نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەرکووک بە گونجاو نازانێت

0
292

شاندێکی یۆنامی سەردانی کەرکووکی کرد

رووداو – کەرکووک

شاندێکی لقی عێراقی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) سەردانی کەرکووکی کرد و لەگەڵ هەر سێ پێکهاتەی شارەکە کۆبووەوە. شاندەکەی یۆنامی لە کەرکووک پێچەوانەی پێشبنییەکان، ئێستا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بە گونجاو نازانن.

هەریەک لە پێکهاتەکانی کەرکووک لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندەکە گلەییەکانیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، تورکمان ئیدارەی شارەکە بە کەمتەرخەم دەزانن و عەرەبیش دەڵێن، ناکرێ جارێ هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.

لەبارەی هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر رووداوەکانی کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت “گلەییمان زۆرە، جاری واهەیە دەکەونە ژێر فشاری چەند گرووپ و کوتلەی سیاسیی، کە هەڵگری ئەجێندای نێودەوڵەتین و گوێیان لێ دەگرن، کەچی هێندەی ئەوە گوێ لەخەڵکی شاری کەرکووک و کوردستان ناگرن، تابزانن ئامانجەکانیان چییە”.

مانیۆچ ماسیۆ، نوێنەری یۆنامی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ فراکسیۆنی برایەتی، لەگەڵ تورکمانەکانیش کۆبووەوە. تورکمان هەر زوو، کوردیان بە لایەنگر و کەمتەرخەم ناوبرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، داوای پێدانی تایبەتمەندیان بۆ کەرکووک کرد.

عەلی مەهدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی تورکمانی دەڵێت “نە پارێزگار و نە ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەنین گوێ لە کێشەکانمان بگرن، بۆیە ناچارین بیدەینە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمە کێشەمان زۆرە، لەوانە پێنەدانەوەی پۆستەکانمان و داگیرکردنی زەوی و زارمان، بەڵام گرنگترین شت لای ئێمە دەرکردنی یاسایەکە بۆ هەڵبژاردنی کەرکووک”.

بەهۆی زۆرینەبوونی کورد لە کەرکووک، پێکهاتەی عەرەبیش لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، بەڵام تاکو حەویجە کۆنترۆڵنەکرێتەوە، پشتگیری پرۆژەکەی تورکمان ناکات.

راکان سەعید، جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ رووداو دەڵێت “لەڕاستیدا کاری زۆر لەپێشتر هەیە وەک لەهەڵبژاردن، گرنگترین کار لای ئێمە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانمانە. بەبڕوای ئێمە پێویستە له پەرلەمان بابەتی هەڵبژاردن یەکلایی بکرێتەوە، لەوانەیە نوێنەرەکانمان لەپەرلەمان بەرپرسانەتر بتوانن قسەی لەسەر بکەن”.

زۆربەی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لەو شوێنانە دەگرن کە هەڵبژاردن تێیاندا بەڕێوەناچێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە کەرکووک، کورد 12 ساڵە رەخنە لە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن دەگرێت و یۆنامی و وڵاتانی باڵادەستیش لە عێراق کاتەکەی بە گونجاو نازانن.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here