نەجمەدین کەریم: ریفراندۆم لە کەرکووک دەکرێت

0
285

پارێزگاری کەرکووک بە ئەرکی بەغدای دەزانێت پەلە بکات لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە

رووداو – کەرکووک

پارێزگاری کەرکووک بە ئەرکی بەغدای دەزانێت پەلە بکات لە دەستپێکردنی  ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە. لەبارەی گشتپرسیش دڵنیایی دەدات ریفراندۆم لە کەرکووک دەکرێت.

دوای بەشداریکردنی لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێک بە بۆنەی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤیدا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی لەبارەی دواخستنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە و گشتپرسی لە شاری کەرکووک دایەوە.

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی حەویجە تاوەکو زیاتر دوابخرێت، زەرەری زۆرتری هەیە. جیا لەوەش لەڕووی ئەمنییەوە هەمیشە مەترسییە بۆ سەر کەرکووک.

نەجمەدین کەریم دەڵێت “خەڵکێکی زۆر ئاوارەیە، ئاوارەکان باری ژیانیان زۆر قورسە، خەڵکێکی زۆر بە دەست چەکدارەکانی داعش ئەشکەنجە دەدرێت و دەکوژرێت، بۆیە ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵە بە زووترین کات پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەستپێبکات”.

پارێزگاری کەرکووک دەشڵێت، بیانوی بەغدا بۆ  دەستپێنەکردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجە، شەڕی موسڵ بوو، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە هێشتا دوابخرێت، چونکە ئەوان بە ئاشکرا گوتوویانە تاوەکو موسڵ تەواو نەبێت، ئۆپەراسیۆنی حەویجە دەستپێناکات. گوتیشی “ئێستاش شتێکی تازە پەیدابووە، دەڵێن لە رۆژئاوای عێراق لە ناوچەکانی ئەنبار سنووری عێراق و ئوردن پاکبکرێتەوە، ئایا ئەمە واتای ئەوە دەگەیێنێت حەویجە دوای ئەوەش دەبێت یان لەگەڵ ئەوەیان دەبێت، ئێمە نازانین”.

سەبارەت بە گشتپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی، نەجمەدین کەریم گوتی “بە بڕوای من ریفراندۆم دەکرێت، دەبێت بکرێت. دەبێت ئەنجامەکەشی خەڵک بیزانێت، بۆیە بەشداری لە ریفراندۆم دەکات بۆ ئەوەی هەموو دونیا بزانێت میللەتی ئێمە لە باشووری کوردستان چی دەوێت، کە سەربەخۆیی رانەگەیێندرێ واتە هیچ سوودێک لە ریفراندۆمەکە نابینێت”.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here