نەجمەدین کەریم: ئامانجی هێرشەکەی داعش بۆ کەرکووک هێزی ئەمریکا بوو

0
174

راوێژکارە ئەمریکییەکان زیاتر لە ساڵێکە لەنێو سەربازگەی کەیوانن

رووداو – کەرکووک 

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، هێرشی داعش بۆ سەر سەربازگەی کەیوان تەنیا بۆ سەر پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیان هێزی ئەمەریکا بووە، کە لە سەربازگەی کەیوان جێگیرن.

بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە دەوروبەری سەربازگەی کەیوان تەلبەندە، بەڵام لە شوێنێکدا سیمەکە بڕاوە و پێدەچێت پێنج خۆکوژەکەی داعش لەوێوە دەربازبووبن بۆ هێرشکردنە سەر سەربازگەکە، بەڵام سێ چەکداریان کوژران و دوو دانەکەی دیکەش خۆیان تەقاندەوە. 

راوێژکارە ئەمریکییەکان زیاتر لە ساڵێکە لەنێو سەربازگەی کەیوانن، بۆیە پێشمەرگە و ئەمریکییەکان دەستییان بەلێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەسەر هێرشەکەی داعش بۆ سەر ئەو بازگەیە.

نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند “بەشێک لەم ئۆپەراسیۆنەی تیرۆریستەکان کردییان ئامانجیان ئەمریکییەکان بوو، خۆشیان دەزانن بەو شێوەیەیە و داعشیش رایگەیاندووە، بۆیە تاوەکو زیاتر هاوکاری پێشمەرگە بکرێ خزمەتی هەموو جیهان دەکات”.

پێشمەرگەش لە سەنگەرەکان چاوکراوەترن، هەموو ئەو بۆشاییانە پڕدەکەنەوە کە جێی گومانیان بووە بۆ دزەپێکردنی داعش، لەماوەی دوو مانگی رابردوو زیاتر لە جارێک لەنزیک سەنگەرەکانی خۆیانەوە ئەو هەوڵانەیان شکست پێهێناوە.

عەمید رێبوار عەلی، فەرماندەی لیوای یەکی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “داعش بەدڵنیاییەوە توانای ئەوەی نەماوە سەنگەر بگرێ، ئەمە وایکردووە داعش بیر لەوە بکاتەوە پەنا بۆ رێگای دیکە ببات بەتایبەت ئەو فشارە زۆرەی لەسەرییانە لە موسڵ”.

هاتنی ئاوارەکانی حەویجە زۆربەی کات یەکێک بووە لەو رێگایانەی داعش چەکدارەکانی خۆیانیان لێیەوە رەوانەی کەرکووک کردووە، بۆیە هێزە ئەمنییەکانیش رێوشوێنی تووندتریان گرتۆتەبەر.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “شتێک کە بۆ ئەوان زۆر ئاسانە و بۆ ئێمە قورسە، هەمیشە گوتومانە بەناسنامەیەکی ساختە دەتوانن بەئاسانی لەگەڵ ئاوارەکان داخڵ بن، بێتە کەمپەکان و دوایی خۆیان رێکبخەنەوە بیانەوێ کاری تیرۆریستی بکەن”.

لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ زیاتر لە 10 جار چەکدارانی داعش بەچاندنی بۆمب و خۆکوژ هێرشییان کردووەتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە نەوتییەکان، ئەو گومان لێکراوانەی لەدوای هێرشەکان دەستگیرکرابوون زۆربەیان خەڵکی ئەو گوندانەن کە دەکەونە باشوور و رۆژئاوای کەرکووک.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here