای ناوچە جێناکۆکەکان بکەین؟ ئێستا چی؟

نیچیرڤان بارزانی: دەستەواژەکە زۆر روونە: ناوچەی جێناکۆک. ئەمەش واتە ئەو ناوچانە بە تەواوەتی هی ئەوان نییە. ئەوەیکە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە لەدەست کێ دایە ئەمە بابەتێکی دیکەیە. بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆڕێ کە ئەو ناوچانە وەک ناوچەی جێناکۆک دەمێننەوە. کاتێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی قسەم کرد، پێمگوت ئەگەر عێراقێکی سەقامگیرمان بوێ و بمانەوێ ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەین، ئەو دوو پرسە سەرەکییەی کە پێویستە چارەسەر بکرێن بریتین لە رێکخستنی دابەشکردنی داهات لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان. گومانی تێدا نییە کە کێشە دیکەش هەن، بەڵام یەکەمجار پێویستە تەرکیز بخەینە سەر ئەم کێشانە. 

ئەلمۆنیتەر: وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئایا ئەمە یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی ئێوە دەبێ؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان. من بەردەوام گەشتی بەغدا دەکەم و دوو هەفتە لەمەوبەر لەوێ بووم. 

ئەلمۆنیتەر: دەتوانین بڵێین ئێستا تۆ ئەو کەسەیت ئیدارەی ئەو پەیوەندییە دەکەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ بێگومان، وەک سەرۆکی هەرێم چارەسەری ئەو دوو پرسە لە سەرووی ئەولەوییەتەکانی منەوە دەبن. ئاماژەت بۆ کەرکووکیش کرد. ئەگەر رێککەوتنێکی دابەشکردنی داهاتمان هەبێ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دادپەروەری پشکی خۆی وەربگرێ، ئەوە خۆبەخۆیی ئەو بابەتەش رووندەبێتەوە کە کەرکووک بەشێک بێ لە کام لایەن. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا هێشتاش پێتوایە پێویستە مادەی 140ی دەستووی عێراق کە داوای گشتپرسیی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکات جێبەجێ بکرێ؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ بێگومان.

ئەلمۆنیتەر: ئایا سەرۆکوەزیرانی عێراق تێگەیشتنی هەیە بۆ ئەمە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەیربکە، هیچ سیاسییەکی دیکە نییە لە عێراق کە وەک مەهدی بە تەواوەتی لە پرسی کورد تێبگات و هەزمی بکات. 

ئەلمۆنیتەر: ئەو بۆ چی وایە؟

نێچیرڤان بارزانی: چونکە ئەو ساڵانێکی زۆر لەگەڵ ئێمە بووە. ئەو لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەگەڵ ئێمە بووە. 

ئەلمۆنیتەر: بەڵام تۆ گوتت، کە چەقی سیستەم لە عێراق پەیوەست نییە بە کەسایەتییەکانەوە، کە یەک سیستەم هەیە. 
وادەردەکەوێت ئێرانیش رۆڵێکی بەرچاوی لەم سیستەمەدا هەبێت، ئێران یاریزانێکی زۆر کاریگەرە لە عێراق، تۆش بۆچوونت وایە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەدڵنیاییەوە ئێران رۆڵێکی گرنگی لە عێراق هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران ناکرێت لە پەیوەندییەکی ئاسایی دووقۆڵیدا کورتبکرێتەوە. ئێران و عێراق سنوورێکی هاوبەشی درێژیان لەگەڵ یەکدا هەیە. پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە فرەڕەهەند و هەروەها ئاڵۆزن. پەیوەندییەکانیان دینامیکی ئایینی، کۆمەڵایەتی و بازرگانی هەیە. نزیکەی %45ی کارەبای عێراق لە ئێرانەوە دێت. ئاستی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق 11 ملیار دۆلارە.

ئەلمۆنیتەر: تۆ چی دەکەیت کاتێک سەرۆکی ئەمریکا پێتدەڵێت ئەم بازرگانییە رابگرە؟ ئەمە تۆ ناخاتە پێگەیەکی لاوازەوە؟ ئایە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی خۆی دادەڕێژێت یانیش لەم بارەوە لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر ئەم پرسە، رێککەوتنێکی هاوئاهەنگی باش لەگەڵ بەغدا هەیە. بەغدا دەڵێت دەبێت هەڵاوێردن بۆ چەند کاڵایەکی دیارکراو هەبێت، وەک نموونە لە بواری دابینکردنی کارەبا و هەروەها گازی سرووشتی کە ئەمانە لە ئێران دەکڕدرێن. شێوەی پارەدان بۆ ئەم خزمەتگوزارییانە دەبێت لە بری دۆلاری ئەمریکی بە دیناری عێراقی بێت. ئێرانیش لەسەر ئەمە رازیبووە، ئێمەش رەچاوی ئەم بڕیارە دەکەین کە لەلایەن بەغدا دراوەو پێیەوە پابەندین.

ئەلمۆنیتەر: کاردانەوەی ئەمریکییەکان چۆنە؟ کاردانەوەی ئەوان تا چ ئاستێک جێی بایەخە، بە پشبەستن بەو هەستە تاڵ و قووڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە تێنەگەیشتنی واشنتن بۆ پێویستی رێگریکردن لە جووڵەی هێزە عێراقییەکان بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان لە دوای گشتپرسی؟

نێچیرڤان بارزانی: هەموو پرسی پەیوەست بە جیاوازییەکانی ئێمە سەبارەت بە گشتپرسیی، ئێستا لە پشت خۆمانەوەیە. ناتوانین بەتەنیا لە یەک رووەوە سەیری ئەم پرسە بکەین، تەنیا لە رووانگەی خۆمانەوە. ئەوانیش لەبارەی هەڵوێستی خۆیان زۆر روونبوون، کە پشتیوانییان لە گشتپرسییەکە نەدەکرد. سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکاش، ئێمە لەگەڵ هەر بڕیارێکین کە لەنێوان واشنتن و بەغداوە دراوە.

ئەلمۆنیتەر: دراوسێ گەورەکەی دیکەتان، تورکیا، ئەوانیش زۆر بە تووندی لە دژی گشتپرسی بوون. پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەنقەرە چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر سەیری کاتی گشتپرسییەکە و هەروەها دوای گشتپرسییەکەش بکەیت، دەبینیت کۆمەڵێک شتی لەبەردەستبوو کە دەیتوانی لە دژێ ئێمەی بەکاریبێنێت، بەڵام ئێمە  زۆر سوپاسگوزارین کە ئەوان بەکاریان نەهێنا. ئەوان نە سنوورەکانیان بەسەر داخستین، نە ئەو بۆڕییەشیان داخست کە نەوتی ئێمەی بۆ تێرمیناڵەکانی تورکیا هەناردە دەکرد. ئێستا پەیوەندییەکانمان باشن و بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە دیووە.

ئەلمۆنیتەر: پێدەچێت تورکیا لێرە لەڕووی سەربازییەوە زۆر چالاکتربێت. بە هێرشی ئاسمانی هێرش دەکاتە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمەش وایکردووە کوژرانی مەدەنییەکانی لێبکەوێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش خۆپیشاندانێکی تووند لەلایەن خەڵکی لۆکاڵ لە دژی تورکیا ئەنجامدرا. پێدەچێت تۆ لەم نێوەندەدا لە هەڵوێستی نێوان پەکەکە و تورکیا گیرتخواردبێت. وەک سەرۆکی داهاتوو، خواستی ئەوەت هەیە پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە زیندوو بکەیتەوە؟

بارزانی: تەنیا وەک بیرخستنەوەیەک، من لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ساڵی رابردوو بەڕێووەچوو، ئامادەبووم. ئەمەش یەکەمین گەشتی من بوو لە دوای گشتپرسییەکە. من هەمیشە بە روونی و راشکاوی ئەوەم گوتووە، پەکەکە بیانوو بەدەستەوە دەدات بۆ دەستوەردانی تورکیا. ئێمە ناتوانین ئەوە قبوڵبکەین کە هەرێمی کوردستان بەکاربهێندرێت وەک ناوچەیەکی سەلامەت بۆ گرووپێکی لەم شێوەیە کە ئۆپەراسیۆن لە دژی هاوسێیەکانی ئێمە ئەنجامبدات. بۆیە دەبێت ئێمە بە نیگەرانییە شەرعییە ئەمنییەکانی تورکیا بزانین. هەرچەند ئەم کێشەیە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە. بەڵام ئەوە روونە کە چارەسەری سەربازی ناتوانێت چارەسەرێکی یەکجاری ئەم کێشەیە بکات. بۆیە دواجار، پێویستە گفتوگۆ هەبێت. لە رابردوودا ئێمە توانیمان قسە لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغان بکەین، هەم ئەو کاتە کە سەرۆکوەزیرانبوو، هەمیش ئێستا کە سەرۆکە، ئەمەش بۆ ئەوەی کەشوهەوایەک بڕەخسێنین کە هاوکاربێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ. هەروەها ئێمە لایەنەکەی دیکەشمان قەناعەت پێکردبوو کە ئەم ئاشتی و گفتوگۆیە تاکە رێگەی واقعی بەرەوپێشچوونە.

ئەلمۆنیتەر: ئێستاش ئەو بڕوایەت هەیە کە ئەم گفتوگۆیە، گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئەم گرووپە پەکەکە رووبدات؟ چونکە وادەردەکەوێت سەرۆک ئەردۆغان نەیەوێت کە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان یانیش لەگەڵ گرووپە کوردە ”ناتیرۆرستییە” کانی دیکە بکات. 

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر مەبەستت لەوەیە کە ئەم پرسە بەتەواوەتی چارەسەربکرێت، دەبێت ئەم گرووپەش بەشداری پێبکرێت.

ئەلمۆنیتەر: پێویستە سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بەشێک بێت لەم پرسە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەبێ پرسیارکردن، دەبێت ئەو یەکێک بێت لە دانوستاندنکارە سەرەکییەکان.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام لە هەمانکاتدا ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن، یانیش واپێدەچێت کە پەکەکە لە هاوبەشەکانیان لە سووریا، یەکینەکانی پاراستنی گەل، کوردی سووریا و هەروەها باڵی سیاسیان پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) جیابکاتەوە. ئەوان هەوڵدەدەن هەم ئەم گرووپە کوردییانەی سووریا لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل داببڕێن و هەمیش قەناعەت بە تورکیا بێنن کە دەتوانن لەگەڵ کوردەکانی سووریا بەخۆشی بەیەکەوە بژین، ئەمە واقیعییە؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموانییە، ئەو هێزە کوردییانەی کە ئێستا دەستیان بەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا گرتووە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ پەکەکە هەیە، هەموو رێنماییەکان و بڕیارەکان لەلایەن قەندیلەوە دەدرێن.

ئەلمۆنیتەر: گوێمان لێدەبێت کە ئەمریکییەکان ویستوویانە پاڵپشتیت بەدەستبهێنن لە جیاکردنەوەی یەپەگە لە قەندیل. ئەوە راستە؟ 

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر. بەڵام ئەمریکییەکان داوایان لێمان کردووە هانی ئەم گرووپانە بدەین بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ تورکیا. 

ئەلمۆنیتەر: ئامۆژگاریت بۆ کوردانی سووریا چیە؟ ئایا دەبێت لەگەڵ رژێمی سووریا گفتوگۆ بکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: باوەڕم بەوەیە کە پێویستە کوردانی سووریا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بدەن لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا. پێویستە ئەوان بەشداربن لە گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ رژێم. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا پێویستە ئەمریکییەکان پشتگوێ بخەن کە پێیان دەڵێن کاری وا نەکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە بابەتی پشتگوێخستنی ئەمریکییەکان نییە. ئەمریکییەکان گوتیان بوونیان لە سووریا پەیوەندیی بە تێکشکاندنی داعشەوە هەیە. ئەوە ئامانجی بنەڕەتیی دەستوەردانیان بوو. راستییەکە ئەوەیە کە رژێم هێشتا ماوە و پێویستە کوردانی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ رژێم بکەن لەپێناو بە دەستهێنانی کۆمەڵێک مافی دیاریکراو. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا سەرۆک بەشار ئەسەد ئامادەیە هیچ مافێکیان پێ بدات؟ سەرکردەکانی پەیەدە و یەپەگە کە من قسەم لەگەڵ کردوون، دەڵێن نەخێر. 

نێچیرڤان بارزانی: ئێستا رژێم هەست دەکات کە ئەو دەستی باڵای هەیە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هێشتا ناسەقامگیریی زۆر لە سووریا هەیە. کاتێک کە حکومەت سەروەریی بەسەر هەموو سووریادا بەدەستهێنایەوە، ئەوکات سەقامگیریی زیاتر دەبێت و رژێم ئەوەندە هەست بە متمانەبەخۆبوون دەکات کە مافی کوردان بدات. پێویستە رژێم مامەڵە لەگەڵ ئەو راستییەدا بکات کە کورد لەوێن، کە ئەوان هەن و دەسەڵاتیان هەیە، کۆنترۆڵیان بەسەر ناوچەکانیان هەیە و پێویستە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ کورد. 

ئەلمۆنیتەر: بەگوێرەی ئەو ئاستە لە بێمتمانەییە کە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، کێ دەتوانێت گەرەنتیکەری هەر رێککەوتنێکی نێوان کوردەکان و رژێم بێت؟ هیچ رۆڵێک دەبێت کە ئێوە بیگێڕن؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئێمە تا رادەیەکی کەمتر، ئێمە ئامادەین بۆ هەنگاونان لەکاتی پێویستدا. بەڵام ئەم رۆڵە دەتوانرێت بگێڕدرێت تەنانەت بە شێوەیەکی زۆر کاریگەرتر لەلایەن رووسەکانەوە. ئەوە بۆ هەموومان گرنگە کە دراوسێیەکی سەقامگیری وەک سووریامان هەبێت، بەڵام ئەوە بەتایبەت گرنگە بۆ رووسیا. ئەوان لە سەر ئەم خاڵە زۆر روونن. ستراتیژیی ئەوان بەرەو سووریایەکی سەقامگیرە. ئەوان دەتوانن یاریکەری سەرەکی بن لە دانوستاندنەکانی چارەسەریی لەنێوان کورد و رژێم. 

ئەلمۆنیتەر: رووسەکان دەبنە یاریکەری زۆر کاریگەر لێرە، لە کوردستانی عێراق، هەروەها رۆزنەفت کە پشکی زۆری بۆری نەوت بۆ تورکیا دەکڕێت. 

نێچیرڤان بارزانی: لەڕووی ئابوورییەوە، ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ رووسەکان هەیە و ئەوان بەبڕە پارەیەکی بەرچاو وەبەرهێنانیان لێرە کردووە و ئەوان لەوە بەردەوام دەبن، باشە؟ ئێمە لە پرۆسەی فراوانکردنی پەیوەندییەکانداین. 

ئەلمۆنیتەر: ئەمریکییەکانیش نیگەران نین؟

نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ رووسیا لەکەرتی تایبەتدان. ئەوان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان و ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئێمەیە. 

ئەلمۆنیتەر: بگەڕێینەوە بۆ سووریا، هەندێک بەرپرسی کورد کە من قسەم لەگەڵدا کردن لە سووریا هاوڕابوون لەگەڵت، دەڵێن پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ئەمریکییەکان بەسوود بووە، بەڵام ئەوە، لەم کاتەدا، قازانجەکان وردە وردە دەکەونە ژێر قورسایی زیانەکان.

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، کێشەکە لەو راستییەوە سەریهەڵداوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچکات روون نەبووە سەبارەت بە ستراتیژ و سیاسەتی لە سووریا. لەبەر ئەمەشە کوردەکان لەوانەیە زۆر چاوەڕێ نەکەن و ئامادەیی ئەمریکی دەناسن بەو شێوەیەی کە هەیە کە ئامادەبوونێکی کاتییە. 

ئەلمۆنیتەر: ترسەکە، هەرچۆنێک بێت، ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکییەکان کشانەوە، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی لە دژی یەپەگە لە سووریا ئەنجام دەدات. ئەمە لەوانەیە کاریگەریی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەبێت، بە شەپۆلێکی نوێ لە کۆچبەرانی کوردی سووریا کە لە هێزە تورکییەکان هەڵبێن. 

نێچیرڤان بارزانی: نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا رەوان و پێویستە بە جیدی وەر بگیرێن. بەڵام بوون و ئامادەییەکی زۆری سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکات. پێموایە برا کوردەکانمان لە سووریا بەشێوەیەکی نەرێنی بەرامبەر بە تورکیا مامەڵەیان کردووە. ئەگەر سەیرێکی باکگراوەندەکە بکەیت، سەرەتا، سیاسەتی تورکیا دژە کورد نەبوو لە سووریا. نیگەرانیی ئەوان سەبارەت بە پەکەکە بوو و بەداخەوەش برا کوردەکانمان لە سووریا دوودڵ نەبوون لە ئیستیفزازکردنی تورکیا لەسەر ئەم بابەتە دیاریکراوە. تورکەکان ئامادەبوون بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری لەگەڵ پەیەدە، بەڵام بەو تەنیا مەرجەی کە ئەوان ئاڵای پەکەکە لاببەن، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ 2014. لەگەڵ ئەمەشدا، تەنانەت ئێمە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ پەیەدە و ساڵح موسلیم نەبوو، تورکەکان، پێشنیازی نێوەندگرییان لەنێوان ئێمە و پەیەدەدا کرد بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانمان. منیش پێم گوتن من ناتوانم بەشداربم لە وەها کۆبوونەوەیەکدا و لە بری ئەوە فوئاد حوسێن دەنێرم. لە وەڵامدا ئەوان دژ بوون و تورکەکانیان زۆر ئیستیفزاز کرد. بۆ تورکیا ئەوە بابەتی ئاسایشی نیشتمانییەتی و ئەوان چۆن دەتوانن لێگەڕێن نزیکەی هەموو سنوورەکەیان کۆنترۆڵ کرابێت لەلایەن پەکەکەوە؟ پێویستە گوێ لە هەر دوو لایەنەکە بگرین. 

ئەلمۆنیتەر: لە کۆتاییدا، ئێمە کەی حکومەتی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەبینین؟ چی ئەمەی تاوەکو ئێستا هێشتووەتەوە؟ 

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە گفتوگۆی چڕداین لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لە هەمان کاتیشدا لەگەڵ گۆڕان لە دانوستاندنداین. بەڵام مردنی جەلال تاڵەبانی شتەکانی لەناو یەکێتی ئاڵۆز کردووە. ئێستا زۆر گرووپی جیاواز لە ناو یەکێتی هەن و پێویستە ئێمە لەگەڵ هەموویان دانوستاندن بکەین و ئەمەش کێشەیەکی روونە. بەڵام ئێمە رێککەوتووین لەسەر چوارچێوەیەک بۆ چۆنیەتی پێکەوە کارکردن. شەڕەکە ئێستا لەناو یەکێتیدایە لەسەر ئەوەی کێ چ پۆستێک وەردەگرێت. ئەوان هەستدەکەن پارتی زۆری بە گۆڕان بەخشیوە و ئەوان شایستەی زیاترن. بەدڵنیاییەوە یەکێتی وەک هاوبەشێک دەمێنێتەوە و ئێمە زۆر بەمتمانەین کە بە زوویی حکومەتێک پێکدێنین. 

ئەلمۆنیتەر: ئایا دەتوانین بڵێین کە لەکۆتاییدا، مامت، مەسعود بارزانی وەک کەسی یەکەم دەمێنێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە! ئەو ئەو کەسەیە کە ناتوانرێت لە گۆڕەپانەکە دوور بخرێتەوە!

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here